دەرباره‌ی: پێکهاتنی سیاسی

Kurd24

بەگوێرەی ناوەڕۆکی رۆژنامەکانی کوردی و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا ئێستا زۆر کەس لە کوردستان لە پێکهاتنی سیاسی نەگەیشتوون و ئەو دانیشتنانەی لەلایەن سەرکردایەتی کورد لە شوێنی جیا جیا ئەنجام دەدرێ، بەزیادەی لەقەڵەم دەدەن و لەوەش خراپتر، زۆر کەس بە دەستێوەردانی حزب، لە کاروباری حکومەت و پەرلەمان لەقەڵەمی دەدەن.

لە ساڵی 2014 گوتارێکم بەناوی (دەربارەی: دیموکراتی و دیموکراتییەت لە کوردستان) بڵاوکردەوە، بۆ ئەم نووسینەم کۆپلەیەک دووبارە وەک خۆی دەنووسمەوە:

(لە سیستێمی دێمۆکراتییەت، گرنگە جۆرێک لە جۆرەکانی بەڕێوەبردنی وڵات هەبێ، تا لە کۆتایی بزاندرێ، چ کەسێک مافی یەکلاکردنەوەی پرسیارە ئاڵۆز یان بۆچوونە گرنگەکانی هەیە. با ئەم بیر و بۆچوونانە لەناو جەماوەریش سەروچاوەیان هەڵگرتبێ، یان لەلایەن نوێنەرایانەوە گەڵاڵە کرابێ، چونکە قەت ناتواندرێ، تەواوی پێشنیاز و داخوازییەکانی کۆمەڵ جێبەجێ بکرێن، بۆیەش لە سیستێمی دیموکراتی، فۆرمێک هەیە، کە ڕای زۆرینە بەهەند وەردەگیرێ و دەکرێتە بڕیار. لێڕە زۆرینە لە زۆربەی کات، دەکاتە یەک دەنگ زیاتر لە نیوەی دەنگدەران، لەگەڵ ئەوەش، لەناو سیستێمی دیموکراتی، پێکهاتن (ئیتیفاق) بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان پێویستە و هەیە و گرنگە، کاری پێدەکرێ و بایەخی زۆریشی پێدەدرێ.).

وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتووی جیهان، بەوشێوەی سەرەوە پێکدێن و سیاسەت دەکەن، لەکاتێکدا، شەڕ لە وڵاتەکەیان نییە، کێشەی ئابوورییان نییە، کێشەی ئاو و کارەبایان نییە، خەڵک کاردەکات و لەکاتی خۆی مووچە وەردەگرێت، ئینجا پێکهاتن وەک باشترین کلیلی چارەسەر بۆ کێشەکانیان هانای وەبەردەبەن.

وێدەچێ، جەماوەری کوردستان لەبەر تێنوێتی و تامەزرۆی زۆری بۆ ئاشتی و دیموکراتی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، لەبیریان کردبی، کە ئەوان لە وڵاتێک دەژین، گەورەترین شەڕی گەورەی جیهان، شەڕی داعش بەرۆکیانی گرتووە و ئەگەر کورد خاوەنی پێشمەرگە نەبووایە، داهاتووی لە موسڵ باشتر نەدەبوو، بەتایبەتیش، لەوکاتەی ئێمە ئەو هەقیقەتە دەزانین، کە گرووپه‌ ئیسلامییە توندڕەوەکان، کورد وەک میللەتێکی کافر و بێدین و ڕێگر لە تەشەنەکردنی بیری توندڕەوی سەیر دەکەن و قەت کورد بە گەلێكی موسڵمان دانانێن و کوشتن و لەناوبردنی دەمێکە حەڵال کرایە...

دواتر، لە هەر وڵاتێک شەڕ هەبی، هەڕەشەی دەرەکی و ناوەکی لەسەربی، یاسای تایبەت، یاسای عەسکەری پەیڕەو دەکرێ. لەبەر ئەو کەشوهەوا نائارامەی دەمێکە بەرۆکی کوردستانی گرتووە، زیاتر پێویستمان بە دانیشتن و پێکهاتن لەسەر هەموو پرسە گچکە و گەورەکان هەیە. ئەو دانیشتنانە لەنێوان حزب و سەرکردایەتی کورد و بزوتنەوە و ڕێکخراوەکان، هیچ خیانەت نین، هیچ کاتبەسەربردن نین، فێڵکردن لە جەماوەرنین و زیادەش نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ، دەکاتە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە میللەت، دروسکردنی ئومێد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. دەبی ئەو هەقیقەتە بزانین، دوای گەورەترین شەڕ، بۆ پێکهاتن دەبی لایەنەکان بەیەکەوە دابنیشن و شوێنی دانیشتنیش قەت نابی بکرێتە بابەتی رۆژنامەکان، بەلكو ئامانج و ئەنجام و ناوەڕۆکی پێکهاتن و دانیشتنەکان دەبی بایەخیان پێبدرێت و لەسەریان بنووسرێت و بۆ هاوڵاتییان زیاتر ڕوونبکرێتەوە.

ئەگەر باس لە دانیشتنی ٧ی حوزەیران بکەین، ڕاستە زۆرینەی خەڵک بە گەرمی پێشوازی لێکرد، چونکە دەیانەوێ رێفێراندۆم بکرێ. لێرە هەر پێکهاتن لەسەر رێفێراندۆم و دەستنیشانکردنی ٢٥ی ئەیلول نییە، بەڵکو زیاترە و گەورەترە، چونکە هەر لەو سێ مانگەی داهاتوو هەموو حزبەکانی بەشداربوو، دۆستانە و برایانە کار بۆ یەک پرس دەکەن، یەک هەڵبژاردن لێكیان نزیک دەکاتەوە، کە بەیەکەوە دەکاتە ئەوەی، لە سێ مانگی داهاتوو لە دەزگاکانی راگەیاندن هێڕش ناکەنە سەر یەکتر، خەڵک بۆناو داهاتووێكی نادیار ڕاناکێشن، جگە لەوەی ئومێدێکی گەورەش دەبەخشن.

یەک پرسیار بەرزدەبێتەوە، کە بۆ جەماوەرێکی زۆر باش ڕووننییە و لەوبروایەدان، دەبی کۆمەڵێک هەڵبژاردن لەیەک کات و لەهەمان رۆژ ئەنجام بدرێ.

لێرە دەبی ئەوەش بنووسین، کە ڕێفێراندۆم راستەوخۆ پەیوەندی بە دیموکراتییەتەوە هەیە، بۆیە لەو وڵاتانەی هیچ ئازادیێک نییە، قەت چاوەڕێی رێفێراندۆم ناکرێ، قەت چاوەڕێی دەنگ و رای جەماوەر ناکرێ. سەرکردەکانی وڵاتانی دیکتاتۆر، هەر یاسایەک بیانەوێ دیڕوێنن، هەر کاغەزێك بیانەوێ ئیمزای بکەن، بێترس ئیمزای دەکەن و کەس هەرپێشی نازانی، چونکە ڕێگای پێنادرێ لە ڕاگەیاندن باسی لێوەبکرێ، ڕێگا نادرێ خەڵک رای هەبێ.

لە کوردستان ڕۆژی 25ی ئەیلول بۆ ڕێفێرێندۆم داندرایە، ئەوە جێگای خۆشییە، بەهەند وەرگرتنی ڕای جەماوەرە، بایەخدانە بە دیموکراتییەت و لەراستیدا، ریسک و مەترسیێکی گەورەشە، بۆ سەرکردایەتی کورد، چونکە جارێ نازانن: ئایا خەڵک بە بەڵێ دەنگ دەدا یان بەنەخێر دەنگ دەدا؟ بەتایبەتیش، کە دەزانین حکومەت پارەیەکی زۆری فەرمانبەران قەرزارە و ناتوانی مووچەی تەواویان بۆ دابین بکا.