حه‌یده‌ر هێشتا مناڵێك بوو!
ئێره عێراقه، له ئێرانه‌وه بڕیار به خولیا و فه‌هم و تێگه‌شتن و دونیابینی عه‌لی خامنه‌ئی و له نه‌جه‌فیشه‌وه بڕیار به تێگه‌شتن و دونیابینی عه‌لی سیستانییه‌وه دێته پایته‌خته‌كه‌ی و له‌وێشه‌وه به‌سه‌ر عێراقییه‌كاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، تاكه شتێك كه له عێڕاقدا به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر تێكڕای عێراقییه‌كاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌م بڕیاره مه‌زهه‌بییانه‌ی -دوو عه‌لی-یه‌كه‌یه!
له‌عێراقدا سێ ده‌زگای ته‌قلیدی هه‌یه كه وه‌ك سیمبولی ده‌سه‌ڵات ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان و دادگاكان، به‌ڵام له‌پشتی ئه‌مانه‌وه هه‌ر حه‌وزه‌و حسێنییه‌یه‌ك، ده‌وڵه‌ت و دائیره‌یه‌كه بۆخۆی، قوم پایته‌ختی یه‌كه‌م و نه‌جه‌ف پایته‌ختی دووه‌می سیاسه‌تی عێراقه، به‌غدادیش پایته‌ختی له قوتونان و جێبه‌جێكردن و هه‌نارده‌كردنی ئه‌و بڕیارانه‌یه بۆ شار و شارۆچكه‌كانی عێراق!
له‌شه‌عبانی ساڵی 255 هیجری قه‌مه‌ری، گوایه ئیمامی یانزه‌یه‌می شیعه‌كان له چاوبزر ده‌بێت و ئه‌و كه‌سه‌ش حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ری (مه‌هدی موعود)ه‌و گوایه ئه‌و مه‌هدییه‌ش پیاوێكی دادگه‌ره و جیهان له خراپه ڕزگار ده‌كات، ئه‌و دوو عه‌لییه‌ی سه‌ره‌وه‌ش كه‌هه‌ردووكیان خۆیان به جێگره‌وه‌ی ئه‌م مه‌هدی مه‌وعود و ئیمامی زه‌مانه ده‌زانن و به‌و بیانووه‌شه‌وه له‌سه‌ر ته‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی عێراق و ئێران دانیشتوون، نه عه‌داله‌تیان بۆ مرۆڤایه‌تی و نه بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆشیان به‌رپا كردووه! كورده‌كان جار جار چاوه‌ڕێی ڕه‌حم و به‌ره‌كه‌تی عه‌لییه‌كه‌ی نه‌جه‌فن تا به‌ڵكو مه‌ڕحه‌مه‌ت بنوێنێت و به فه‌توایه‌ك دان به مافه ئینسانییه‌كانیاندا بنێت و له شاڵاوی هۆڤانیانه‌ی چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بیان پارێزێت، كه‌چی سه‌د خه‌بیر بێنه دێڕێك له‌نێو به‌یاننامه‌كانیدا نادۆزیته‌وه كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد بێت! عه‌لییه‌كه‌ی قوم و تارانیش زیندانه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خۆی پڕ كردووه له‌و كوردانه‌ی كه دان به ته‌خت و فه‌رمانڕه‌واكه‌یدا نانێن!
حه‌یده‌رعه‌بادیش كه ئه‌مڕۆ كه‌لی شه‌یتانی له‌كورد گرتووه، تا ئه‌و شوێنه سه‌رۆكوه‌زیری عێڕاقه و جورئه‌تی جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی و تێكڕای مادده‌كانی ده‌ستووری هه‌یه كه له‌به‌رامبه‌ریدا كورد هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر كاتێك له‌به‌رامبه‌ریدا مه‌رجه‌عییه‌تی ته‌قلیدی شیعه و ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی وه‌ك مالكی و له‌ولاشه‌وه ئێران هه‌بێت، نه پیاوی جێبه‌جێكردنی یاسا و نه هی چه‌سپاندنی ده‌ستووره! له‌م وڵاته‌دا وه‌ك فه‌رهه‌نگێكی لێ هاتووه، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته داڕزاو و پۆرتشكاوه‌كانی عێڕاق، له دوا چركه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له خه‌جاڵه‌تی ڕزگار بكه‌ن و وه‌ك پاڵه‌وان خۆیان نیشانی شه‌قامی خێڵه‌كی عه‌ره‌بی بده‌ن، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر كورد!
ئه‌م پیاوه له ساڵی 2015 پڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕاگه‌یاند و دیارترین خاڵه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش بریتی بوون له كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی پاسه‌وانی به‌رپرسه‌كانو(كه‌چی ئه‌وه‌ی خۆی كه‌منه‌كرده‌وه)، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگرانی سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكوه‌زیران (فوراْ) و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆست و پله باڵاكان و ده‌سته سه‌ربه‌خۆكان و ڕاوێژكاران و به‌ڕێوبه‌ره‌گشتییه‌كان كه‌له‌سه‌ر پشكی تائیفی و سیاسی دانراون، (ئه‌م خاڵه‌یان زۆر گاڵته‌جاڕییه، چونكه ئه‌م پیاوه خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی و مه‌زهه‌بی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه)، له‌گه‌ڵ چه‌ند خاڵێكی تر كه‌بریتی بوون له ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری وه‌زاره‌ته‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانیان و چه‌ند شتێكی تری لاوه‌كی، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌ی ته‌نیا به‌سه‌ر كورددا جێبه‌جێ كرد و جێگره‌كه‌ی خۆی لادا كه ڕۆژ نوری شاوێس بوو، له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه تائیفییه‌كه‌ی عێراقیشه‌وه وشیار زێباری له‌پۆسته‌كه‌ی دوورخسته‌وه، كاتێكیش ویستی به‌ره و سێ جێگره‌كه‌ی سه‌رۆككۆمار بچێت (نوری مالكی، ئه‌یاد عه‌لاوی، ئوسامه نوجێفی) هه‌ڕه‌شه‌ی تووندیان لێ كرد و له‌جێگه‌كه‌ی خۆی وه‌ستاندیان و جورئه‌تی نه‌كرد یه‌ك هه‌نگاوی تر بچێته پێشه‌وه!
مادده‌ی 78ی ده‌ستوور، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به عه‌باددی دابوو كه ئه‌و هه‌نگاوه بنێت، مادده‌كه ده‌ڵێت "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لێپرسراوی ڕاسته‌وخۆی سیاسه‌تی گشتی وڵات و سه‌ركرده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رێوه ده‌بات و سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كات، مافی له‌كارخستنی وه‌زیره‌كانی هه‌یه به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، عه‌بادی ته‌نیا ئه‌و بڕگانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیر جێبه‌جێ ده‌كات كه له‌دژی كوردن!
هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌كاتێكدان كه له‌به‌سێك له داواكارییه‌كانیدا، عه‌بادی پێی وایه ده‌روازه‌ی سنوری و فڕۆكه‌خانه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندیدایه و ده‌بێت كاروباره‌كانیان ڕاده‌ستی ده‌سته‌ی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی بكرێت! به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی مه‌ڕجه‌عیه‌ت له‌نه‌جه‌ف هیچ نرخێك بۆ بڕیاره‌كه‌ی دانانێت وفڕۆكه‌خانه‌ی شاره‌كه‌ی‌ڕاده‌ست ناكاته‌وه، به‌ناچاری وسه‌رشۆڕانه به بڕیاره‌كه‌یدا ده‌چێته‌وه و فڕۆكه‌خانه‌كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی محه‌لی شاره‌كه‌دا ده‌هێڵێته‌وه، كه‌چی له‌ولاوه، هه‌ر ئه‌م پیاوه بووه به‌گای شێت له‌كورد وده‌یه‌وێت كورد فڕۆكه‌خانه‌كانی ڕاده‌ست بكاته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ربازه دۆڕاوه‌كانی خۆی ناردووه‌ته سه‌ر خاك و ئاوی كورد و به‌شێك له نیشتمانی كوردی ئیحتیلال كردووه!
عێراق له ڕیزبه‌ندی دیارترینی ئه‌و وڵاتانه‌دایه كه نوقمی گه‌نده‌ڵییه، ئه‌گه‌ر ته‌نیا لێپێچینه‌وه‌یه‌كی سه‌رزاره‌كی له‌هه‌ر به‌رپرسێكی بكه‌یت، به ئاسته‌م له‌ده‌ستت قوتاری ده‌بێت كه گه‌نده‌ڵییه‌كی له‌سه‌ر ساغ نه‌بێته‌وه، ئه‌م پیاوه‌ش (عه‌بادی) كه ئێستا خۆی لێ بووه به عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز، نزیكه‌ی سێ ساڵه پڕۆژه‌ی دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی ڕاگه‌یاندووه، كه‌چیخۆی تۆمه‌تی به‌هه‌ده‌ردانی پێنج ملیار دۆلاری ئه‌و كاته‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه كه وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی كاتیی حوكم بوو له ٢٠٠٣، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێی ڕه‌خنه‌ی به‌شێك له میدیاكانی عێڕاق و به توانجه‌وه پێی ده‌ڵێن: گه‌نده‌ڵێك لێپێچینه‌وه‌ی له گه‌نده‌ڵكاران ده‌كات!
حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی، ساڵی 1952 له خانه‌واده‌یه‌كی بێ كێشه و بۆرژوازی به‌غداد له‌دایك بووه، ئه‌م كێشانه‌ی كه ئێستا ئه‌و له‌گه‌ڵ كورددا هه‌یه‌تی، 30 ساڵ پێش ئه‌وه‌ی خۆی له‌دایك بێت، كورد له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی شاهنشینی عێراقدا هه‌یبوو، فه‌یسه‌ڵ شای ئه‌و كاتی عێراق، به جه‌یشی مه‌له‌كی و فڕۆكه و بۆمبای ئینگلیزیشه‌وه پێی یه‌كلایی نه‌كرایه‌وه!پاشتریش كاتێك كورد له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌م كێشانه‌ی ئێستا، گه‌وره‌ترین شۆڕشی دژ به حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم هه‌ڵگیرساند، هێشتا حه‌یده‌ر عه‌بادی منداڵێك بوو كه چه‌پ و ڕاستی خۆی بۆ جیا نه‌ده‌كرایه‌وه!