ئەگەر ململانێی حیزبی لێگەڕێ!

Kurd24

سەرەتا دەبێ ئەو ڕاستییە دووپات بکەینەوە کە هەموومان بە گیان و بە ژیان قەرزداری پێشمەرگەو شەهیدانی نوێ و رابوردووین.. بە سەدان بنەماڵەی ئەنفال و تێکۆشەرو پێشمەرگەی دێرین و بنەماڵەی شەهیدی سەردەمی شۆڕش و شەڕی ناوخۆو شەڕی داعش هەن ، کە بەهەر هۆیەک بێ  نە لەڕووی مادی و نە لەڕووی مەعنەوییەوە وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە.. خانەوادەی ئەو سەربەرزانە دەبێ رێزیان لێبگیرێ، بەیاسا هەرچی مافیان هەیە بۆیان دابینبکرێ و وەبیریان بهێنرێتەوە کە ئەم خاکوئاوە هەر ئەو دایکی نیشتمانەیە کە دوێنێ و پێرێ ئازیزانیان خۆیان لەپێناویدا بەختکرد ، ئێستاش هەرچیمان هەیەو دەمانبێت، بەری ڕەنج وگیانفیدایی ڕۆڵە ئازاکانی ئەوانە!

ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردستانی، دابەشی سەر چەند گروپێکی کۆمەڵایەتیی سەرەکی بووە، ئەرکی حکوومەتێکی نیشتمانییە کە بەزمانی خۆیان  بیاندوێنێ و بە نیازی چارەسەرو چاکسازی، لە خواست وگلەیی و خەون و نیگەرانییەکانیان بکۆڵێتەوە..

گروپی یەکەم: نەوەیەکی نوێیە کە یەکەمینجارێتی مافی بەشداریی پرۆسێسی دەنگدانی هەبووە. گەنجی خوێن گەرم و دەروون هەڵچوون. ماشێنی میدیای نەیارو ناحەزانی کوردیش بەردەوام بەناوی ڕای ئازادەوە، شەوو ڕۆژ ژەهرو ئەفیوونی (خۆ بەکەمزانی و بێ ئیرادەییان) دەرخوارد دەدات.. ئەم گەنجانە  بە دەیان پرسیارو گومان لە مێشک و دەروونیاندا چاوەڕێی وەڵامێکی ڕوون و ئاشکرایەو تا ئێستا وەک پێویست وەڵامیان نەدراوتەوە.

گروپی دووەم: بە دەیان هەزار گەنجن کە خەمی بێکاری بڕستی لێ بڕیون. بە بەردەوامی گێژاوی نائومێدی دەیانهێنێت و دەیانبات .. ئەمانە تا ڕادەیەکی زۆر، بڕوایان بە بەهاو دروشمە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیش لاواز بووە. ئەمانە پێویستە دەسبەجێ لەبارەی چوارساڵی داهاتوویانەوە دڵنیا بکرێنەوەو هەرچی لەتوانادایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کارو بژێوییەکی شەرەفمەندانەو ژینگەیەکی دروست و دادپەروەرانە ، بۆیان فەراهەم بکرێت.

گروپی سێیەم: بە دەیان هەزار ژنی ناوماڵ، بەهۆی نەخوێندەواری و کۆیلایەتیی نێوانی چوار دیواری چێشتخانەو منداڵ بەخێوکردن و تێکەڵنەبوونیان بە ژیانی بەرهەمهێنانی مۆدرێنەوە، بێ ئیرادەکراون و پیاوەکانیان لەبریی ئەوان بیردەکەنەوەو بڕیاردەدەن.. لەبەرامبەردا بەدەیان هەزار ژنی کرێکارو فەرمانبەریش هەن کە سەرباری کارکردنیان ئەرکی ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵیشیان لەئەستۆیە. پاراستنی ژیان و ماف و شایستەیی دایکایەتی و منداڵانیش، ئەرکی حکوومەتێکی مۆدرێن و بەهێزە.

گروپی چوارەم: بە دەیان هەزار هاووڵاتیی  خانەنشینمان هەن. ئەوانە توێژێکی تەواو  پەراوێزخراون.. تەنانەت لە دوای هەمووانەوە مووچەیان پێ دەدرێت.. ئەوانە شایستەی رێزلێنانن، نەک لەپاش تەمەنێک خزمەتکردنی ئەم نیشتمانە، چەندین سەعات لەبەر باران و بەقرچەی گەرما، بۆ مووچەی مەمرەو مەژی، لەڕیزی سەد مەتریدا ڕاوەستن! پێویستە حکومەتی داهاتوو سیستمێکی مووچەپێدان و بیمەی تەندرووستیی مۆدرێن و شایستە بەمرۆڤ، دابڕێژێت و بەڕێزەوە پاداشتی رەنج و ماندووبوونیان بداتەوە.

گروپی پێنجەم: بازرگان و وردە سەرمایەدارو  وەبەرهێنەرانن.. ئەوانیش چاوەڕێی بەڵێن و پەیمانێکی نیشتمانین کە لەسایەی حکومەتی ئایندەدا، دوایی بە قۆرخکاری بێت و بازاڕی کارو خزمەت ئازاد بکرێ!  شەریکەبەش و حازرخۆری بەر سێبەرو پایزە برای گەندەڵیان لێ ڕاستنەبێتەوە ..

گروپی شەشەم: جوتیارو ئاژەڵدارو خاوەنی ڕەزوباخی بێ نازی لەبیرکراوی کوردستانن.. پێویستە هەرچی زووە کێشەو گرفتەکانیان چارەسەربکرێن.. پێویستییەکانی کەشتیارییەکی مۆدێرنیان بۆ فەراهەمبکرێ.. بازاڕی ناوخۆیی و دەرەکیی ساخکردنەوەی بەروبوومیان بۆ مسۆگەربکرێت.

گروپی حەوتەم: زیاتر لە ملێۆنێک فەرمانبەرو مووچەخۆرن، کە داینەمۆو هەڵسوڕێنەری داوودەزگاکانی ئەم حکومەتەو حکومەتەکانی ئایندەیشن، ساڵانێکە بەدەس نەبوونی و سستمی پاشەکەوتی مووچەوە دەناڵێنن.. سەرباری ئەو گوزەرانە خراپەیش، لە دڵسۆزییانەوە بۆ نیشتمان، کاروباریان ڕانەگرتووە و رێیان نەداوە ژیان پەکیبکەوێت.. بۆیە پێویستە فەرمانبەران وەک پێشمەرگەی مەدەنی تەماشابکرێن و بەڵێنیان پێ بدرێ کە هەرچی زووە باری نالەباری بژێوییان ڕاستدەکرێتەوە. پێویستە دەسبەجێ هەژماری بانکی بۆ پاشەکەوتی هەریەکەیان بکرێتەوەو بەگوێرەی سیستمێک ڕێیان بدرێ مانگانە بڕێک پارەی لێ ڕاکێشن. تا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنیین و سیستمی پاشەکەوت بەیەکجاری هەڵدەگیرێ ، بەهەندێ ڕێکاری ئیداری، کەمێک لەو بارگرانیەی ژیانیان سووک بکرێت، جۆرەکانی باج و رسومات و قەرزی حکومی و سزای سەرپێچیی هاتوچۆو پارەی کارەبا.. بە شێوەیەکی کاتی لە حیسابی پاشەکەوتی مووچەکانیان دابشکێنرێن..

گروپی هەشتەم: پێویستە دەیان هەزار پەروەردەکارو مامۆستاو پسپۆری خوێندنی باڵا، دڵنیابکرێنەوە  کە لەسایەی حکومەتی کوردستانی داهاتوودا، رۆڵ و پێگەو مافی شایستەیان پێدەدرێت و شکۆو سەربەخۆیی بۆ زانست و پەروەردەو ناوەندە ئەکادیمییەکان دەگەڕێندرێتەوە..

گروپی نۆیەم: نەخۆش و پەککەوتەو بەساڵاچوان و کەمئەندامانن... ئەمانە هەرهەموویان بەشێوەیەکی کاتی یان بۆ هەمیشە، خاوەن پێداویستیی تایبەتن ، ئەرکی حکوومەتە چاودێرییان بکات و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤیان بۆ دابینبکات.

گروپی دەیەم: هەموو خاوەن هزرو فەرهەنگەکانن : هونەرمەندان و نووسەران،  میدیاکار و ڕۆژنامەوانان، بەهرەوەران و وەرزشکاران، هەموو ئەوانەن کە تاڕادەیەکی زۆر خۆیان بە پشتگوێخراو دەزانن! ئەوانە خەڵکانێکن کە دەبێ وەک سەروەتێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی بە بەها تەماشابکرێن و کارنامەی ئەو وەزارەتەی ناوی ڕۆشنبیرییە سەرلەبەری بگۆڕدرێت و سەرلەنوێ بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەم گروپەدا، بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە فەرهەنگ وئەدەب و هونەری ئەم میللەتە بەرەو ئاسۆیەکی گەش ببات .. فەلسەفەو کارنامەیەک بێتە ئاراوە کە دەرفەتی داهێنان و ژینگەیەکی ئازادو ونانێکی شایستە بە تواناو بەهرەکانیان بۆ فەراهەمبکات .