بەرگریكردن دژی جەنگی دەروونی دژی کوردستان

Kurd24

 

 

دەروازە:

سەدەها دەزگای فەرمی ونیمچە فەرمی جۆراوجۆری عيراقی جەنگێکی دەروونی بەرفراوانیان دژی كوردستان بەرپاکردوە، بەئاشكرا مەبەستیان هاندانی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەوەی دژی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان شۆرش بكەن وبگەرێنەوە بۆ باوەشی دەسەڵاتی عیراقی، وخاكی كوردستان پەرتبكەن وپرسە نیشتیمانیە سەرەكیەكانیان پشتگوێ بخەن وخۆیان گیرۆدەی گرفتی ململانی ناوخۆیی ببنەوە، بەبێ شاردنەوە ئەم هەنگاوانە لەلایەن سەرجەم دەزگا سیاسی وئەمنی وئابووری وكۆمەڵایەتی ومیدیاییەكانیان ئەنجامدەدرێت، جەنگی دەروونی ئەوانیش دژی كوردستان تەنها بەزمانی عەرەب وفارسی وتوركی ئەنجامنادرێت بەڵكو بەزمانی كوردی ولەرێگای كەسایەتی سیاسی وئەمنی ومیدیایی وئەكادیمی كوردیش ئەم كارە ئەنجام دەدرێت. هاوشان ئەم جەنگە دەروونیە كوردستان رووبەرووی جەنگی میدیایی لەئاستی نێودەوڵەتییش دەبێتەوە ، ئەو جەنگە كە هەندێ لایەنی كوردی تیایدا بەشدارن كار دەكات بۆ تێكدانی وێنەی كوردستان لەناو رای گشتی نێودەوڵەتیدا.

لە كوردستان دەزگایەكی فەرمی بۆ میدیایی نیشتیمانی نیە، وەكو وزارەتێكی تایبەت، یان وەكو دامەزراوەیەكی حكومەتی تایبەت، بۆ ئەوەی لەكاتی جەنگدا ئەركی نیشتیمانی خۆی بگێرێت لەبەرگریكردن لە وڵاتدا، وە ببێتە وتەبێژی میدیایی فەرمی وە وەكو دەسەڵاتێك لەدەسەڵاتەكانی گەل دەركەوێت بە بەرگریكردن دژی جەنگی دەروونی، كە لەلایەن دوژمن رادەگەیەنرێت، ئەمەش وەهای كردوە كوردستانییەكان زیاتر لە كەسانی دیكە بەرەوڕووی نەگرسی جەنگی دەروونی ببنەوە بەبێ ئەوەی لایەنێك هەبێت لایەنی كەم كاریگەری نەرێنی ئەم جەنگی لەسەریان كەم بكاتەوە، جگە لەوەش هیچ (جەنگێكی بەرگری دەروونی) بۆ وڵامدانەوەی جەنگی دەروونی بەدی ناكرێت. ئەمەش نەهامەتی لەسەر ئەم گەلەی ئیكجار زۆر كردوە، وزۆریش كاریگەری خراپی كردوە لەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیان سیاسی وئابووری وكۆمەڵایەتی وتەنانەت كەلتوریش، هاوكات لەوەش زۆرێك هەن بە راستەوخۆ ویان ناراستەوخۆ كەوتونەتە ژێر كاریگەری وتاری میدیایی دەرەكی بەمەش بونیادی پێناسەی وتاری نیشتیمانی لای ئەوان پەرتەوازە بووە.

پشت بەم گریمانەیە Hypothesis  سەرەكیە ئەم بابەتە هەوڵ دەدات چوارچێوەیەكی تیۆری بۆ بەگڕخستنی رۆڵی نیشتیمانی لە بەرگریكردن دژی جەنگی دەروونی كە دژی میلەتەكەیان رادەگەیەنرێت ئەنجامبدات، ئەم هەوڵەش لەژێر ناونیشانی رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن دەبێت لە بەرگریكردن دژی جەنگی دەروونی، بەشێوەیەكی گشتی، ئەم بابەتە ئاراستەی میدیاكاران ودەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت ودەستەبژێری رۆشنبیری كە لە رێگای سۆشیال میدیا بەرگری دەكەن دژی جەنگی دەروونی، ولەهەمان كاتیشدا ئاراستەی خوێنەری ئاسایی دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت قەڵغانێكی بەرگری خودی بۆ خۆی ئەنجامبدات چونكە دەرەنجامی جەنگی دەروونی ئاراستەی ئەو دەكرێت.

 یەكەم: رەگەزە تایبەتەكانی جەنگی دەروونی دژی كوردستان:

بونیاد و رەگەزی تیۆری سەرەكی جەنگی دەروونی دژی كوردستان دەگەرێتەوە بۆ دوو رەگەزی سەرەكی ئەویش:

  1. رەگەزی ئاینی ئیسلامی: لەناو ئەدەبیاتی ئیسلامی سیاسیدا جەنگی دەروونی پیرۆزی وگرنگی خۆی هەیە وبەچەكێكی گرنگ وهەستیار هەژماری دەكەن لەكاتی جەنگ و لەسەردەمی ئاشتیدا، ولەبەر ئەوەی رژێمی سیاسی لەعیراق وئێران وتوركیا رژێمی ئیسلامین ولەبەر ئەوەی پابەند بوونی خۆیان دووبات دەكەنەوە لەسەر بنەماكانی جەنگی دەروونی(شەرعی) وبەشانازیەوە ئاماژەی پێدەدەن بۆیە وەكو رەگەزێكی پێكهێنەر وپێشینەیەكی سەرەكی جەنگی دەروونی دژی كوردستان هەژمار دەكرێت.

گرنگترین بنەما ئیسلامیەكانی جەنگی دەروونی:

- پەنا بردن بۆ ئایاتی ئیسلامی بۆ پیرۆز راگەیاندنی جەنگ دژی كوردستان. كە بەكاریدەهێنن لەهەموو بۆنەیەك باس لە هەرەشە یان جوڵاندنەوەی سەربازی بكات بۆ سەر كوردستان وزۆرترین ئایەت بەكاردێت ئەوانەیە كە پێیان وەها بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ سەركەوتنی ئیسلامە بۆ سەر دوژمنەكانیدا.

- بەكارهێنانی درۆ وبەڵێنی نادروست وپابەندنەبوون بە هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی ئەویش لەژێر پەردەی ئاینی جێگای دەكەنەوە چونكە دەڵێن لەئیسلامە هاتووە جەنگ هەڵخەڵەتاندنە.

رەگەزەی شۆڤینی نەتەوەیی:

  1. لەم جەنگە رەگەزی نەتەوەیی زۆر بەزەقی دەركەوتووە ، وپشت بە هەست وسۆزی شۆفینی توركی وفارسی وعەرەبی هەموو رێكارەكانی دژایەتی دژی كوردستان رێگاپێدراوە وبە جەنگی شكاندنی ئیرادەی قەومی هەژماری دەكەن. وئەم ئاراستەیەش لە وتاری ئۆردۆگان وعەبادی بەئاشكرا بەوتارەكانیان ئاماژەی پێدەدەن. وهانی لایەنگرانی خۆیان دەدەن بە رووبەرووبوونەوەی كوردستان لەبەر ئەوەی هەرەشە لەسەر نەتەوەكانیان دروست دەكات. بەهۆی رەگەزی شۆڤینی نەتەوەیی ئاست ودژایەتی هەموو سونبلەكانی كورد دەكەن بەتایبەت ئاڵای كوردستان.

 دووەم: رەگەزە گشتیەكانی جەنگی دەروونی لەسەر كوردستان:

لەجەنگی هاوچەرخ جەنگی دەروونی ئامرازێكی سەرەكی جەنگە رومڵ سەركردەیەكی سەربازی ئەلمانی بوو لەجەنگی جیهانی دووەمدا دەڵێت ((سەركردە دەبێ كۆنترۆڵی بیركردنەوەی دوژمنەكانی بكات پێش جەستەیان))، سان تزو دەڵێت ((گرنگترین هەنگاو ئەوەیە باری دەروونی دوژمنەكەت بروخێنێت پێش ئەوەی جەنگ دەستپێبكات بەوەش بەبێ جەنگ درەوخێت))، لەجەنگی دەروونی خۆبەدەستەوەدان وملكەچ بوون بەبێ بەرگری گەورەترین ئامانجی ئەو جەنگەیە. جەنگی سارد لەچەند روویەكەوە بەگەورەترین ودرێژترین جەنگی دەروونی هەژمار دەكرێت، جەنگی دەروونی دەبێتە جەنگی ئیرادە ومەبەستی شكاندنی ئیرادەی بەرامبەرەكەیەتی.

لە رەگەزی گشتی جەنگی دەروونی چوار ئامرازی سەرەكی دەردەكەوێت:

پروپاگندە:

ئامرازەكانی میدیا بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی بیرو وباوەر وهەواڵی مەبەستدار وبەمەرام بڵاوبكاتەوە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی ببن بەخاوەن ئاراستەی جۆراجۆر ودژ بەیەك، پروپاگندە شێوازێكە لەشێوازەكانی جەنگی دەروونی ئامانجی سەرەكی لەكاتی جەنگدا ئەوەیە بەرامبەرەكەیان ددان بە دۆڕاندن بدەن وبڵێن ((ئێمە دۆڕاین چیتر بەرگری سوودی نابێت دەبێ ملكەچ بین بە گفتوگۆ))

هەنگاوەكانی پروپاگندە

- دروستكردنی ناكۆیی ناوخۆیی.

- چاندنی تۆی نامتمانەیی لەنێوان پێكهاتە سەربازی وئەمنی ومەدەنی ناو ئەو كۆمەڵگەیە.

- رووخاندنی ورەی گشتی وبڵاوكردنەوەی بێ ئومێدی.

 واتەوات (الإشاعة)

 بەكارهێنانی برگەیەكی بابەتی وزۆر نەوعی وەكو پێشەكیەك بۆ باوەركردن بۆ ئەوەی هەواڵێك یان پێشبینیەك یان هێرشێك بگەیەنرێت، یان هەواڵی درۆ ودوور لە راستی بڵاوبكرێتەوە، وبەبكارهێنانی موبالەغە وگەورەكردنەوە كاریگەری ئەو واتەواتە زۆر زۆرتر دەبێت. بەپێشكەكەوتنی واتەوات ئێستا پسپۆری وتایبەتمەندی وەرگرتووە وەكو واتەواتی ئابووری – سیاسی – سەربازی- ئەمنی...هتد ولەم سەردەمە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان بونەتە موڵگەیەكی بەهێز بۆ بڵاوبوونەوەی واتەوات. دوو جۆری واتەوات هەیە:

- واتەواتی ترساندن

- واتەواتی سەرنجراكێشان وقایلكردن بۆ ئەوەی بەدۆخێكی خراب ونالەبار ملكەچ ببن.

 دروستكردنی قەیران وپیلانگیری:

دروستكردنی قەیران ودانانی پیلان وچنینی پیلانگیری ، ئامرازێكی گرنگی جەنگی دەروونیە، ئەم رێكارە پێویستی بە بەكرێگیراو وخۆفۆروشە لەناو پرۆسەی سیاسی ئەو ئەوڵاتە، هەڵدەستن لەژێر بیانووی جۆراوجۆر بە دروستكردنی قەیرانی بەردەوام هەر جارێك ماوەیەكی زۆر دۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی پێ تێكدەدەن.

قەیران لە روودەواكان دروست دەكرێت، هەرچەندە ئەو رووداوە ئاسان بێت بەڵام ئیستغلالی دەكەن بۆ ئەوەی بیكەن بەقەیرانێكی گەورە، مەبەستی سەرەكی قەیرانەكان لێدانی یەك رێزی ومەشغولكردنی میللەتێكە ژیانی ناوخۆیی سیاسی وبێ ئومێدكردنیانتاوەكو رێزیان بۆ سەركردایەتی سیاسی خۆیان نەمێنێت لەو كاتەش دەبتە پارویەكی ئاسان بۆ دوژمنەكانیان وسەرەنج وخۆشەویستی ورێزیان دەجولێتەوە بۆ سەركردەكانی دوژمنەكانیان.پیلانگیری

پیلانگیری پرۆسەیەكە لەنێوان نوخەبی سیاسی ئەنجامدەدرێت هەندێك لەو سیاسیانەی كە خائینی وڵاتی خۆیانن هەڵدەستن بە چاندنی تۆی پیلانگیری ولە ئاستێكی دیاریكراودا داوی ئەو پیلانانە ئاشكرادەكرێت ، دواتر پەردەپۆشدەكرێتەوە بەم پێیەش متمانە لەنێوان دەستەبژێری سیاسی نامێنێت، وئەگەر پێككەوتنیان ئیكجار كەم دەبێتەوە وكێشەكان زۆرتر دەبنەوە، دواتر زنجیریەك پیلانی سیاسی وئابوری لەلایەن دوژمن ئەنجامدەدرێت بەیارمەتی كاڵفامەكان وخائینەكان كە دوژمن بەوردی هەندێكیان ئاشكرادەكات لەلایەن كەسانی دیكەی لایەنگیری خۆیان بەمەش تەواوی پرۆسەی سیاسی لەناو ئەو وڵاتە دەخنە ناو پۆسەی گومان ودژایەتی یەكتری تاوەكو ململانی ناوخۆیی بتەقێتەوە. وبەرەیەكی بەرگری لەناو وڵات دەرخوێنن وبەرەیەك بۆ بەكرێگیراوان دروست دەكەن دواتر بەسەركەوتنی جەنگی داگیركاری وڵات تەسلیمی ئەو خۆفۆرشانە دەكرێت.

 بڵاوكردنەوەی تۆقاندن وپشێوی:

ئامرازێكی گرنگی وهەستیاری جەنگی دەروونییە، كاردەكات لەسەر ترس وتۆقاندن لە رێگای تیرۆر بۆ مەبەستی ترساندنی میلەتێك، ئەم كارەش لەرێگای چەندین رێكاری سەربازی ومیدیایی وئەنجامدانی تاوانی تیرۆر وچەندین كردەوەی دیكە، وخۆفرۆشان لەناو ئەو وڵاتەش هەڵدەستن بە نیشاندانی ترس وبێ ئومێدی بەرامبەر بەو كردەوانەی دوژمن تاوەكو ئەو دوژمنە زاڵ ببێت لەسەر وڵاتدا. بڵاوكردنەوەی تۆقاندن وەها دەكات دڵەراوكێ بڵاوبێتەوە لەهەموو ئاستەكان بۆ ئەوەی رێچكەی سقامگیری وجێگیری لەناو وڵات لەق ببێت ودواتر برۆخێت.

 سێیەم: بوارەكانی جەنگی دەروونی وئامانجەكانی:

ئاست وبواری جەنگی دەروونی كراوەیە وهەموو مەبەستێكی سیاسی تیایدا بەردەست دەكرێت.

دروستكردنی گومان وهەڵخەڵەتاندن وتۆقاندن ونەهێشتنی دۆست یان بێلایەنكردنیان وزیادكردنی دوژمن رووخاندنی متمانە...هتد ئامانجی سەرەكی جەنگی دەروونین.

نەهێشتنی گیانی پابەندبوون و وەفا وخۆشەویستی وڵات.

دروستكردنی جاش ولایەنگران كە دواتر دەبن بە سەرلەشكری جەنگی دەروونی چونكە كاریگەری ئیكجار زۆر ویەكلاكەرەوەیان دەبێت.

لاواز كردنی باوەری خەلك بە دۆزی رەوای خۆیان، وداڕماندنی هەستی نەتەوایەتی لەناو ئەو وڵاتە. چونكە هەستی نەتەوایەتی دیواری پۆڵایینی بەرگریە دژی جەنگی دەروونی.

چوارەم: مەودا وسنووری جەنگی دەروونی:

یاسایەك نیە سنور بۆ جەنگی دەروونی دابنێت تەنها بونیادی ئەخلاقی وئاستی نەزاهەتی ئەو لایەنەیە كە جەنگكە دەكات، لەزۆربەی حاڵەتەكانیش ئەوانەی جەنگی دەروونی رادەگەیەنن هیچ لەوبنیادە ئەخلاقیە پیویستەیان نیە وپابەند نابن بە بنەماكانی مافی مروڤ ورێزیش لەكەرامەتی تاكەكان ناگرن. كەسیش ناتوانێت چاودێری لەسەر جەنگی دەروونی دابنێت. دەرەنجامەكانی ئاوێتە دەبێت بە كراوەیی رهەندی زەمان. وبەگشتی ئەوانەی جەنگی دەروونی ئەنجامدەدن ساڵانێك بەردەوام دەبن لەئەنجامدانی تاوەكو دەرەنجامەكەی دەردەكەوێت. لەپشت پەردەی ئاین ودیموكراسی ومەدەنیەت وداواكاریەكانی چاكسازی یان رەخنەگرتن لە ئەدای كار یان باوەرنەبوون بە سیستەمی باو یان داواكاری بۆ باشكردنی باری دارایی وئابووری جەنگی دەروونی كار بۆ ئامانجەكانی خۆی دەكات رۆژنامە ورادیۆ وتەلەفزۆین وەكو ئامراز بەكاردەهێنێت ورووداوەكان دەقۆزێتەوە وهەندێ جار رووداوەكان دروست دەكات.

پێنجەم: بەكارهێنانی راگەیاندن لەجەنگی دەروونیدا:

جەنگی دەروونی زۆر لەجەنگی سەربازی ترسناكتر وكاریگەرترە، بەڵكو لەم سەردەمە زۆرێك لەجوڵەی سەربازی ئەنجامدەدرێت بۆ مەبەستی بەهێزكردنی لایەنی جەنگی دەروونی، كاریگەری ترسناكی جەنگی دەروونی دەگەرێتەوە بۆ كاریگەریەكانی لەسەر وڕە ومۆاڵی تاكەكاندا وە ئاراستەی دارماندنی وجیدانیان دەكات، وبەشێوەیەك ئەنجامدەدرێت زۆر لەراستیەكان نزیك بێت وچەندەها رەگەزی راستیش بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵك باوەرپێكراوبێت، ونەتوانن دڕك بەوە بكەن كە ئەمە جەنگی دەروونیە، بەڵكو پێیان وەهابێت ئەمە بۆچوونێكی راستگۆیانەی دەربرینی رەخنەگرانەگرانەیە. بەمەش زۆرێك لەخەڵك بروای پێدەكات وزۆرێكیش بەمەترسیەكانی ئاشانانابن وهیچ بەرگری دژی ناكەن، بۆیە جەنگی دەروونی ئامانجەكانی خۆی جێبەجێ دەكات، بەرەی جەنگی دەروونی ئیكجار كراوە و ئالۆزە، جەندەها رەگەزی دژ بەیەك لەناویدا بەكاردێت وهێرش دەكاتە سەر هەموو كەسێك هەر لەمنداڵەوە تاوەكو مردووەكانیش، كەلتور ومێژوو وبیروباوەر ومەدەنی وسەربازی ..هتد.

شەشەم:  رێكاری رووبەرووبوونەوەی جەنگی دەروونی بە راگەیاندن:

بەهێزكردنی باوەر بە راستی ودروستی وئەحقیەتی پرسی نیشتیمانی كە لەپێناویدا خەبات دەكرێت. جەنگی دەروونی هەگیز كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە ناكات كە لەرووی هزری وباوەردا جێگیرن. وهیچ كات لە هەرەشە وتۆقاندن ناترسن وباوەر بە واتەوات ناكەن وهێرش وپیلانەكانی دوژمن ملكەچیان ناكات، بەتەماعی پول وپارە خۆیان نافرۆشن.

راگەیاندن ئەركێكی زۆر گەورە دەگێرێت بۆ خولقاندنی هەستی ئازایەتی ودلێری لەناخی تاكەكانی وڵات وچەسپاندنی گەیانفیدایی وفەزح كردنی سیاسەتی دوژمن وبەكرێگیراوەكانیان.

هەموو زانایانی جەنگی دەروونی وزانایانی دەروونناسی ئەو راستیە دەزانن كە جەنگی دەروونی كاریگەری دەكات سەر ئەو كەسانەی كە باوەریان بە راستی ئەو پرسە نیە كە خەباتی بۆ دەكەن. بۆیە بەهێزكردنی هوشیاری نیشتیمانی باشترین وگونجاوترین چارەسەرە بۆ كاریگەری ومەترسیەكانی جەنگی دەروونی.

حەوتەم: شێوازی بەرگری دژی پرۆوپاگندە لەرێگای راگەیاندن:

بۆ ئەوەی رووبەرووی جەنگی دەروونی ببیتەوە دەبێ لەمەترسیەكان ودەرهاویشتەكانی تێبگەیت، وگرنگترین هەنگاوەكانی بەرگری كردن دژی جەنگی دەروونی بەم شێوەیە دەبێت

بەدرۆخستن، شێواز وكات و لۆجیكی بەدرۆخستن دەبێتە سونگی مەحەك وئەگەر بەدرۆخستنەوەی بەهێز نەبێت ئەوە رەنگە ببێتە ریكلامێك بۆ ئەو واتەواتە وخەڵك لەرێگای بەردۆخستنەوەكە باوەر بەو واتەواتە بكات.

وڵامدانەوەی پرۆوپاگندە لەلایەن كەسایەتێكی بەناوبانگ لەو بوارەی واتەواتەكەی لەسەر كراوە ئەو كاتە وڵامی ئەو كەسایەتیە دەبێتە بنەمای پوچەڵكردنەوەی ئەو واتەواتە.

وڵامدانەوە لەرێگای فیچەری تەلەفزیۆنی یان پرۆوپاگندەی بەرگری.

وڵامدانەوە لەرێگای بەڵێن وپەیماندان.

هەشتەم: مەرجەكانی وڵامدانەوەی واتەوات:

لۆجیكی بەهێز

وتاری كاریگەر

زانیاری دروست

خێرایی

نۆیەم: مەرجەكانی وڵامدانەوەی ترساندن وتۆقاندند

- بەهێزكردنی گیانی فیداكاری.

- پوچەڵكردنی فیز وفشی دوژمنان.

- بەهێزكردنی هوشیاری ئەمنی وپابەندبوون بە بەرگری.

- پرۆتستۆكردنی وتاری دوژمن.

دەیەم: مەرجەكانی وڵامدانەوەی پیلانگیری وقەیران:

- چاودێری دۆخی گشتی ورێگری كردن لەبەردەم هەر بیانویەك بۆ دروستكردنی قەیران لەرێگای هوشیاری گشتی بۆ ئەو پیلانانە.

- بەهێزكردنی گیانی تەبایی ویەك ریزی

- بەرزكردنی هەستی خۆشەویستی وڵات لەناخی تاكەكاندا چونكە خۆشەویتی وڵات بەهێزترین تریاقە بۆ رێگریكردن لەبەردەم خیانەت.

- پرۆتوستۆكردنی خیانەتكاران ولەعنەتلێكردنیان بۆ ئەوەی ببن بەعیبرەت وكەس رێزیان لێ نەگرێت.

یازدەیەم: مەرجەكانی وڵامدانەوەی پشێوی:

- جەخت كردنەوە لەسەر یەك ریزی.

- پابەندبوون بە رێسا ورێكارەكانی هێزی بەرگری نیشتیمانی.

- بەرزكردنی گیانی هاوكاری وهاریكاری گشتی لەنێوان هاوڵاتیان.

- بەهێزكردنی گیانی خۆشەویستی وڵات.

دوازدەیەم: ئەركی دەزگاكانی راگەیاندن لە بەرگری لە نیشتیمان ورووبەرووبوونەوەی جەنگی دەروونی:

ئەوانەی جەنگی دەروونی ئەنجامدەدن دەبێ شارەزابن لە خسڵەتەكانی جەنگی دەروونی، وتێگەیشتنیان هەبێت بۆ سروشت ورەوشتی ئەو میللەتە، بۆ ئەوەی بتوانێت خالە لاوازەكانی بدۆزێتەوە بەشێوەیەكی گشتی لە مێژوودا سەڵمێندراوە كە هەموو شاڵاوەكانی جەنگی دەروونی ئەو كەسانە دایدەرێژن كە لەناو ئەو وڵاتانە بۆ ماوەیەكی زۆر ژیاون ، وچەندین بەكرێگیراو وخۆفرۆشانیان لەگەڵ دایە، ئەركی ناساندنی میلەتی خۆیان دەكەن بۆ دوژمنەكان ولەهەمان كاتیشدا ئەركی وەرگێران وچەندین ئەركی دیكە ولەزۆر حاڵەتیشدا دەبن بە جێبەجێكاری ئەو هەڵمەتە، بەگشتی دەزگاكانی هەواڵگری ومیدیاكان رۆڵی سەرەكی دەگێرن لەو جەنگە. بەرپرسیارێتی بەرەنگاری دژی جەنگی دەروونی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو میللەت، بەلام لەم سەردەمە لاوان ورۆشنبیران لەرێگای هەست وسۆزی خۆیان بۆ وڵاتەكەیان دەبن بەقەڵغانی بەرگری دژی جەنگی دەروونی، ودام ودەزگاكانی راگەیاندن بەهێزترین چەكی میللەتن بۆ بەرگری دژی جەنگی دەروونی دوژمنكاری:

بڵاونەكردنەوەی ئەو هەواڵانەی یان ئەو زانیاریانەی باس لە دۆخ وبارودۆخی سەربازی وئابووری وكۆمەڵایەتی وڵات دەكات چونكە دوژمن كۆی دەكاتەوە وسوودی لی دەبینێت بۆ رێكخستنەوەی پیلانەكانی جەنگی دەروونی.

پاراستنی نهێنێەكانی ووڵات، ورێگرتن لەبەردەم دركاندنی نهێنیەكان بۆ ئەوەی لایەنی دەرەكی ئەو نهێنیانە نەكاتە دەروازەیەك بۆ داگیركردنی وڵات.

هەستان بە ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی ئەرێمی وكاریگەر لە مەیدانی گشتیدا بۆ ئەوەی هوشیاری نەتەوەیی زیاد بكرێت، وبەرپەچدانەوەی هەموو جۆرە هەست وكردارێكی خۆفرۆش یان بەلالادەر كە دەیەوێت سەرەنجی ناوخۆیی بەلا بەرێت بۆ پرسی دیكە.

تێگەیاندنی خەڵك بە كاریگەری وروكنەكانی جەنگی دەروونی كە دوژمن بڵاویدەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵمەتی هوشیاری نیشتیمانی بەرفراوان ئەنجامبدرێت.

گەشەپێدانی هەستی متمانەیی بەخوی نیشتیمانی ونەتەوەیی وباوەركردن بە دروستی وراستی وبێگەردی ئەو پرسە كە خەبات لەپێناوی دەكرێت.

بەكارهێنانی لۆجیك بۆ رووبەرووبوونەوەی پیلانەكانی جەنگی دەروونی.

بەهێزكردنی گیانی بەرگری لەناو میللەتدا دژی ئەو دژواریانەی جەنگی دەیخولقێنێت.

بەردەوامكردنی خەبات وبەرگری وبەهێزكردنی هیوای سەركەوتن وهاندانی كۆمەڵانی خەڵك بەهەموو توێژ وچینەكان بۆ بەشداركردنی چالاك وبەهێز لەجەنگدا وبەتایبەت لە رووبەرووبوونەوەی.

رێگرتن لەبەردەم دروست بوون وبڵاوكردنەوەی بنەماكانی خۆفرۆشتن وخۆبەدەستەوەدان كە خۆفرۆشان لەناو میلەتێكدا بڵاویدەكەنەوە لەژێر پەردەی بەرژەوەندی.

بایەخ دان بە ئامادەكاری گیان وتوانای بەرگری لەناو خەڵكدا بەكردنەوەی خولی بەرگری مەدەنی ورێكخستنی خەڵك بۆ پشتیوانی لە دەزگا ئەمنیەكان وچۆنێتی گەیاندنی هاوكاری وپیشتیوانیكردنی بەرەكانی جەنگ.

هوشیاری بەردەوام بۆ خەڵك وهێزەكانی بەرگری بە مەترسیەكانی باوەر كردن بە میدیاكانی دوژمن وهاوپەیمانەكانی وئاراستەكردنیان بۆ پابەندبوون بەسەركردایەتی نیشتیمانی.

گەشەپێدانی پەیوەندیەكی دروست وتەندروست لەنێوان هێزی بەرگری وهاونیشتیمانیان.

بەهێزكردن وچالاكردنی یەكەی راگەیاندنی جەنگ.

خوڵقاندنی گیانی پێشرەوی لای هێزە نیشتیمانیەكان.

پشتیوانیكردنی گەیانی پابەندبوون بە رێنمایی ورێساكان لەكاتی جەنگ.

پشتیوانی كردنی دۆزی نەتەوەیی كورد لەبەردەم رای گشتی نێودەوڵەتی

ئەنجام:

هەموو كەسێك خۆی بەرۆشنبیر دەزانێ وهەموو دەزگایەكی میدیایی بەرپرسی مێژووی لەسەر شانە بۆ بەرگریكردن لە وڵات ورووبەرووی شاڵاوەكانی جەنگی دەروونی بێتەوە كە لەسەر كوردستان ئەنجامدەدرێت، میدیاكاران ودەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان بەتایبەت ئەوانەی پەیرەوی سیاسەتی نیشتیمانی دەكەن نەوەكو ئەوانەی پەیرەوی سیاسەتی بەرتەسكی حزبی یان ناوچەیی یان بازرگانی دەكەن دەتوانن هەڵمەتێكی نشتیمانی بەرفراوان وبەردەوام ولەماوەی ئەم جەنگە رابگەیەنن بۆ ئەوەی پیلانەكانی جەنگی دەروونی بەسەر كوردستان كاریگەری نەبێت ونەتوانن پیلانەكانیان جێبەجێ ببێت. چونكە شاڵاوەكانی جەنگی دەروونی پشێوی لەناو كۆمەڵگە دروست دەكات وهەستی متمانەیی كەم دەكاتەوە وگیانفیداكاری لەناو تاكەكان لاواز دەكات، لەوەش مەترسیدارتر هەستی بێ ئومێدی وبێ توانایی بڵاودەكاتەوە، وپشتیوانی بەهێزكردی ئاراستەكانی خۆبەدەستەوەدان وخۆفرۆشتن دەكات. جەنگی دەروونی كار دەكات بۆ دروستكردنی درز لەنێوان میللەت ودەسەڵات هەر بۆیە سەركردایەتی سیاسی لاواز دەبێت بۆ نمونە لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هاوپەیمانان وبەهەمان شێوە ئەڵمانیەكانیش پروپاگندەیان بڵاودەكردەوە كە گوایە ئەوان دژایەتی میللەت ناكەن بەڵكو دژایەتی حكومەتەكانی دەكەن، لەزۆر حاڵەتیشدا دەیانگوت ئێمە دەمانەوێت میللەت لەو حكومەتە گەندەڵانە رزگاربكەین، بەو شێوەیەش ئامرازێكیان بەكاردەهێنا بە لاوازكردنی هێزی بەرگری لەناو میللەتدا بەوەی ئەوان لەم جەنگە مەبەستدارنین وئەوانەی مەبەستی دوژمن تەنها سەركردەكانە.  لەكۆتاییدا هیوادارم میدیاكاران ئەو راستیە هەرگیز فەرامۆش نەكەن كە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیایی گەیاندن رۆڵی مێژووییان ئیكجار زۆر بۆتەوە هەر وەكو پێشمەرگە ئەركی خەبات وبەرگری نیشتیمانیان لەسەر شانە..