فەرهەنگی گەلان: ڕزگارکردنی ژیانی منداڵانی مینگی

Kurd24

کارۆ و هەمەر (Karo & Hamar) لەگەڵ شەش خێڵی دیکەی زۆر دوور لە شارستانییەتی سەردەم، لە خوارووی دۆڵی ئۆمۆ، لە باشووری ڕۆژئاوای ئەسیوپیا Ethiopia دەژین. بەهەموویان ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسە. بە گوێرەی کاغەزە فەرمییەکان لە ئەسیوپیا 103 ملیۆن کەس دەژیت، 64 نەتەوە و گروپی ئێتنی هەن و بە 90 زمان قسە دەکەن. هەندێک لەو زمانانە، لەلایەن گروپی بچوک بچوک قسەی پێدەکرێ. ئەمهاری، زمانی فەرمی ئەسیوپیایە و نوێنەرایەتی 26.9٪ی دانیشتوان دەکا، جگە لەوە زمانەکانی: ئۆرۆمۆ 5.34٪، سۆمالی 2.6% تیگرینی 1.6% سیدام 1.4% گوڕاگی 5.2%.. هتد، قسەی پێدەکەن. زمانی دووەمیش لە ئەسیوپیا ئینگلیزییە.

خێڵی کارۆ و هەمەر، بە شوانداری و کشتوکاڵ دەژین. لێرە نەک تەنیا پارە و کارەبا، بەڵکو جلوبەرگ و پێڵاویش نییە. ژنەکان بە تیلمە پەڕۆک یان بەرامپیلێک کەمێک خۆیان دادەپۆشن، پیاوانیش بەهەمان شێوە. خێڵی کارۆ لە جۆرە کەپرێک دەژین، بە دار و قامیش دروستکرایە، سەری بە پووش داپۆشترایە و لە گومبەت دەکا. ئەوان لە هەموو جیهان دابڕاون و وادەزانن، جیهان پێکهاتییە لە خۆیان و دانیشتوانی دۆڵی ئۆمۆ یان هەرێمەکە. ئێستاش وەک سەدەکانی ناوەڕاست دەژین، قوتابخانە نییە و لە هەبوونی هیچ ئایینێکی ئاسمانی ئاگادارنین، بەڵام بڕوایان بەوە هەیە، کە یەک خودای گەورە هەیە، ئەوانی لە سروشت دروستکردییە. ئاری لالێ، کە پاسەوانی دەرگایە لە گوندی دووس دەڵێ: خێڵی کارا بڕوای بە سێ شت هەیە: باران، دانەوێڵە لەگەڵ ئاژەڵداری. باران لای ئەوان پیرۆزە و لەوکاتەی باران دەباری لەوبڕوایەدان، خودا ئاوڕێکی لێداونەتەوە و خێر و بەرەکەتی بۆناردوون.

لەناو ئەم خێڵە پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزە و خێزان بۆ ئەو خێڵە لە هەموو شتێگ گرنگترە، ئەگەر ماڵێک خواردنی نەبێ، ئاساییە بۆ ماڵی دراوسێ بچێ، ئەگەر منداڵێک دایک و باوکی نەمینێ، خێزانێک هەڵیدەگرێتەوە و پەروەردەی دەکا. لەم کۆمەڵگایە سەرەتاییە، ژن زۆر هیلاک و ماندوون. ئەوان خواردن دروست دەکەن، ئاو دەهێنن و کاروباری ماڵەوە ڕادەپەڕێنن، هەندێکجار بۆ هێنانی ئاو دەبی چەندین کیلۆمەتر بڕۆن. Dore Akir پاشای گوندی بوس (Bus)ە هەروەها لێرە ئەنجومەنی پیران هەیە، پاسەوانی دەرگای گوند هەیە و هەر هەمووشیان پیاون. ئاری لالێ، یەک لە گەورەپیاوانی گوندە دەڵێ: بەگوێرەی قسەی پیرەپیاوانی ئەم خێلە، پێشتر باو و باپیران لە چیاکان ژیاون و رۆژێک گایەک لە گاڕان دادەبڕێت و بزر دەبی، پاش ماوەیەک دەگەڕێتەوە دەبینن، نیوەی لەشی لەقوڕ سواقدرایە. خەڵکی گوند دەگەڕێن، بۆئەوەی بزانن ئەم گایە لەکوێ بەقوڕ بووە. پاش گەڕانی زۆر، ڕووباری ئۆمۆ دەدۆزنەوە و لەوکاتەوە، بڕیاردەدەن لەچیاکان بێنەخوار و لەو دەشتە و لەسەر ڕووباری ئۆمۆ بژین.

فیلم و کتێب و نووسین و توێژینەوە زۆر لەسەر ژیان و دابونەریتی ئەم خێڵانەی دۆڵی ئۆمۆ نووسرایە و تۆمار کرایە، بەڵام لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر فیلمی دەکومێنتی: Omo Child: The River and the Bush، لە ساڵی 2015 بەرهەم هێندرایە و کۆمەڵێک خەڵات و یەک لەوان خەڵاتی باشترین فێستیڤالی:

 ( (Oceanside International Film Festivalوەرگرتییە.

لەم فیلمە باس لە منداڵانی مینگی - Mingi دەکا. مینگی بە زمانی کوردی دەکاتە منداڵی (بیژی - زۆڵ)، کە لە فەرهەنگی کارا و هەمەر، دەبی ئەو منداڵانە بکوژرێن. Dore Akir پاشای خێڵی کارایە و دەڵێ: مینگی زۆر دەمێکە هەیە و دابونەریتێكی کۆنی ئێمەیە. سێ جۆر مینگی هەیە: کچی مینگی، ئەو کچانەن پێش شوکردن منداڵیان دەبی، ژنی مینگی، ئەو ژنانەن منداڵەکانیان لەلایەن گەورەپیاوانی گوند قبوڵناکرێ، ددان مینگی، ئەو منداڵانەن ددانی یەکەمیان لە پدوی سەرەوە دێ. لە هەرسێک حاڵەت دەبی منداڵەکان بکوژرێن، بۆئەوەی نەعلەت، شەڕ و ناخۆشی بەسەر خێلی کارا نەباری، بۆ ئەوەی وشکە ساڵی و گرانی و نەهامەتی ڕوو لە گوند نەکا. کوشتنی منداڵی مینگی لە ئەفسانەیەکی کۆن سەریهەڵداوە. دەگێڕنەوە منداڵێکی مینگی دەمری، دەینێژن و دەبینن پاش ماوەیەک زەویەکە ژەهراوی بووە و تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دەمرن. لەوکاتەوە بڕیاردەدەن، هەموو منداڵێکی مینگی بکوژن، بۆئەوەی هیچ بەدبەختییەک ڕوو لەوان نەکا.

لەم کۆمەڵگایە پیاو دەتوانی کۆمەڵێک ژن لەگەڵ کۆمەڵێک کچی برادەری هەبێت و لەگەڵ هەر هەمووشیان بخەوی. سێکس لەگەڵ کچی بێمێرد ئازادە و هیچ لێپێچینەوەیەکی لەسەر نییە. کوڕ و کچ بە ئارەزووی خۆیان ڕادەبوێرن و هەر هەمووشیان دەزانن، منداڵەکان دەبی بکوژرێن، لەگەڵ ئەوەش لەسەر ئەمجۆرە ژیان و ڕابواردنە بەردەوامن.

بە بردنی منداڵ لە کۆشی دایک، چیرۆک تەواو نابێت و ئێش و ئازارەکان بەردەوامن، بەڵام دیسان بەدوای هیچ چارەسەرێک ناگەڕێن و لەسەر هەمان ژیان بەردەوامن. لەڕاستیدا ناشوێرن دەستکاری دابونەریتی هەزار ساڵە بکەن.

Labuko Zino Guna کوڕی گەورەی بەناوی: Lale Labuko بۆ خوێندن بۆ گوندێکی دوور دەنێرێ، هەموو گەورەپیاوان دژی دەوەستن، بەڵام بەقسەی کەس ناکا. لالێ لابوکۆ خوێندن تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا، ئێستا دەیەوێ کوشتنی منداڵی مینگی ڕابگرێ. ئەو دەست بە خەباتێک دەکا، بەدووری نازانێ ژیانی خۆی لەسەر دابنێ، چونکە زۆر گرانە بڕوایان پێبکا، کە ئەو منداڵانەش وەک هەموو منداڵەکانی دیکەن و هیچ جیاوازییان نییە. لالۆ لابوکۆ خۆی لە تەمەنی 15 ساڵی زانیویەتی منداڵی مینگی لە گوندەکەیان هەیە و دوو خوشکی ئەویش پێشتر مینگی بووین و کوژراین. ئەم چیڕۆکە شێتی دەکات و دەیەوێ ئەم دابونەریتە کۆنە ڕابگرێ. هەوڵدەدا، پشتیوانی لەناو گەنج و پیرەپیاوان دروست بکا، باوکی خۆی ڕازیبکا، لەم خەبات و هەڵمەتەی یارمەتی بدا. لەپێشدا قسە لەگەڵ برادەرێکی خۆی بەناوی Lale Biwa دەکا و قناعەتی پێدەکا، کە کوشتنی منداڵی مینگی لەزیان زیاتر هیچ قازانجی نییە. خێزانی Lale Biwa لەگەڵ خێزانی براکەی لەهەمان کات زگیان پڕبووە، کوڕی ئەو ددان مینگی دەرچوو، کوشتیان و کوڕی براکەشی ئێستا گەورەبووە و جحێڵە... Lale Biwa داخ لە کوشتنی کوڕی خۆی دەخوا و لەکاتی گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە غەمبارە، فرمێسک لەچاوەکانی دێنە خوار و بەڵێن دەدا، بە هەموو شێوەیەک لەم خەبات و ڕیفۆرمە یارمەتی مامۆستا Lale Labuko ی برادەری بدا. 

Lale Labuko لە شەوێکی ساڵی 2007 گوێی لە گریان دەبی، بەیانییەکەی لە دایکی دەپرسێ: دوێنێ شەو چ ڕوویدا؟ دایکی بۆی ڕووندەکاتەوە، کە منداڵی ئامۆزاکەی مینگی بووە و کوشتوویانە، هەر لەو بەیانی بە خۆی و خێزانی بڕیاردەدەن، لە داهاتوو منداڵانی مینگی وەربگرن و پەروەردەیان بکەن. دوای ماوەیەکی کورت، مامۆستا لالێ ئاگادار دەکرێتەوە، کچێکی مینگیان لە دارستان فڕە دایە. پاش چەند کاتژمێرێک دەگاتە دارستان و کچەکە هێشتا لەژیاندایە، هەڵیدەگرێتەوە و لەگەڵ خێزانەکەی پەروەردەی دەکەن. دایکی منداڵەکە زۆری پێخۆشە کچەکەی زیندووە، بەڵام نایەوێ پەروەردەی بکا، چونکە دابونەریت ڕێگای پێنادا. ئێستا هەموو گوند چاوەڕێن، چ کارەساتێک تووشی مامۆستا ببێت، بەڵام هیچ ڕوونادا. لەماوەیەکی کورت، چوار منداڵ هەڵدەگرنەوە، ناچارن خانووێک بۆ ژیانی خۆیان پەیدا بکەن. ئێستا لالێ شەش منداڵی رزگار کردییە، منداڵی خۆشی هەیە و لەگەڵ ئەوەش هێشتا منداڵی مینگی وەردەگری.

ئێستا منداڵەکان کەمێک گەورەبووین و بە ئۆتۆمبیلەکەی دەچێتەوە گوندی (دوس)، پیشانیان بدا، کە ئەو منداڵانە هیچ جیاوازییان لەگەڵ منداڵەکانی دیکەی ئەوان نییە. خەڵک سەریانسوڕدەمینێ و تێناگەن، کە چۆن ئەو منداڵانە بەڵایان بەسەر نەهێناون و لە منداڵی ئاسایی دەکەن. پیرەپیاوان هەڕەشەی لێدەکەن، ئەگەر جارێکی دیکە لێرە Lale Labuko بیبیننەوە دەیکوژن. لالێ دەترسێت و بۆ ماوەی دوو مانگ ناچێتەوە لایان، لەم دوو مانگە 11 منداڵی مینگی دەکوژن.

جارێکی دیکە مامۆستا Lale Labuko لە 14ی دێسێمبەری 2011 تەواوی کوڕ و پیاوەکانی گوندی بوس کۆدەکاتەوە، بۆئەوەی بڕیاربدەن، زیاتر منداڵی مینگی نەکوژن. ئەمجارە نوێنەری حکومەت و ڕێکخراوی منداڵپارێزانیش (Omo Child)یش ئامادەبوون.  پیرەپیاوان دەترسان غەزەب بۆ گوند بگەڕێتەوە و بەڵای گەورەیان بەسەربێت. لەم کۆبوونەوەیە، بڕیارێکی زۆر گرنگ درا، کە زیاتر منداڵی مینگی نەکوژن. ئەمە بۆ مامۆستا لالێ، زۆر گرنگ بوو و سەرکەوتنێكی مەزن بوو. لەو ڕۆژەوە منداڵی مینگی نەدەکوژران، بەڵام دەبردرانە دارستان و لەوێندەر جێدەهێڵدران و دەمردن و تەیروتوار منداڵە فڕێدراوەکانی دەخوارد.

کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ گەورەپیاوانی گوند دەکەن و لەم کۆبوونەوەیەی، Lale Labuko ڕووی لە گەنجان دەکات و دەڵێ: من زیاتر پارەم نییە، تاقەتم نەما، منداڵەکانی ئێوە گەورە و پەروەردە بکەم، دەبی خۆتان خەمی خۆتان بخۆن، چونکە ئێوەن ژنەکان ئاوس دەکەن. هەر لەم کۆبوونەوەیە، پیرەپیاوێک، دارێکی درێژی لەدەستە، لەپێش پیاوەکانی دانیشتوو، کە لە پەرلەمانی سەردەم دەکا، دێت و دەچێت و زۆر بە تورەیی و جددی قسان دەکا: ئێوە لەوبڕوایەدان، ئەو جیلەی ئێستا باشە؟ پێشتر دەمانتوانی نهێنییەکانمان بپارێزین، ئێستا ئەوە نەمایە. ئێستا قسە لەسەر هەموو شتێ دەکرێ. من هیچ بڕوام بەو جیلەی ئێستا نەمایە. پێشتر کۆبوونەوەکانمان لەسەر کشتوکاڵ و مەڕداریبوو، ئێستا بۆتە جنس... فەرهەنگی من ڕێگام پێدەدا ئەمجۆرە منداڵانە بکوژرێن... ئەو لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت: خێڵەکانی دیکە بە ڕێگای خۆیان مینگییان ڕاگرت، دەبی ئێمەش ڕێگایەکی خۆمان بۆ ڕاگرتن بدۆزینەوە.

هەموو پیاوەکان، بە پێوە لەبەردەم دانیشتووان دێن و دەچن، دارێکیان لەدەستە و قسەدەکەن. ئەوەی دەیانەوێ بە ئازادی دەیڵێن، کەس لە گوتنی ڕای خۆی ناترسێ، ماستاو بۆیەکتر ساردناکەنەوە و خەڵک گوێ لەقسەکانیان دەگری تا ئەو کاتەی هیچی بۆ گوتن نامینێ، کەسێکی دیکە دەستپیدەکاتەوە. من سەیری ئەم گفتوگۆ گەرم و چارەنووسسازە دەکەم و بیر دەکەمەوە، کە ئەوان هیچ لە فەرهەنگی یۆنان و رۆم شارەزانین، ئاگایان لە دیموکراتییەت نییە، لەگەڵ ئەوەش بە جوانترین شێوە پەیڕەوی ئازادی ڕادەربڕین و بنەماکانی دیموکڕاتییەت دەکەن. من بەو دانیشتن و ڕاستگۆییەی ئەوان سەرسامم، بەو شێوە قسەکردنە جوانانەیان سەرسامم، بەتایبەتیش لەوکاتەی پیرەپیاوێک دەڵێ: ئێوەی پیرەکان دژی ئەم ڕیفۆرمەن و دەتانەوێ لە کوشتن بەردەوامبن... دەبی بیربکەنەوە، ئایا مینگی کۆمەڵگا بریندار دەکا یان یارمەتی دەدا؟ من چەندی بڵێی لە ئێوە توڕه‌م. مینگی هەموو ژیانی منی داگیرکردییە. خەڵكی ئێمە خواردنی بەش ناکات و وەک پیرەپیاو، واجبی منە چارەیەک بۆ ئەمە بدۆزمەوە. ئێمەی پیرەپیاوان دەبی بڕیارێک بۆ داهاتووی خێڵی خۆمان بدەین، دەبی بۆ ژن و منداڵەکانمان باسبکەین، لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ باس لە چ کرا، چ بڕیارێک درا. هەر لەم کۆبوونەوەیە بڕیاردرا، دەرگای پێش گوند لاببەن، چونکە لەوکاتەی منداڵی مینگییان دەکوشت، دەبوایە دایکی منداڵ بهێنن و لەبەردەم ئەم دەرگایە لە گوناح پاکی بکەنەوە.

ئێستا، هەموو دانیشتوانی گوندی دوس لە نزیک دەرگای گوند کۆبوونەوە، مەڕێکیان هێنا و کردیانە قوربانی. Dore Akir مەلیکی گوند گوتی: بڕیارماندا، مینگی نەهێڵین، بەڵام بۆئەوەی بڕیارەکەمان قبوڵبکرێ و تێبگەین، کە بەڕاستی بڕیارێکی دروستمان دایە، داوا لەخودا دەکەین، خێر و بەرەکەتی خۆیمان بە باران بۆبنێری... پێنج خولەک ڕەتی نەکرد، بارانێک باری، هیچ پیرەپیاوێک لەژیانی ئەو بارانەی نەبینیبوو... ئەوە بەڕاستی موعجیزە miracle - بوو.

بەمشێوەیە کوشتنی منداڵی مینگی لە دۆڵی ئۆمۆ قەدەغەکرا، بەڵام هێشتا هەمان دابونەریت لەلایەن 50 هەزار کەس لەناو شەش خێڵی ناوچە بەردەوامە.