ریفراندۆمی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شانشینی یه‌كگرتوو؟!

Kurd24

ئەم ریفراندۆمەی مانەوە و نەمانەوەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا و دەرەنجامەكانی، كە لەبەرژەوەندی دەرچوون بوون لە یەكێتییەكە، كاریگەرییە ناوەخۆییەكانی لە ماوەیەكی كورت و مامناوەندی زۆر لە كاریگەرییە دەرەكییەكانی خراپتر دەبێت.

كەمتر لە 2 ساڵ ئەو گۆڕانكارییانەش بە تەواوی بەدەر دەكەون، شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا لە ئێستاوە باشترە چەمكی شانشینی پێشووی بەریتانیای بۆ بەكاربھێندرێت، لەبەر چەند ھۆكارێك؛ ھۆكاری یەكەمی ھەڵوەشانەوەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، دەكرێت لە ھەوڵی ریفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلاند لە لایەن پارتی نیشتیمانی سكۆتلانداوە دەست پێبكات.

ئەو پارتە ھاوشانی پارتەكانی دیكه‌، لە سەروبەندی بانگەشەی ریفراندۆمی مانەوە و دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتیییان لە مانەوەی بەریتانیا دەكرد و ھاوكات ھۆشداریان دەدا، لە ئەگەری سەرنەكەوتنی ھەوڵەكانی تەواوی بەریتانییەكان بۆ مانەوە، ئەوا سكۆتلەندا ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ جارێكی دیكه‌یش، تاقی دەكاتەوە.

سكۆتلەندییەكان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی 2014، لە بەر چەند پاڵنەرێك مانەوەیان لە شانشینی یەكگرتوو ھەڵبژارد، یەكێك لەو پاڵنەرە گرنگانە، ئەگەر گرنگترینیان نەبێت، ئەندامبوونی بەریتانیا بوو لە یەكێتی ئەوروپا لە تەك بەڵێنی دەسەڵاتی زیاتر، كە تا ئێستاش ئەو دەسەڵاتانە لە وێستمینیستەرەوە بە ھۆڵیروود نەگەیشتوونە.

ھۆكاری دووەمی ھەڵوەشانەوەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، دەكرێت پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتە بن، پارتەكە لە لایەن پارتە بەرھەڵستكارەكان لە كرێكاران و پارتی نیشتیمانی سكۆتلاند و لێبراڵەكان، بە بەردەوامی بە ناوەندگەرا تۆمەتبار دەكرێت، ئەمە بێجگە لە پارتە بچووكە نیشتیمانییەكانی وێیلز و ئێرلەندای باكوور، ئەم پاڵنەرە كە لە ترسی ناوەندەگاربوونێكی رەھایانەیە، سكۆتلاند و وێیلز و ئێرلەندای باكوور ناچار دەبن بیر لەبەرژەوەندییە ناوچەیی و نیشتیمانییەكانیان بكەنەوە.

دواجار، ھەمووان درك بەو راستییە تاڵە دەكەن، پارتی پارێزگاران سەنگی لە ئینگڵتەرایەو دەرەنجامەكانیش نیشانیاندا، كە چۆن ھاوكێشەكە لە ئینگڵتەرا گۆڕا و بێجگە لە لەندەن كە دانیشتوانەكەی تێكەڵن، زۆربەی ئینگلیزەكان دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەكێتی ئەوروپا داوە، ئەوەش ھۆكارەكەی سەرەوە پشتڕاست دەكاتەوە.

ھۆكارێكی دیكه‌ی ھەڵوەشانەوەی شانشینی یەكگرتوو، داواكاری دەسەڵات و ماف و ھێزی سیاسی و فەرمانڕەوایی زیاترە لەلایەن وێیڵزیەكانەوە، وێیلز سەرەڕای ھەبوونی ھەندێ مافی ناوچەیی و پەرلەمان و حكوومەت، كاریگەرییه‌كی وای بەسەر لەندەن و بڕیارەكانی ناوەند نییە بەسەر بەریتانیا، ئەمە بێجگە لە پاڵنەرە ئابووری و نیشتیمانیی و كولتوورییەكەی، كە لاوازتر بەرامبەر ناوەند بەدەر دەكەوێت و ناسنامەیەكی بەھێزی وێڵزی دروست بووە، ھاوكات، وێڵز خوازیارە لە قۆناغی داھاتوودا، وەك لە داواكاری پارتەكانی وەك: پارتی (سیمرو) و ھەوادارانی پارتی دەنگی خەڵكی پێشوو و كۆماریخواز و تەنانەت چەپەكانیش بەدیار دەكەوێت.

بە لایەنی كەم خوازیارن بەقەد سكۆتلاند دەسەڵاتیان ھەبێت، ھیچ دڵنیاییەكیش نییە، لەئەگەری جیابوونەوەی سكۆتلاند، وێیڵزیش داوای جیابوونەوە نەكات و سەربەخۆیی خۆی رانەگەیێنێت، چونكە بەبێ سكۆتلاند و پەرلەمانتارەكانیان لە پەرلەمانی بەریتانیا، وێیڵزییەكان سەنگ و پێگەیەكی وایان لە وێستمینستەر نابێت و ھیچی تایبەتیان بۆ كۆمەڵگەكانیان دەست ناكەوێت.

بێگومان، ئێرلەندای باكووریش دوای ھەر یەكە لە سكۆتلاند و وێیڵز، بە لایەنی كەم داوای دەسەڵاتی زیاتر دەكات، بەڵام بڕیارەكانی ئەوان، زۆر لەسەر مانەوەی ھاوسێكانیان لە سكۆتلاندی و وێیلزییەكان دەوەستێت. ئەگەر لە سەرەتا و ناوەندەكانی سەدەی رابردوو پاڵنەر بۆمانەوەی ئێرلەندای باكوور، یان باكووری ئێرلەندای پرۆتستانت، لە شانشینی یەكگرتوو ئایینی یان ئایینزایی بوو بێت، ئەوا بێگومان ئێستا ئەو پاڵنەرە لاوازترە.

ھاوشێوەی سكۆتلاندییەكانیش سەرەڕای خواست و ویست و دەنگدانی رەھای ئێرلەندییە باكوورییەكانیش بۆ مانەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، دوای ئەوان دوای ئەم ریفراندۆمە نەخشەرێگەی جیاوازیان دەبێت لەو نەخشە رێگانە، بێگومان ئەگەری دەسەڵاتی زیاتر لە باشترین دۆخ بۆ مانەوە لە بەریتانیا دەبێت، بە پەسەند نەكردنیشی، ئەگەری زۆر پێشبینیكراو بریتی دەبێت لە یەكگرتنەوەیان لەگەڵ خوشك و برا باشوورییەكانیان لە كۆماری ئێرلەندا یان سەربەخۆیی، چونكه‌ ئەوان ھاوشێوەی ھاوسێكانیان لە لاوازی پێگەیان لە وێستمینستەر و لەندەن دەترسن.

سەرەڕای ئەم ھۆكارانەش، ناكرێت ھۆكاری لاوازبوونی پێگەی شاھانە و ھێشتنەوەی بەریتانیا وەك شانشین، رۆژ بە رۆژ لە لاواز بووندایە. لەبەرامبەردا، خواست بۆ بە كۆمارییكردنی بەریتانیا ھەن، ئینگلیزەكان لە ئەگەری جیابوونەوەی وڵاتانی سەرەوە و لە ماوەیەكی زۆر دوورنا، ئەگەر ھەیە لە ریفراندۆمێكی دیكه‌دا، داوای گۆڕینی پەیڕەوی فەرمانڕەوایی وڵات بكەن و پەیڕەوی شانشینی، بە كۆماری بگۆڕن.

لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە لێكدانەوەیە بۆ ھەوڵی بەریتانییەكان و ویستی ھێشتنەوەی بەریتانیا بە یەكگرتوویی، كە لەم شێوە و فۆرمەی ئێستا وەك شانشین، داھاتوویەكی پڕشنگداری نابێت، بەڵكو چارەسەری ژیر بۆ بەریتانییەكان بیركردنەوەیە لە شێوازی فەرمانڕەواییەكی جیا، كە دەكرێت فیدراڵی یان كۆنفیدڕاڵی بێت، ھەرچەندە لەبەر بەھێزی ھۆكارەكانی سەرەوە، ئەم ئەگەرەش لاوازتر دەردەكەوێت، بەڵام ئەوەی گومان ھەڵناگرێت، ھەڵوەشانەوەی شانشینی بەریتانیایە دوای ئەم ریفراندۆمە و گۆڕانە سیاسییە خێراكان و نەبوونی پاڵنەرێكی بەھێزە بۆ مانەوە و ھێشتنەوەی شانشینەكە وەك خۆی، كە راستەوخۆش ئاماژەی ھەڵوەشانەوەی لە سكۆتلانداوە دەستیپێكردووە.