رۆژئاوای کوردستان : بۆچی سیاسەتی ئەمریکا ناجێگیرە؟

Kurd24

پەلاماری داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دواتریش بە هاناوە هاتنی ئەمریکا و دروستکردنی هاوپەیمانەتییەکی نێودەوڵەتی بۆ روبەرو بوونەوەی  هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سوریا، بوونە  پاڵنەر و سەرتایەکی بەهێزی دروست بوونی پەیوەندی سەربازی  نێوان ئەمریکا  و  YPG و ئیداری خۆجێی روژئاوای کوردستان. ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کە ئیدارەی ئومابا پیێوا بووە کە  ستراتیژیەتی لاوازکردن و لە ناوبردنی داعش تەنیا لە ڕێگەی عێراقەوە سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر بەرەیەکی دیکەی نۆی شەڕ دژی ئەم ڕیکخراوە لە سوریاش نەکرێتەوە.

 لەم چواچێوەیەشدا دوای شکستهێنان و بێهیوا بوون  لە دروسکردنی هێزیکی چەکداری سیکولەر و میانرەوی عەرەبی سوونی لە سوریا و دەستبەردار بوون لە پروگرامی پرچەکردنییان، بەرپرسانی ئەمریکا بێریان  لە بەکارهێنان و پاڵپشتی کردنی هێزی YPG کردەوە وەک هاوپەیمانێکی باوەرپێکراو و ئەلتەرناتیڤەک لە شەڕی دژی داعش. بە تایبەت بەرپرسانی ئەمریکا لەو باوەرەدا بوون کە ئەو ئەزمونە باش و سەرکەوتووەی  کە لە گەل هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەیانە دەکرێت لەگەل کوردی سوریا دوبارە بکرێتەوە. دەرئەنجامی ئەکتیڤی ئەم  سیاسەتە نۆیەی ئەمریکا و هاوپەیمانی گڕیدان لە گەل YPG لە شەرەکانی کوبانێ، گری سپی و ئەم دوایەش مەنبج بەدەرکەت و ئەمریکا  رێگەی هێزی هەواییەوە ڕوڵی سەرەکی بێنی لە پاڵپشتی کردنی کورد و شکست پێهێنانی داعش.

  بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، وێرای هەماهەنگی بە هێزی سەربازی نێوان ئەمریکا و YPG ، سیاسەت و هەڵوێستی ئیدارەی ئوباما لە هەمبەر روژئاوای کوردستان و پشتگیریکردن لە کیانێکی کوردی لە رووی سیاسییەوە تاکو ئێستا تارادەیەک ناجێگیرە و لە ئاستی پێویستدا نییە. ئەمەش بە دریژای دوو ساڵی رابردوو بە ئاشکرا هەستی پێدەکریت کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە هەر جۆرە لێدوانێک بە ئاراستەی لایەنگری کردن لە دروستکردنی کیانێکی ئۆتۆنۆمی کوردی لەم بەشەی کوردستان بە دوور گرتووە و لە لێدوانە فەرمییەکاندا تەنیا هاوبەشی کردنی کوردی گرێدراوە بە شەڕی دژی داعشەوە.

لە راستێدا ئەم سیاسەتە ناجێگیرەی ئەمریکا  بەمانای ئەوە  نییە کە ئەم وڵاتە لەگەڵ دامەزراندنی کیانێکی ئۆتۆنۆمی کوردی نین لە سوریا یان دژی دەوەستن. ئەمریکا باش لەوە تێگەیشووە کە  شەری تایفی  نێوان شیعە و سوونە، ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورە جوگرافییەکەی بەرەو لێکترازان و پارچە پارچە بوون بردووە، و سوریا و عێراق لەسەر ئەرزی واقع  بە شێوەیەکی دیفاکتو لە نێوان هێڵی نەتەوەی-تایفی دابەشبووە. بۆیە بەرپرسانی ئەمریکا پییان باشە  هەرێمەکی کوردی هاوپەیمان و جێگەی متمانە لە سوریا دابمەزرێت و ببیتە سەرچاوەی سەقامگیری سیاسی و رەوشی ئەمنی لە سوریا و ناۆچەکەدا.

بەڵام کێشەی سەرەکی  کە روبەروی  بەرپرسانی ئەمریکا بووتەوە لە پاڵپشتی کردنی هەرێمەکی ئۆتۆنۆمی کوردی لە روژئاوا وایان کردوە کە سیاسەتێکی جێگری و سەقامگیر نەبێت پەیوەندی بە دوو جۆرە فاکتەرەوە هەیە. لە لایەک PYD  و دەسەڵاتی خۆجێی لەو بەشەی کوردستان نەیان توانییە لە روی سیاسییەوە هەنگاوی پوزەتیڤ و باش بهاوێژن و دڵنیایی بدەنە ئەمریکا کە لە ئایندەدا نابنە مایەی سەر ئیشان بۆ ئەوان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.  تاکو ئێستاش ئیدارەی ئەمریکا گۆمانیان لە سیاسەت و ڕوانگەی PYD هەیە و دڵنیا نین لەوەی کە ئایا هەبوونی  کیانێکی کوردی ژێر دەسەلاتی PYD  دەبێتە هاوپەیمانێکی باوەرپێکراو بۆیان یان بە پێچەوانە دەچنە ناو بەرەی نەیارەکانی ئەمریکا لە ناۆچەکەدا؟   لێرەدا  هۆکارەکان زۆرن بۆ ئەم  ترس و گومانەی ئەمریکا، لە وانە  پەیوەندی تەومومژاوی  PYD لەگەر ڕژیمی ئەسەد و ئێران، خوجیا نەکردنەوەیان یان پەیرەو نەکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆ  لە سیاسەتی پ ک ک، گرژی پەیەوەندییەکانی لەگەل هەرێمی کوردستان و تورکیا ، گوشارە بەردەوامەکانی لە سەر پارتە نەیارەکانی و دژایەتی کردنی چالاکی سیاسیان و  رێگە گرتن لە چونی هێزی پێسمەرگە روژئاوای بۆ ئەم بەشەی وکوردستان.

 لە لایەکی تریشەوە، سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر کورد بەشێکە لە سیاسەتی گشتی ئەمریکا لە ڕوژهەڵاتی ناڤین و هاوکێشە سیاسییەکانی ناۆچەکە. بێگومان ئاڵوگوڕە سیاسییەکان، بۆچونی هاوپەیمانەکانی  کاریگەریان هەیە لە سەر سیاسەتی ئەم وڵاتە. بە تایبەت ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی زڵهێز  بەشێکی گرنگی بەرژەوەندی ستراتێژی خۆی لە ڕیگەی هاوپەیمانەکانی وەک تورکیا و ولاتانی عەرەبییەوە دەستەبەر دەکەت. بۆیە سیاسەت و هەڵوێستی تورکیا و خۆ نزێکردنەوە لە میحوەری روسیا- ئێران و لێکنزیک بوونەوەی بۆچونەکانیان لەهەمبەر قەیرانی سوریا ، گوشاری لە سەر ئەمریکا  دروستکردووە و بەرپرسانی ئەمریکا  دەترسن ئەو سیاسەتەی کە لە سوریا پەێرەو دەکەن بە تایبەت یارمەتێدانی کورد و پشتێکردنی لە گرۆپەکانی ئوپوزسیونی عەرەبە سوونەکان   ببیتە هۆی دروست بوونی تەوەور بەندێکی نۆی  دژی ئەمریکا و بەرژەوەندەیەکانی  لە دەڤەرەکەدا  کە دوست و نەیارەکانی بگریتە خوو. بە تایبەت ئەمریکا ترسیان  لەوە هەیە دوای تورکیا، دەوڵەتانی عەرەبی سونەش هەمان سیاسەت دژی ئەمریکا بگرنەبەر و بە ئاراستەی هاوپەیمانی کردن لەگەڵ روسیا هەنگاو بهاوێژن. بۆیە لێدوانەکانی جوبایدن  لە ئەنکەرە و  داوکردن لە YPG بۆ پاشەکشەکردن بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، بەمەبەستی  رەواندنەوەی مەترسییەکانی تورکیا و دورخستنەوەی ئەم وڵاتەیە  لە چوونە بەرەی روسیا وئێران کە بێگومان ئەمە هەڕەشە لە پێگەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.

بە شێویەکی گشتی  وێرای ناجێگیری سیاسەتی ئەمریکا  لەهەمبەر روژئاوای کوردستان، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە ئەمریکا دژی هەرێمەکی کوردییە  لەو پارچەی کوردستان. لێرەدا زۆر گرنگە  بۆ گرەنتیکردنی پاڵپشتی سیاسی ئەمریکا،  ئیدارەی خۆجێی روژئاوا و PYD لە سەر ئاستی  سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە گومانەکانی ئەمریکا بڕەوینەوە لەو پەیوەندییانەی کە هەیانە و جێگەی نیگەرانی بەرپرسانی  ئەمریکا و گرنگە بسەلمێنن کە دروست بونی هەرێمێکی کوردی لە بەرژەوەندی ئەمریکا و سەقامگیری ناوچەکەیە و زیان بە هاوپەیمانەکانی ناگەیەنێت.

  

  شارەزا لە سیاسەتی دەروەی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناڤین و پرسی کورد