پێشنیازێک بۆ یاریزانە مافخوراوەکانی کوردستان

Kurd24

سەدان یاریزانی کورد یانیش زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم هەزاران یاریزان لەلایەن یانەکانی کوردستانەوە مافەکانیان خوراوە و تاکو ئێستا یاریزانەکان لە بن دیوار و پەیژەی یاریگەکانەوە گلەیی و گازاندە لە مافەکانیان دەکەن و رەخنە لە یانەکان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەگرن، پێشنیازێک بۆ یاریزانی یانەکانی کوردستان دەکەم و پێموایە بەم رێگایە دەتوانن بەشێکی زۆر لە مافەکانیان بەدەست بهێنن.

لەبەر ئەوەی هێشتا تۆپی پێی کوردستان بە عەشایەری و هەڕەمەکی بەڕێوە دەبرێت و هیچ یاسایەکی تایبەت بە تۆپی پێ و وەرزشمان نییە و زۆربەی بڕیارەکان بەپێی حەزی کەسەکان دەدرێت، تاکو ئێستا گرێبەستی یاریزانەکان لەگەڵ یانەکانی کوردستان هیچ سەنگێکی نییە و یانەکان زۆر بێباکن و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیش نەیتوانیوە مافەکانی یاریزانان وەربگرێتەوە، پێشنیاز بۆ یاریزانەکان دەکەم دەستە یانیش سەندیکای یاریزانانی کوردستان دابمەزرێنن و ئەو دەستەیە ببێتە سەکۆی یاریزانە مافخوراوەکان.

لەبەر ئەوەی تۆپی پێی کوردستان بە برادەرایەتی و حزبایەتی بەڕێوە دەبرێت، زۆربەی یاریزانەکان ناوێرن یانیش نایانەوێت لە رێگای میدیاکانەوە داوای مافی خۆیان بکەن، بەڵام ئەم دەستەیە دەتوانێت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک یانیش سازکردنی پرێس کۆنفرانسێک داوای مافی یاریزانە مافخواراوەکان بکات و ببێتە فشارێک بۆ سەر یانەکان و لە کاتی زەوتکردنی هەر مافێکی یاریزانێک دەکرێت دەنگی یاریزانە مافخواراوەکە، کە هەندێکیان عەنتەرن و باکیان بە هیچ نییە.

لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستەی تایبەت بە یاریزانەکان هەیە، لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بگرە تاکو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، لە بەریتانیا دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەو وڵاتە کە بە (PFA) ناوزەد دەکرێت، جگە لەوەی لەسەر مافی یاریزانەکان پێداگیری دەکات، ساڵانە سەربەخۆیانە باشترین یاریزانی پرێمەرلیگیش دەستنیشان دەکات و دەستەیەکی چاڵاکە و میدیای بەریتانیا حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکات.

دەستەکە دەکرێت لە 10 بۆ 20 کەس پێکبێت و جگە لە چەند یاریزانێکی کەسایەتی بەهێز و بوێر، دەکرێت دوو سێ پارێزەریش لە دەستەکە هەبن و رۆژنامەنووسێکی وەرزشی دونیادیتە و بە ئەزموونی پاک و بوێریش لە دەستەکە کار بکات و مانگانە ئابونە لەو یاریزانانە کۆبکرێتەوە کە ئەندامی دەستەکەن و خەرجییەکانی ئەو دەستەیەی پێ رایی بکرێت.

دڵنیام ئەگەر ئەندامانی سەرپەرشتیکردنی دەستەکە کەسی پاک و بوێر بن بە ماوەیەکی کەم زۆربەی یاریزانی یانەکانی کوردستان دەبنە ئەندامی ئەو دەستەیە و بە ماوەی ساڵێک دەستەکە دەبێتە دەستەیەکی خاوەن بڕیار و قورساییەکی ئەوەندە بەهێزی دەبێت، دەتوانێت مافی زەوتکراوی چەندان یاریزان وەربگرێتەوە.

دەستەکە دەتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ یانەکان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دروست بکات و لەگەڵ دروستبوونی هەر کێشەیەک بە گفتوگۆ و کۆبوونەوە بەشێکی کێشەکان چارەسەر بکات، وەکو هەنگاوی دووەمیش دەستەکە دەتوانێت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە یانیش ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانسی تایبەت مافی یاریزانە بەشخوراوەکان وەربگرێتەوە.

لەوانەیە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم وتارە پێمبڵێن لە کوردستان کێ حیساب بۆ بەیاننامە دەکات، بەڵام ئەگەر ئەم دەستەیە ببێتە مینبەرێکی راستەقینەی یاریزانانی کوردستان، دڵنیام زۆربەی میدیاکانی کوردستان بە پیرییەوە دەچن و چاڵاکییەکانی بە بایەخەوە رووماڵ دەکەن، هەمووانیش دەزانن یانەکانی کوردستان لە هەموو شتێک زیاتر حیساب بۆ مایکی میدیاکان دەکەن و تەنانەت بەشێکیان زەندەقیان لە زمانی هەندێک رۆژنامەنووس چووە.

یاریزانی وا هەیە دەیان ملیۆن دیناری لەلای یانەکانی کوردستانە، کەچی یانەکە ئامادە نییە مافەکەی بدات و ئەندامانی دەستەی کارگێری یانەکان خۆشترین ژیان دەکەن و یاریزانە مافخوراوەکانیش ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن.

ئەم دەستەیە ئەگەر متمانەی زۆربەی یاریزانەکانی کوردستان بەدەست بهێنێت و کۆدەنگییەک لە نێوان یاریزانەکان دروست بکات، نەک هەر دەتوانێت فشار لەسەر یانەکان دروست بکات، بەڵکو دەبێتە فشار بۆ سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و دامەزراوە وەرزشییەکانی دیکە، بۆ نموونە لەم ساڵانەی دوایی لە سعوودیە دەستەی یاریزانەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی نەدانی مافی یاریزانەکانیان لەلایەن بەشێک لە یانەکان هەڕەشەی بایکۆتکردنی سەرجەم یارییەکانی خولەکانی سعوودیەیان کرد، لە ئوردنیش بیرمە سێ ساڵ لەمەوبەر دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەو وڵاتە چەند بڕیارێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوردنیان گۆڕی و بوونە فشارێکی گەورە بۆ سەر فیدراسیۆنەکە.

ئەم سەردەمە گوزەشت بە قسەی خۆش و رێزەوە یاریزانەکان بتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن، مەعقول نییە یاریزانێک لە یانەیەک تووشی پێکان بێت، یانەکە بە عەنتەری مووچەکەی ببڕێت و پارەی گرێبەستەکەشی پێ نەدات، لە کاتێکدا لە هەموو دونیا لەسەر یانەکان واجبە تێچووی نەشتەرگەری و چارەسەرییەکانی پێکانەکەشی پێبدرێت.

تاکو یاریزانەکان نەبنە فشار و وا لە سەرۆک و ئەندامی دەستەی کارگێری یانەکان نەکەن حیسابیان بۆ بکەن، حاڵیان لە ئێستا باشتر نابێت و دەبێت تاهەتایە هەر لێرە و لەوێ گلەیی لە یانەکان بکەن.