ئایا گرنگی زمانی کوردی یان زمانە خۆجێیەکان کەمترە لە زمانە جیهانییەکان؟

Kurd24

 زمان رێگەیەکە بۆ پەیوەندی کردن و لەیەکتری تێگەیشتن. بەلایەنی کەم ئەمە یەکێکە لە پێناسە بەربڵاوەکانی زمان، بەڵام دەکرێت ئەمە پێناسەیەکی گشتگر بێت بۆ زمان و لە روانگەیەکی زمانەوانی بێت. هەرچۆنێک بێت ناکرێت لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا گرنگی و پێویستی زمان یان زمانێکی گشتی و جیهانی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری لەبەرچاو نەگیردرێت.

سەرەرای ئەمەش، ناکرێت زمانی کۆمەڵگەی بچووکتر، یان بچووک، بە کەمتر یان بێ بایەختر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، چونکە ئەوەی لە کۆمەڵگە بچووکەکان یانیش هەرێمەکان پەیوەندییەکان پتەوتر دەکات، بریتییە لە زمانی هاوبەش بە گشتی و زمانە هاوبەشەکانیش لە کۆمەڵگە بچووکە تایبەتەکاندا. چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە لە خۆمان و لە حکومەتی هەرێمی بپرسین.

 ئایا چ پلانێک بۆ لێکنزیکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە بچوکەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی هەیە؟

ئایا پەرەپێدان بە زمانێکی جیهانی وەک جێگرەوە بۆ زمانی کوردی یان زمانەکانی تر، چ بە پلان یان بێ پلان بێت، دەرهاویشتەی خراپی دەبێت، یان نا؟

 دەبێت ئەو زمانە تایبەتە کامە زمان بێت و چۆن هەڵببژێردرێت یان دروست بێت؟

 ئایا پاساوی ئەو کەسانە چییە کە بۆ نمونە زمانی ئینگلیزی بەسەر زمانی ناوچەیی؛ کوردی و زمانەکانی تر زاڵ دەکەن؟

 ئەوەی پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە و زیاتر تایبەتە بە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێناچێت پرۆژەو پلان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی هەبێت. دڵنیام ئەگەر لەبەر هۆکاری کەسی نەبێت، کەس دڵی بە دۆخی زمانی کوردی خۆش نییە لە کوردستان. ماوە ماوە ناوەندی خوێندنی تایبەت یان بەناو بیانی دەکرێنەوە و تەواوی پەیڕەوی خوێندنیان بە زمانی ئینگلیزی یان زمانێکی تری بیانییە، مەگەر بۆ دەرمان کوردی تێدابێت. بوونی بابەتی تری هاوبەشیش، مێژوو یان جوگرافیا ئابوری، هتد... تەنها بەمەبەستی زانستییە نەک زمانەوانی. ئەمە بێجگە لەو راستییە کە کۆمەڵگەی کوردستانی هەموو هیوایەکی بۆتە قەدبڕی و کورتبڕی. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە، چونکە ژینگەی ئەو قوتابخانانە جەخت لە کۆمەڵگەی کوردستانی ناکانەوە و لە قوتابخانەکانی تریش ناچن، زمانی کوردیش رۆژ بە رۆژ لەو قوتابخانانە لاوازتر دەبێت، هەتا زانکۆکانیشی گرتۆتەووە. بێجگە لەمەش، پەیوەندی نێوان مامۆستایان و قوتابیانیش خۆیان زیاتر بەو زمانە بیانیانەیە، نەک کوردی. هاوکات کاریگەری زمان و کەلتور و بیرکردنەوەی رۆژئاوایی یان رۆژهەڵاتی، یاخود هی وڵاتێکی دیاریکراو، زۆر زیاترە. مەبەستم گشتگرکردن نییە، بەڵام لێرە نەک تەنها ئەو تاکانە لە کۆمەڵگە دادەبڕێندرێن، بەڵکو کێشەش دەنێنەوە و بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و چینایەتیش دروست دەکەن. شاراوە نییە، کە پەیوەندی نێوان وڵاتەکانی ناوچەکەش نە لەگەڵ کوردستان و نە لەناوخۆشیان پەیوەندیەکی وەها باش هەیە.

دواجار ئەو ناباشییە دەگوازرێتەوە و دەبێتە دووئەوەندە ناباشی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری. ئەوەی پەیوەندی بە زمان و یان شیوە-زمانی گشتی کۆمەڵگەوە هەیە مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت. کۆمەڵگە و شارەزایانیش بەتایبەت، زۆر ناکۆکن و بە سیاسی یان ناوچەیی بیر دەکرێتەوە، نەک "گشتی". هەن پێیان وایە هەڵبژاردنی زمانێکی دیکە لە جیاتی کوردی چارەسەرە، هەشیانە زمانی کوردی بە ئاڵۆز و فرە-شێوەزار لەقەڵەم دەدەن ئەوە بە دەوڵەمەندی زمانەکە نابینن! ئەوەی گرنگە رۆڵی نووسین و پەروەردە و میدیایە، چونکە میدیا بە خوێندراو و بیستراو و بیندراو زۆرترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە.

 دەکرێت ئەمە ئەم وتارەی من بێت، هەواڵێکی سیاسی یان شانۆیەک بێت. کاریگەری راگەیاندن لەسەر کۆمەڵگە زۆر زیاترە، چونکە لەتەک لاوازبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، میدیای جیاواز بە شێوەزاری جیاواز و سیاسەتی جیاواز کار دەکەن؛ هۆکارەکانیش پەیوەندی راستەوخۆیان بە کورد خۆیەوەیەتی؛ نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئامانجێکی یەکگرتوو دۆخەکەی وێرانتر کردووە. بەکورتی، زمان دەکرێت و وا دەوەڵەمەندە شێوەزاری زۆری هەبێت و پێویستیش ناکات شێوەزارێک بەسەر یەکێکی تر یان هی ناوچەیەک بەسەر هی ناوچەیەکی تر زاڵ بکرێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، میدیا بتوانێت بەلایەنی کەم بە شێوەزارە سەرەکییەکان بەرهەمی هەبێت و پێشکەش بەکۆمەڵگەی بکات. دیاردەیەکی تر هەیە من بە نەرێنی و ناسروشتی دەزانم. ئەوەیش زاڵکردنی، بۆ نمونە، زمانی ئینگلیزییە بەسەر زمانی کوردی. ئەمە بۆ زاڵکردنی زمانەکانی تریش راستە.

 لە پیشەنگەیەکی کتێب، لە هەولێر، لەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێیەکم بەدوای هەندێ سەرچاوەی وێژەی پۆست-کۆڵؤنیاڵ دەگەڕام، ٢ کەسی بیانیم بینی و باسی پەرتووکە تازەکانمان کرد. لەناکاو منداڵێک، کە قوتابی ناوەندی بوو، لێم نزیک بوویەوە و بە ئینگلیزی لێمی پرسی "چی جۆرە چیڕۆکێک بخوێنمەووە؟ ئینگیزی؟" منیش لێم پرسی ئەگەر کوردی تێبگات، بۆم دەرکەوت کە کوردی تێدەگات بەڵام زمانی قسەپێکردنی لاوازە. ئەو منداڵە لە ناوەندێکی بیانی ئینگلیزی-زمان دەیخوێند. لەو لاشەوە، کەسێکی رۆژئاوایی دەقەکانی هەندێ نووسەری بەریتانی بۆ دەستنیشان دەکرد، کە نووسەری سەردەمی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم بوون. هەڵبەتە ئەم دیاردەیە لە چینی سەرەوە زیاترە. لە لایەکی تریشەوە،خەڵکی تر سەرچاوەی عەرەبی ئایینی "رەواج" ی زۆر بوو، کە خوا دەزانێت چییان هەڵگرتووە! هەرچۆنێک بێت، ئەوەی پەیوەندی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناوەندی فێرکاری بیانی و تایبەتەوە هەیە ئەوەیە، کە بەپلان دەکرێت و پێناچێت پلانداڕیژەرانی ئەم "پلانە" زۆر ئاگایان لە کۆمەڵگە هەژار و کێشەدارەکەی خۆمان بێت. کوردستان پڕیەتی لە قوتابخانەی سەرسنووری، کە یەک مامۆستا هەموو وانەکان دەڵێتەوە رۆڵی فەیلەسوفێکی یۆنانی دەگێڕێت؛ کوردستان پڕیەتی لەو کێشەی پەروەردەیی و کۆمەڵایتی و ئابورییانە.

 بێجگە لەمەش، هەمووان توانای خوێندنی تایبەتیان نییە و قوتابیانیش ئەو پەروەردەیە وەرناگرن کە پێویستیانە. بۆیە، بۆ دەبێت ماڵی خۆمان وێران کەین و کۆمەڵگە بەرەوە دووبەرەکی زیاتر و یەکتر ەتکردنەووە بەرین!؟ وێڕای ئەوەش، ئەو گۆڕانە لەناکاو و رادیکاڵە، زۆر مەترسیدارە و تاک و کۆمەڵگەش تونای وەرگرتنی نییە. ئەوانی سواری ئەم شەپۆلە بوون پاساوی خۆیان هەیە: هەیانە پێی وایە پێویستە زانستەکان و وێژە و هونەر هتد... بە زمانەکانی خۆیان بخوێندرێت، زیاتر ئینگلیزی بە نمونە دەهێننەوە، کە راستییەکی تێدایە. بەڵام ئەمە تەنها بە زاڵکردنی زمانی ئینگلیزی یان گۆڕینی سەرلەبەری پەیڕەوی پەروەردەو خوێندن بە ئینگلیزی ناکرێت؛ دەکرێت پەرە بدرێت بە زمانی ئینگلیزی و تورکی و فارسی و عەرەبی و هیندی هتد لەتەک زمانی فەرمی... دواجار سیستەمەکە بۆ ئینگلیز و کۆمەڵگەی ئیگلیززمان داناندرێت، سەدان ساڵە رێگری لە خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایک لە گەلی کورد دەکرێت. ئایا بە بەئینگلیزیکردن و بە بەعەرەبکردن چ جیاوازیێکیان هەیە!؟ ئەی رۆڵی وەرگێڕان؟! چی دەربارەی رۆڵی وێژە و زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی؟ لە گۆڤاری تایمزیش لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بڵاوکراوەتەووە، کە ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی کەمتر لە ١٠٠ ساڵی داهاتوو زمانی کوردی لەتەک زمانی نەتەوە ژێردەستەکانی تر لەناودەچن، نە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆش ئەمە خێراتر دەکات. بە کورتی، ئەو کەس و گروپانەی کە کۆمەڵگەی خۆیان رەتدەکەنەوە و دەستبەرداری بەها کەلتوری نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان دەبن (بە پلان بێت یان بە بێ ئاگایی) پاساوی تریشیان هەیە، کە دواجار ئەمە پەیوەندی بە بیرکردنەوەی تاکی کوردەوە هەیە وەک تاکێک، کە متمانەی بەخۆی و کۆمەڵگە و کەلتورەکەی لەدەستداوە و خۆبەکەمزانە. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە، کە دەیان ساڵە تاکی کوردستانی ژێردەستەیە و ناسنامەی کەلتوری و نەتەوەیی و خۆجێیی خۆی لەدەست داووە. دەکرێت زیاتر لەباری ئەم کێشەیەوە بوترێت و توێژینەوەشی لەبارەوە بکرێت، بەڵام دواجار ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە هەوڵ و کۆشش بە باش و ئەرێنی لەبەرژەوەندی کۆمەڵگەدا بشکێنەوە، نەک ببینە وێنەی لەبەرگیراوەی ناڕاستی کۆمەڵگەکانی تر، کە تایبەتمەندی خۆیانیان دروست کردووە و هەیانە و پاراستوویانە.