دەربارەی: رەسیزم و رەسیزم لە کوردستان

Kurd24

رەسیزم دەکاتە، تێڕوانینێکی تایبەت و هەمەلایەنە لەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵ.

لە ئینسێکڵۆپێدیای Britannica لەسەر رەسیزم بەو شێوەیەی خوارەوە نووسرایە:

رەسیزم دەکاتە باوەڕکردن بە: هەبوونی جیاوازی نەژادی و ئەم جیاوازییەشە، کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر توانا و هۆش و ئەخلاق و خەسڵەتی تایبەتی تاکی مرۆڤ هەیە، نەک گروپەکانی ناو کۆمەڵ.

ئایدیای رەسیزم گرێدراوە بە دابەشکردنی کۆمەڵ بەسەر دوو چین، چینی باڵا و چینی نزم، بە بڕوای رەسیستەکان، چینی باڵا دامەزرێنەری بناغەی شارستانییەتە و بۆیەش حاکماتی ڕەوایە بەسەر چینی دووەم.

وشەی رەسیزم، بۆیەکەم جار لە مێژوو لە فەرهەنگی فەرەنسی (لاروسا) لە ساڵی 1932 بەمشێوەیە نووسرایە: جۆرە سیستێمێکە باوەڕی بە هەبوونی دەستەڵاتی چینی باڵا بەسەر چینەکانی دیکەی ناو کۆمەڵ هەیە.

رەسیزمی نوێ یان رەسیزم لە کۆتایی سەدەی بیست، لەگەڵ رەسیزمی پێشتر جیاوازە و مرۆڤ وەک تاکێکی کۆمەڵ وەرناگرن و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەن، بەلکو زیاتر وەک گروپ و نەژاد و ئایین باسیان لێوەدەکرێ، کە دەکاتە هەبوونی دوو تێڕوانینی جیا و دژ بە یەکتر، لێرە چینی دەستەڵاتدار بەردەوام بە چاوی نزم و سووک سەیری چینە لاواز و ژێردەستەکانی خۆیان کردووە....

مێژووی رەسیزم، لەراستیدا بەکردار زۆر لەمێژترە لەوەی ئێمە لەسەرەوە نووسیمان، هەربۆنموونە وشەی (نێگر - Nigger) لە سەدەکانی 16 – 17 لە بەرامبەر کەسانی رەشپێست بەکار هات و لەوکاتیش مرۆڤە رەشپێستەکان لە بازاڕ و بەندەرەکان کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرا.  

لە ئەمریکا لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی ئەمریکی رەسیزم دژ بە خەڵکی رەسەن (هیندییە سوورەکان) پەیدابوو. یەکەم وەجبەی هێنانی ڕەشپێستەکانیش بۆ ئەمریکا لە ساڵی 1619 بوو. لە ساڵی 1860 لە ئەمریکا لە 15 ویلایەت کۆیلە هەبووە و لە 12 ملیۆن دانیشتوانی ئەو 15 ویلایەتە نزیکەی 4 ملیۆنیان کۆیلە بوون.

لەگەڵ دروستبوونی حزب و رێکخراوی رەسیستی سیاسی و فاشی، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست لە ئەوروپا بیری رەسیزم زۆر پەرەی سەند. لە ١٩ی نیسانی 1937 لە وڵاتی ئیتالیا تێکەڵبوون و ژن و ژنخواستن لەگەڵ ئەسیوپییەکان قەدەغە کرا، لە 30 دێسێمبەری هەمان ساڵ تێکەڵبوون و ژن و ژنخوازی لەگەڵ عەرەب قەدەغەکرا و هەروەها لە 17ی نۆڤێمبەری 1938 تێکەڵبوون و ژن و ژنخوازی لەگەڵ جو قەدەغە کراو و رێگاشیان بە جوەکان نەدا لەناو لەشکر خزمەت بکەن. لە ساڵی 1943 و پاش ڕوخانی فاشیزمی ئیتالی و گرتنی مۆسۆلینی، ئەم بڕیارانەی سەرەوە هەڵوەشانەوە.

لە وڵاتی روسیا و لەسەردەمی قەیسەر نیکۆڵای دوو لە ساڵی 1910، تێگەیشتن لەسەر جو وەک ئایین بۆ نەتەوە گۆڕدرا و خەڵکی جو بەخۆیان و منداڵ و نەوەیان ڕێگایان پێنەدرا وەک ئەفسەر لە لەشکری روسیای قەیسەر خزمەت بکەن.

رەسیزم هیچ ناکاتە ئەوەی، تۆ ڕقت لە کەسێک دەبێتەوە و دژایەتی دەکەیت، چونکە ئەو کەسێكی خراپە، بەڵکو تۆ ڕقت لەو کەس دەبێتەوە، چونکە ئەو ڕەنگی پێستی لەگەڵ ڕەنگی پیستی تۆ جیایە، نەژاد یان ئایینێکی دیکەی جیای لە تۆ هەیە یانیش نەخۆش و کەم ئەندامە...

لە کوردستان رەسیزم لەمێژە بوونی هەیە، بەڵام قەت وەک ئێستا و ئەم ساڵانەی دووایی بەهێز نەبووە. زۆر ناشیرن و ترسناکە، کە خەڵکێکی زۆر و لەناو ئەوانیش کەسانی نووسەر، رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، مامۆستای زانکۆ و چینەکانی دیکەی ناو کۆمەڵ، بە ئاشکرا ڕقیان لە خەڵکی عەرەب دەبێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئەو خەڵکانە خۆیان خراپن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان بەنەتەوە و نەژاد عەرەبن! لەگەڵ ئەوەش هەموولایەک چاک دەزانن، کە ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی ئێستا لە کوردستان دەژین، لە ترسی مەرگ و لەشەر ڕایانکردووە و هانایان وەبەر ئێمەی کورد هێناوە، بەداخەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێ و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان بە چاوی سووک سەیریان دەکرێ.

زۆر لە مەلا و ئیسلامییە توندڕەوەکان هەموو کێشەکانی جیهان دەخەنە ئەستۆی ئایین و نەتەوەی جو و وڵاتی ئیسرائیل، ڕقیان لە تاکی یەزیدی دەبێتەوە و بە پیس ناویان دێنن. ئەم ڕقلێبوونەوانە دەکەونە خانەی رەسیزم و هیچ پەیوەندییان بە پەتریۆتیزم (وڵاتپارێزی)ەوە نییە.

دابەشکردنی کۆمەڵ بەسەر دوو چین، چینی باش و چینی خراپ یان چینی باڵا و چینی نزم، لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، لەژێر پەردەی هەر پاساوێکەوە بێت، دەچیتە خانەی رەسیزم و رەسیزمیش بۆ هیچ گەلێک خێر و خۆشی نەهێناوە و هەمیشە تووشی شەری گەورە و ناخۆشی کردوون.

حکومەتەکانی ئەوروپای رۆژئاوا، هەر یەک لەوان ساڵانە چەندین ملیارد دۆلار خەرج دەکەن، بۆئەوەی ڕای کۆمەڵ لەسەر پەناهەندە بگۆڕن، بیرۆکەی رەسیزم لاوازبکەن و نەهێڵن، پەناهەندە وەک هاوڵاتیێکی ئاسایی سەیر و هەزم بکەن، دژ بە ئایینەکانی دیکەی ئاسمانی نەبن. ئەم هەوڵ و خەباتە بێکۆتاییەی ئەوان دەمێکە لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش باسی لێوەکراوە. لە (25)ەمین دانیشتنی  UNلە ساڵی 1970 بڕیارێک دەرکرا و تێیدا باس لە نەهێشتنی رسیزم لە سەرتاسەری جیهان دەکا.

خەباتکردن دژ بە دیاردەی رەسیزم یان ڕەتکردنەوەی ئایدیای رەسیزم لە بەرنامە و پلانی حکومەت و بەرپرسانی باڵای کوردی بەداخەوە پرسێکی نووستووە و هیچ بایەخی پێنەدراوە و لە ڕاگەیاندنەکانیش باسی لێوەناکرێ. ئەم باس نەکردنە ئەگەر لە نەزانین و گێلی بێ یان لە بەهەند وەرنەگرتنی ئەم پرسە گرنگە بێ، جگە لەوەی کارێکی زۆر قۆڕ و نامرۆڤانەیە، لەوانەیە ملشکانیش بەدوای خۆیەوە بێنێ، باس لەوە هەرناکەم لە دابونەریتی کوردەواری پێشتر نەبووە و کورد لە مێژوو و یادەوەری رۆژهەڵاتناسەکان، هەمیشە بە گەلێکی میوان دۆست ناوی ڕۆیشتووە.