عێراق له عه‌صری مه‌عصومدا...
پێشتر وتوومه و حه‌زده‌كه‌م دیسانیش بیڵێمه‌وه: كه‌ركوك شارێكی كوردییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌س نییه، به‌ڵكو زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده، عه‌ره‌ب نه ده‌توانێت دار خورمای تێدا بچێنێت و نه ده‌توانێت له دیاله و سامه‌ڕا و تكریته‌وه وه‌ك جاران عه‌ره‌بی بۆ هاورده بكات و نه ده‌شتوانێت بیگرێت به‌كۆڵییه‌وه و بیگوازێته‌وه بۆ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و كوفه! ئه‌وان پێشتر ئه‌مانه‌یان كرد و بۆیان نه‌چووه سه‌ر، كورد پێویست ناكات له ته‌عریبی نوێ و هه‌ندێ هه‌ڕه‌شه‌ی سیاسی و خێڵه‌كی بترسێت!
سه‌د ساڵه كار له‌سه‌ر گۆڕینی سروشتی كه‌ركوك ده‌كرێت و كه‌چی دواجار هه‌ر ئه‌مری واقع ده‌ڵێت كوردستانییه، سروشت و چاره‌نووسی عێراق وایه كه هه‌ر ڕژێمێك له‌م وڵاته‌دا ڕووخابێت، له خۆی به‌هێزتر دروست نه‌بووه‌ته‌وه! عێراقی ئێستا وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێش خۆی نییه، ته‌وقی ده‌ستوور له ملیایه‌تی و ناتوانێت تا سه‌ر لێی لابدات، ده‌ستوور ڕێوشوێنی داناوه بۆ چاره‌نووسی كه‌ركوك، به‌پێی ده‌ستوور كه‌ركوك و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی تر كه جێمانهێشت، ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كوردستان، به‌ڵام كێ ده‌ستوور جێبه‌جێ یاخود فشار بۆ جێبه‌جێكردنی بكات؟ هه‌ر له‌نێو ده‌ستووردا چاودێری باڵا هه‌یه كه پاش خودا سه‌رۆككۆماره، سه‌رۆككۆمار پابه‌ندكراوه به‌وه‌ی كه چاودێربێت به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه و مادده‌كانی ده‌ستووره‌وه، له‌كوێ پێشێلی ده‌ستور هه‌بوو، ده‌توانێت هۆشداری بدات و سه‌رۆكی حكومه‌ت و ستافه‌كه‌ی بداته دادگای فیدراڵی!
ئه‌مڕۆ كورد له عێراقدا ته‌نیا سه‌رۆككۆماری به‌ده‌سته‌وه ماوه، هه‌موو عه‌زه‌مه‌تی ئه‌م پیاوه‌ش له مادده‌ی٦٧ی ده‌ستووردایه، ئه‌و مادده‌یه‌ش ده‌ڵێت "سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆكی وڵات و نیشانه‌ی یه‌ك پارچه‌یی نیشتمان و سه‌روه‌ری وڵاته، هه‌وڵده‌دات بۆ پابه‌ند بوون به ده‌ستوور و پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری و یه‌كێتی و پاراستنی خاكی عێراق به‌پێی بڕگه‌كانی ده‌ستوور!". ئێ بۆ هه‌وڵ نادات؟ بۆچی ئه‌مه بۆ خه‌ڵكی كوردستان ڕوون ناكرێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆككۆمار ئه‌و سووده‌شی نییه، ئیتر بۆچی وه‌ك ته‌وقێكی سیاسی له ملی كورددا بێت؟ بۆ ڕاده‌ستی عه‌ره‌بی ناكه‌نه‌وه تا به‌ته‌واوه‌تی سیمای عروبه‌یی عێراق ده‌ركه‌وێت؟ ئه‌گه‌ر سه‌رۆككۆمار ناتوانێت فشار بۆ جێبه‌جێكردنی یه‌ك مادده‌ی ده‌ستوور بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بكات، ئیتر ئه‌م پیاوه موئه‌ده‌ب و بێده‌نگه بۆچی له‌به‌غداد بێت؟
من به‌چاوی تانه و توانج و پێكه‌نینه‌وه له به‌ڕێز سه‌رۆككۆمار ناڕوانم، ده‌زانم هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی له به‌غداد به‌قه‌د ده‌سه‌ڵاتی معاونی مودیری شورته‌ی به‌غداد نییه، به‌ڵام ئه‌و ده‌توانێت وه‌ك پێگه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی و ته‌شریفاتی، هه‌ر لانیكه‌م جار جار كێشه‌ی هه‌ولێر و به‌غداد بكاته بابه‌تی گه‌رمی ئیعلامی ڕۆژ! مام جه‌لالیش كه سه‌رۆككۆمار بوو هه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی هه‌بوو كه مه‌عسوم هه‌یه‌تی، به‌ڵام كه مالكی ده‌یویست هێزی دیجله بنێرێته سه‌ر خانه‌قین، مام جه‌لال نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ فه‌رمانده‌ی فیرقه‌كه نارد و پێی وت: ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیت ده‌تده‌مه دادگای فیدراڵی! ئێ مه‌عسومیش با هه‌ر ئه‌وه‌نده بكات!
تێكڕای ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ده‌ستوور بۆ سه‌رۆككۆماری عێراقی دیاری كردووه ده ده‌سه‌ڵاته، جارێ ئه‌وه سیان چوارێكیان هه‌ر ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ میوان و به‌خێرهاتنی وه‌فد و باڵوێزی وڵاتان و ئه‌م شتانه‌یه، ئێ خۆ منیش ئه‌م ماف و ده‌سه‌ڵاتانه‌م له‌عێراقی عه‌زیمدا هه‌یه، حه‌زه‌كه‌ی سبه‌ینێ ئه‌چم ته‌و‌قه و چاك وچۆنی له‌گه‌ڵ سه‌فیری فلیپین ده‌كه‌م و به‌گه‌رمیش به‌خێرهاتنی ده‌كه‌م! ده‌سه‌ڵاته‌كانی تری جه‌نابی سه‌رۆككۆمار، هه‌زه‌لیترینیان به‌یاننامه‌یه، جه‌نابیان به پێی ده‌ستوور مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌یاننامه‌ی كۆماری ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام دیاره ده‌ستیان به كاغه‌ز و حیبره‌وه گرتووه و له‌سه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی له ڕۆڵه‌كانی شیمالی عێراق ده‌كرێت، هیچ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌رنه‌كردووه! ده‌سه‌ڵاتێكی تری جه‌نابیان، ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر كه‌سێكیان له‌سێداره‌دا، عالی مه‌قامیان ده‌توانن واژۆی له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی بكه‌ن، یانی ئه‌و ده‌توانێت به واژۆیه‌ك كه‌سێك له‌سێداره بدات، به‌ڵام ناتوانێت كه‌سێك له ژووری سێداره بێنێته ده‌ره‌وه! خۆ موسته‌شارێكی زوو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌شی هه‌بوو!
جا ئێوه ببینن، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته سه‌رۆك كۆماریش، ئاوا سوێند ده‌خوات "سوێند به خوای گه‌وره و مه‌زن، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی یاساییم به لێبڕاوانه و دڵسۆزانه جێبه‌جێ بكه‌م و پارێگاری له سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری عێراق بكه‌م و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگرم و شه‌ونخونی بكه‌م بۆ سه‌لامه‌تی زه‌وی و ئاسمان و ئاو و سامان و ڕژێمه دیموكراتی و فیدراڵه‌كه‌ی و كار بكه‌م بۆ پارێزگاری له ئازادی گشتی و تایبه‌تییه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و پابه‌ند بوون به جێبه‌جێ كردنی یاساكان به ئه‌مانه‌ت و بێلایه‌نییه‌وه، خواش شایه‌تی ئه‌وه‌یه كه ده‌یڵێم!"
جا ده‌قی ئه‌م سوێنده، مادده‌ی په‌نجای ده‌ستووره له‌پێكراوه‌كه‌ی عێراقه، تۆ ببینه ئه‌و ده‌ربڕینه قه‌به و زلانه تیایدا: ((ڕژێمه دیموكراتی و فیدراڵه‌كه‌ی!!) توو ئیمانتان عێراقی خوێن و خه‌ڵته، ئه‌م وه‌سفه هه‌ڵده‌گرێ؟ تۆ جارێكی تر ئه‌و مادده‌یه‌ی سه‌ره‌وه بخوێنه‌ره‌وه تكایه! جا ئه‌م ده‌ستووره ئه‌گه‌ر به‌م ده‌ربڕینه قه‌به و شاعیرانه‌یه‌وه جێبه‌جێ بكرێت، به‌تایبه‌تی دیباجه‌كه‌ی كه كورد بۆ ڕیفراندۆمیش پشتی پێ به‌ستبوو، ئیتر كورد كه‌ی كه‌شه‌ی ده‌ما؟ جا له دیباجه‌كه‌دا عێراق وڵاتێكی (یه‌كێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه) واته هه‌ر كات لایه‌نێك له‌وانه‌ی عێراقیان پێك هه‌ناوه، ویستیان جیاببنه‌وه، ده‌توانن ڕیفراندۆم بكه‌ن و جیاببنه‌وه، ئیدی له‌پاش ڕیفراندۆمی كوردستانه‌وه، عه‌ره‌ب دیباجه‌كه‌ی به حوكمێكی قانوونی حیساب نه‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕگه‌كانی تری كه حوكمی قانوون‌یان هه‌یه زۆر باش جێبه‌جێ كرابن!
تا ئێستاش ڕوون نییه، ئه‌و حه‌قه چییه لای عه‌ره‌ب كه ده‌توانێت هه‌ر كاتێك پێی خۆش بوو، مووچه‌ی كورد نه‌دات و فرۆكه‌خانه و ده‌روازه سنوورییه‌كانی لێ دابخات؟ ئه‌وه ڕاستییه كه كورد نایه‌وێت یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بپارێزێت و نه‌شی پاراستووه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كپارچه‌ییه دروست نه‌كردووه، ده‌ستووری هه‌موو ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به ده‌ق تێیدا هاتبوو كه: عێراق وڵاتێكه قابیلی دابه‌ش نه‌كردن و پارچه‌پارچه نه‌كردنه، به‌ڵام ده‌ستووری عێراقی نوێ هه‌ر له یه‌كه‌م پیتییه‌وه كه به وه‌سف و سه‌نای ڕۆڵه‌كانی بیلادی ڕافیده‌ین ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌و حه‌قه‌ی بۆ كورد تێدایه كه هه‌ر كات له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب نه‌گونجا لێی جیا ببێته‌وه!