خۆشەویستەکانتان کەی پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونتان لێ بکەن؟

Kurd24

کە کوڕیک عاشقی کچێک دەبێت، یەکەم شت کە لێی دەپرسێت و بەدوایدا دەگەڕێت رۆژی لەدایکبوونی خۆشەویستەکەیەتی، بۆ ئەوەی یەکەم کەس بێت پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی لێبکات، بەڵام تاکو ئێستا زۆربەی یانەکانی کوردستان درکیان بەمە نەکردووە و هاندەرە خۆشەویستەکانیان نازانن کەی رۆژی دامەزراندنی یانە دڵخوازراوەکەیانە.

لە درێژەی ئەو نوێگەرییەی لە دێسکی وەرزشی کوردستان24 لەگەڵ هاوکارانم دەستمان بۆ بردووە، دەمێکە خەریکی ئەوەین مێژووی یانەکانی کوردستان هەڵبدەینەوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا بەشێکی زۆری یانەکان نازانن کەی دامەزراون، ئەسلەن هەر بیریشیان لێ نەکردووەتەوە.

زۆرجار کە دەمی کارگێڕ و میدیاکارە وەرزشییەکانی ئەم هەرێمەی خۆمان دەکەیتەوە و دەیاندوێنیت، یەک دونیا گلەیی و گازاندەت گوێ لێ دەبێت، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆرمان کارەکانی خۆمان نەکردووە تاکو رێگە بەخۆمان بدەین گلەیی لە ئەوانی دیکە بکەین.

ئەگەر کارگێڕی یانەیەک گلەیی لە وەرزشدۆستانی ناوچە یان شارەکەی خۆی بکات کە ناچنە یاریگەی یانەکە و گرنگی بە یارییەکانی یانەکە نادەن، دەبێت لە خۆیشی بپرسێت چیکردووە تا سەرنجی گەنجەکانی شار یان شارۆچکەکەی خۆی رابکێشێت وەکچۆن یانە ئەوروپییەکانیان خۆش دەوێت ئەوانیشی خۆش بوێت.

زیاتر لە چوار مانگە خەریکی ئەوەین رۆژی دامەزراندنی یانەکانی کوردستان بدۆزینەوە و لە رۆژی دامەزراندنیان گرنگی زیاتریان پێبدەین، بەڵام لە یانە بەناوبەنگەکان و پڕ هاندەرەکانەوە بگرە تاکو یانەی شارۆچکەکانەوە زۆربەیان هێشتا بە گرنگیان نەزانیوە لێکۆڵینەوە لە رۆژی دامەزراندنی یانەکەیان بکەنەوە و مێژووی یانەکە و سەربوردەکەیان بنووسنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (01-06-2016) رۆژی دامەزراندنی یانەکانی زێرەڤانی و شێخانە، رۆژی 3ی حوزەیران رۆژی دامەزراندنی یانەی زاخۆیە و رۆژی 11ی هەمان مانگیش رۆژی دامەزراندنی یانەی دهۆکە و لەگەڵ هاوکارانم لە دێسیکی وەرزشی کوردستان24 گشت یانەکان بەسەر دەکەینەوە و لە کارێکی دیکەی نوێی دێسکەکەمان دەمانەوێت جارێکی دیکە بە یانە و یاریزانەکانی خۆمان بڵێین ئێوە گرنگن، بۆیە پێویستە گرنگی بە خۆتان بدەن.