کوردستانی عەرەبستان

Kurd24

شوێن :  هەردوو پایتەختی سیاسی و رۆشنبیریی کودستانی باشوورە ...

کات  : دەمە دەمی ریفراندۆم و سەربەخۆییە .

کارەکتەرەکان :  خاوەن ماڵ بێگانەیە و ... ئاوارەش عەنتەر ...

دیمەنی یەکەم :

دەنگە دەنگێکی عەرەبیی ناساز تێکەڵ بە جریوە جریوی چۆلەکەی ئاسمانی کوردستان دەبێ :

ولەک عەبوود ... تەعال حەسوونی .... وێنەک ئەبوو جاسم ؟ ...

لەک وەلڵا ... ئیلێۆم  ئەروح یەم سەعددەلڵا  .... ئیحنە هنا بیششمال کوللیش مرتاحین !!

دیمەنی دووەم :

  • کاکە بایی هەزار دینار سەموونی برژاوم دەوێ ...
  • وەلڵا ما ئەفتهم کوردی ..
  • دە سەموونی برژاوم دەوێ ..
  • کاکە ئیحچی عەرەبی ... شنو سەموون برزاو ؟
  • ئەی تۆ بۆ بەکوردی قسەناکەی ؟
  • کاکە وەلڵا ئینتە لازم تتعەللەم عەرەبی !!

دیمەنی سێیەم :

  • رۆژباش برا ...
  • عەلەیکومەسسەلام ..
  • کاکە خانوویەکی کرێمان دەوێ ..
  • مەعەلئەسەف .....
  • هەرهیچ نیە ؟
  • هەیە بەڵام ...
  • بەڵام چی ؟
  • ببورە با ئەو تەلەفۆنە جواب بدەمەوە ... ئەلو .. ئەهلەن وەسەهلەن .. شلۆنەک ئەبو یاسر .. ئی ئی .. ئەکید .. لا تشیل هەم .. تفە‌ضەل یەمنە ...
  • تێگەیشتم ... خوا حافیز ...

 دیمەنی چوارەم :

          لەوێ : پرسە گەرمە و شین و گرین و لاواندنەوەی دایک و خوشک و هاوژینی پێسمەرگە شەهیدەکە ئاسمانی تەڵخی تەنیوە ... زارۆکی کوردی رەش و رووت و ڕەجاڵ ..  بێ سەرپەرشتیار ، لەناو گڵ ودارو بەردی گوندەکەیاندا مەشقی شەڕی تۆڵەسەندنەوەی باوک وبرای شەهیدیان دەکەن ..

لێرە: ئاهەنگ گەرمە ... هەلهەلە و قریوەی پێکەنینی دایک و خوشکی کاکی عرریس و دادەی عەروس ، ئاسمانی روونی تەنیوە ... سەما و خۆ بادان لەسەر ریتمی گۆرانییەکانی عادل عوگڵە و حوسام رەسسام  تا نیوەشەو بەردەوامە ... وەلەکە عەرەبی سەرخڕ سەرخڕ لەناو هۆڵی ئاهەنگ و بەنێوان مێزی میوانەکاندا  راکە راکیانە و بە پایسکیلەکانیان بەناو سەوزایی باخچەکاندا بێ پەروا فڕکان فڕکانیانە...

دیمەنی پێنجەم :

          لەوێ : نزیکەی بیست تا بیست و پێنج گەنجی کوردن هەریەکەی لە شار و گوندێکەوە هاتوون، هەر لە خانەقینەوە تا زاخۆ، لەسەنگەرێکی هەرە پێشەوەی بەرەکانی شەڕی دژبە تیرۆردان

لێرە: نزیکەی بیست تا بیست و پێنج گەنجی عەرەبن هەریەکەی لە شار و گوندێکەوە هاتوون، هەر لە ئەنبارو تکریت و سامەڕڕاوە تا بەغداد و نەینەوا

لەوێ:  شەڕ گەرمە ... گوللەتۆپ و راجیمە وەک رێژنەبارانێکی لەناکاو لە هەرچوارلاوە بەسەریاندا دەبارێ ..

لێرە: شیعە و سوننە ... ئا‌ثوری و کیلدان و ئەرمەن، کا‌ثۆلیک ئەرثۆذۆکس ...  عثمان و عەلی ... عومەر و حسێن .. جۆرج و ئالیاس و عیسا .. موو بە بەینیاندا ناچێ

لەوێ: شەڕ تادێت گەرمتر دەبێ .. دوانیان دەپێکرێن ... دوانیتریان برینی هاوڕێکانیان دەپێچن ...

لێرە: ..  بە دوو جۆر درێسەوە دابەشی دوو تیم بوون ... فوتبۆڵ وەک تیر لەمسەر بۆ ئەوسەری یاریگەکەی نزیکی ماڵمان دێت و دەچێت .. یاری تادیت گەرم و گەرمتر دەبێت بەداخەوە لەملا عودەی و لەولاش بەششار بەهۆی پێکانەوە لە گۆڕەپان برانە دەرەوە

لەوێ: هاتوهاوار و ئافەرین دەستت خۆشبێ .. بەرلە شەهید بوونی شیرزاد هاوار دەکات : یاکوردستان یان نەمان ! بژی کورد بژی کوردستان !

لێرە: هاتو هاوار و هاندان ... لەک عاشەت ئیدەک و گۆۆۆۆۆۆڵ ... عاش ئیلعێراق ئیلواحد ... ئەڵلاهوئەکبەر یا عێراق

لەوێ: پاشی کاتژمێرو نیوێک، بە خوێنی شەهیدێک و دوو بریندار.. بە ئازایەتی و خۆنەویستیی گەنجانی کوردپەروەر، سەرکەوتن تۆماردەکرێ و ئاڵای کوردستان لەجێی ئاڵا رەشەکەی تیرۆریستان دەشەکێتەوە !

لێرە : پاشی کاتژمێرو نیوێک بە هەوڵ و تێکۆشینی هەردوو تیمی ئاوارەی چاوڕەش ... یاریی بە سەرکەوتنی هەردوولا  کۆتایی دێت و عەلەمی عێراق بەدەسیانەوە دەشەکێتەوە!