( ویستم بە سەرۆک بڵێم )

Kurd24

 

جەنابی سەرۆک سڵاوتان لێ بێ ..

ئەو رۆژەی لە لایەن بەڕێزتانەوە ئێمەی مامۆستایانی زانکۆکانی سنووری هەولێر بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بانگێشت کرابووین، زۆر مەبەستم بوو روو بەڕوو ناوەڕۆکی ئەم نامە کراوەیە ئاراستەی جەنابتان بکەم، بەڵام نە، کات و نە رێکخەرانی کۆبوونەوەکە هاوکار بوون بۆ ئەوەی مامۆستایەک لە ریزی چوارەم بەدواوە قسە بکات ! بۆیە ناچارم لێرەوە بەڕێزتان بدوێنم..

        جەنابی سەرۆک  !  من یەکێکم لەو سەدان هەزار هاووڵاتییە بێ لایەن و بێ حیزب و رێکخراوەی، کەمترین جار گوێمان لێ گیراوە و کەمترین جاریش حیسابمان  بۆ کراوە .

وا بەم نامە کراوەیە  لەسەر خواستی خۆتان کە داواتانکرد بە ڕاشکاوی بدوێین ..   باری سەرنجی خۆمتان پێ ڕادەگەێنم:

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە هەموومان بە گیان و بە ژیان قەرزداری پێشمەرگەو شەهیدانی ئێستاو رابوردووین.. بۆیە چ ئێستاو چ پاشەرۆژ هەرچییەکیان بۆ بکرێ هێشتا هەر کەمە.

لەم بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەی ئەمڕۆی کوردستاندا، کۆمەڵگەی کوردستانی دابەش بووە بەسەر چەند گروپێکی کۆمەڵایەتیی سەرەکیی دەنگداندا ، کە هەریەکەیان تێڕوانین و تایبەتمەندیی خۆیان هەیەو ئەرکی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و میدیایەکی نیشتمانییە  بیاندۆزێتەوە و لە خواست وگلەیی و خەون و نیگەرانییەکانیان تێبگات و بە فەرهەنگی خۆیان پەیامیان ئاراستەبکات و بە زمانی خۆیان  بیاندوێنێ ..

گروپی یەکەم : ئەوهاووڵاتیانەن کە لە دڵسۆزیانەوە هەرلەئێستاوە بڕیاریانداوە بە ( بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن .

گروپی دووەم : ئەوانەی هەرلەئێستاوە لەژێر کاریگەریی حیزبیدا و بەهەر هۆکارێکی تایبەت، بڕیاریانداوە بە ( نەخێر ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، کە پێم وایە پارەو کات بەفیڕۆدانە ئەگەر بێت و زیادەڕۆیی بکرێ لە وەڵامدانەوەیاندا.

گروپی سێیەم : نەوەیەکی نوێ کە یەکەمینجاریانە بەشداریی لە پرۆسێسی دەنگداندا دەکەن. ئەم گەنجە خوێن گەرمانە زۆرینەی هەرەزۆریان زانیاریی دروستیان لە سیاسەت و لەبارەی مێژووی کورد و ریفراندۆمەوە نیەو میدیایەکی چەواشەکاریش شەوو ڕۆژ ژەهری گومان و بێ ئیرادەییان دەرخوارد دەدات .. ئەم گەنجانە  بە دەیان پرسیاری لۆژیکی و نا لۆژیکی لە مێشک و دەروونیاندا چاوەڕێی وەڵامێکی روون و ئاشکرایەو تا ئێساتا وەک پێویست و بە شێوازێکی دروست ئەو وەڵامانەیان نەدراوتەوە ، بۆیە ناهەقیان نیە کە هێشتا ناتوانن بڕیارێکی دروست بدەن.

گروپی چوارەم : بە هەزاران گەنجی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگەو ئامادەیی کە خەمی بێکاری بڕستی لێ بڕیون و گێژاوێکی دەروونی دەیانهێنێت ودەیانبات .. ئەمانە بڕوایان بە بەهاو دروشمە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لاواز و کز بووە، سەرباری ئەوەی رێژەیەکی زۆریشیان بوونەتە بوونەوەری کەوکەبێکی تر کە ناوی فەیسبووکەو زمان و لۆژیک و فەرهەنگیان بە بەراورد لەگەڵ نەوەی پێشوودا تەواو جیاوازە ! 

گروپی پێنجەم : بە دەیان هەزار ژنی ماڵ لە شار و دێهاتەکانی کوردستان هەن کە بەهۆی نەخوێندەواری و کۆیلایەتیی چێشتخانەو منداڵ بەخێوکردن و تێکەڵنەبوونیان بە ژیانی مۆدرێن و بەرهەمهێنانەوە، تاڕادەیەکی زۆر بێ ئیرادەکراون و پیاوەکانیان جڵەویان کردوون و لەبریی ئەوان بیردەکەنەوەو بڕیارو دەنگیش دەدەن..

دەربارەی  ئەم سێ گرووپە دەنگدەرەی دوایی، پرسیاری گەوهەری ئەمەیە : دەبێ چییان بۆ بکرێ و چۆن ڕازی بکرێن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن؟  

بە بۆچوونی من زۆر پێویستە دەسبەجێ لەسەر زاری جەنابتان و سەرکردایەتیی سیاسی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمەوە لەبارەی ئایندەیانەوە لەسایەی کۆماری دیمۆکراتیی کوردستاندا، دڵنیا بکرێنەوەو ئەو ئاسۆ روونەیان پێشان بدرێ کە لە ساڵانی داهاتوودا چاوەڕێیان دەکات. بەڵێنیان پێ بدەن کە دەوڵەتی ئایندەمان دەوڵەتی دامەزراوەیی وهاووڵاتی دەبێ و هەمووان بە دەستوور و بەیاسا مافیان پارێزراو دەبێ و بەیەکجاری کۆتایی بە گەندەڵیەکانی حیزب حیزبێنەو خزم خزمێنە دەهێنرێ. پەیمانیان پێ بدەن کە لەسایەی دەوڵەتی کوردستاندا هەلی کارو بژێوییەکی شەرەفمەندانەیان بۆ فەراهەم بکەن.   

گروپی شەشەم:  بە سەدان بنەماڵەی ئەنفال و تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین و بنەماڵەی شەهیدی سەردەمی شۆڕش و شەڕی ناوخۆو شەڕی داعش هەن ، کە بەهەر هۆیەک بێ  وەک پێویست نە مادی و نە مەعنەوی ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە..

رووکردنە ئەم گروپە دەنگدەرە قوربانیدەرە، پێویستیی بە پلان و دڵو  دەروونێکی زۆر کراوە هەیە کە بتوانێ ورەو تینی کوردایەتی لە کوانوی ساردەوەبووی ناخیاندا سەرلەنوێ گڕ بداتەوە. دەبێ رازیبکرێن و وەبیریان بهێنرێتەوە کە ئەم خاکو ئاوەی سبەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ سازدەکەین هەر ئەو دایکی نیشتمانەیە، کە دوێنێ و پێرێ ئازیزانیان خۆیان بۆ کرد بە قوربانی.

گروپی حەوتەم : بە سەدان هەزار هاووڵاتیی  خانەنشینمان هەن کە تەمەنی لاویی و جوانیی خۆیان لە خزمەتکردنی ئەم نیشتمانەدا بەسەربردووە.. ئەوانە توێژێکی زۆر پەراوێزخراون .. تەنانەت لە دوای هەمووانەوە مووچەیان دەدرێتێ ..  ئەوانە شایستەی رێزلێنانن نەک بەم تەمەنەوە چەندین سەعات لەبەر باران و بەقرچەی گەرما  ریزی سەدان مەتری بۆ مووچەکانیان بگرن !

پێویستە دەسبەجێ ئەم گروپە کۆمەڵایەتییە دڵنەوایی بکرێنەوەو پەیمانێکی شەرەفیان بۆ ڕابگەێنن کە لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا رێزوحورمەتیان لێ دەگیرێ و پاداشتی رەنج و ماندووبوونیان دەدرێتەوە.

گروپی هەشتەم :  کاسبکارو وردە سەرمایەدارو بازرگانان .. ئەوانیش چاوەڕێی بەڵێن و پەیمانێکی نیشتمانین کە لەسایەی دەوڵەتی کوردستانی دیموکرات و ئازاددا، دەسکراوەبن  و بازاڕیان ئازادو بێ قۆرخکاری بێ و قەیرانیان بۆ دروستنەکرێ و شەریکەبەشی حازر خۆری بەر سێبەر و پایزە برایان بۆ قوتنەکرێتەوە ..

گروپی نۆیەم : زیاتر لە ملێۆنێک مووچەخۆرو فەرمانبەری کوردستان، کە داینەمۆو هەڵسوڕێنەری داوودەزگاکانی ئەم حکومەتەو دەوڵەتی ئایندە دەبن، وا دوو ساڵە بەدەس نەبوونی و سستمی پاشەکەوتی مووچەوە دەناڵێنن.. سەرباری ئەو گوزەرانە خراپەیش، لە دلسۆزیانەوە بۆ نیشتمان، کاروباریان ڕانەگرتووە و رێیان نەداوە ژیان ڕاوەستێ..

وێڕای دەسخۆشی لێکردنیان پێویستە فەرمانبەران  بە چاوی پێشمەرگەی مەدەنیی ناو شارەکان تەماشابکرێن و بەڵێنیان پێ بدەن کە هەرچی زووە باری نالەباری بژێوییان ڕاستدەکەنەوە ، زۆر پێویستە دەسبەجێ تا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنیین، بەکۆمەڵێ ڕێکاری ئیداری، کەمێک لەو بارگرانیەی سەرشانیان سووک بکرێت، بۆ نموونە: جۆرەکانی باج و سزای سەرپێچی و پارەی کارەبا.. بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردرێن یانیش لە حیسابی پاشەکەوتی مووچەکانیان دابشکێنرێن..

گروپی دەیەم : دەیان هەزار مامۆستاو پەروەردەکار و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا ، دڵنیا بکەنەوە  کە لەسایەی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆی دیموکراتدا ، رۆڵ و پێگەی شایستەیان پێدەدرێ  شکۆ دەگەڕێندرێتەوە بۆ زانست و ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان .. بەوەی وەک ئمپراتۆری ژاپۆن  لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا ، کە ئایا چۆن توانرا بەو ماوە کورتە ژاپۆن بگەێننە ئەو ئاستە باڵایەی پەرەسەندن؟ وتی : لەبریی چەک کتێبمان کردە هاوەڵ .. زانست و ڕەوشت ودادپەروەریمان کردە رێباز ..  مووچەی وەزیرێک و پارێزبەندیی دیپلۆماتکارێک و شکۆی ئیمپراتۆرێکمان بەخشی  بە مامۆستا .!!