سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزیيه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین؛ شه‌ڕى سارد
له یه‌که‌م وتاری ئه‌م زنجیره‌یه‌دا باسی ئه‌وه‌مان کرد که ناکرێ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین پێوه‌ندی بده‌ینه‌وه به کولتور و ئایین و یا گۆڕانه کۆمه‌ڵايه‌تييه‌کانی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوو. به‌م ئاکامه گه‌یشتین که زۆربه‌ی کێشه‌کان دیارده‌یه‌کی تازه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاڵوگۆڕه‌کانی دوای شه‌ڕى یه‌که‌می جیهانی که له شه‌ش ته‌وه‌ردا پۆلین کران.
له چوار وتاری دواتریدا ئه‌و ته‌وه‌رانه شی کرانه‌وه:
1.هه‌نارده کردنی لیبرالیزم و ناسیونالیزم و سوسیالیزم له وڵاتانی رۆژئاوایيه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان.
2.رووخانی نیزامێکی کۆن واته سیستمی خلافه‌ت و داده‌مه‌زرانی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه له سه‌ر بنه‌مایه‌کی هه‌ڵه.
3.دۆزرانه‌وه‌ی نه‌وت که بوو به سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و ئاڵۆزی بۆ خه‌ڵکانی ناوچه.
4.دامه‌زرانی ئیسرائیل.
له‌م به‌شه‌دا ته‌وه‌ری پێنجه‌م لێکده‌ده‌ینه‌وه که بریتیه له گه‌یشتنی شه‌ڕی ساردی ئه‌مه‌ريكا و سوڤیه‌ت بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوین دوای کۆتایی شه‌ڕى دووهه‌می جیهانی. یه‌ک ته‌وه‌ر د‌ه‌مێنێته‌وه بۆ وتاری ئاخر: سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامی سیاسی و په‌ره سه‌ندنی دیارده‌ی شۆڕشی ئیسلامی و تێرۆریسمی ئیسلامی.
ئێستا با بێینه سه‌ر باسی گه‌یشتنی شه‌ڕى سارد بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئه‌و زیانانه‌ی که به ناوچه‌ی ئێمه‌ی گه‌یاند.
وڵاته تازه دامه‌زراوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین له نێوان دوو شه‌ڕى جیهانی‌دا له ژێر کۆنترۆڵی دوو زلهێزی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا دابوون. ته‌نانه‌ت وڵاتی ئێرانیش که له ده‌ره‌وه‌ی رێکكه‌وتنی سایکس پیکۆ هه‌ڵکه‌وتبوو له ژێر چنگی به‌ريتانيادا بوو و پاشای تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو خۆی به قه‌رزداری كوده‌تای به‌ريتانيا ده‌زانی. دوای کۆتایی شه‌ڕى دووهه‌م و دوا به دوای دامه‌زرانی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، له راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ريتانيا و فه‌ره‌نسا له رۆژهه‌ڵاتی ناوین که‌م بۆوه.
له لایه‌ک باس له نه‌زمێکی تازه‌ی جیهانی ده‌کرا و جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ ببوو به یه‌کێک له بناغه‌کانی دامه‌زرانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان. له لایه‌کی دیکه‌وه دوو زلهێزی تازه جێگای زلهێزه‌کانی پێشوویان گرتبۆوه؛ وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ريكا و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت.
له ئێران و تورکیا گۆڕانکاری سیاسی زۆر خێراتر له باقی ناوچه‌که ده‌ستیپێکرد. پاشای ئێران له وڵات دوور خرایه‌وه و پاشای گه‌نج توانای وه‌ستان به دژی خه‌ڵكی نه‌بوو که تامه‌زرۆی ئازادی و دیموکراسی بوون. له تورکیا‌ش سیستمی سیاسی به ناچار خۆی له میراتی ئه‌تاتورک دوور ده‌کرده‌وه و باس له ئازدای هه‌ڵبژاردن و وه‌لانانی سیستمی تاکه حزبی و درووست بوونی حزبی تازه ده‌کرا که له هه‌مویان به‌هێزتر حزبی دیموکرات (ده په) بوو.
له ئێران کورد‌و تورکه‌کان به پشتیوانی يه‌كێتى سۆڤیه‌ت له به‌شێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئازه‌ربایجان به راده‌یه‌ک له خودمختاری گه‌یشتبوون و هاوکات خه‌ریکی دانوستاندن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به سه‌رۆکایه‌تی قه‌وام بوون. به‌ڵام کاتێک ورده ورده نێوانی سۆڤیه‌ت وئه‌مه‌ريكا تێکچوو (له سه‌ر ئاڵۆزيیه‌کانی کۆریا و چین) شوێنی له سه‌ر ره‌وشی سیاسی ئێرانیش دانا. وايلێهات که ترومه‌ن سه‌رۆکی ئه‌مه‌ريكا به ته‌واوی پشتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێرانی گرت و هێزه‌کانی سۆڤیه‌تی به هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمی مه‌جبور به پاشه‌کشه له ئێران و به‌تاڵکردنی پشتی کورد و ئازه‌ری کرد. ئه‌وه یه‌که‌م ئه‌نجامی خراپی گه‌یشتنی شه‌ڕى سارد به رۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو.
له توركيا یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد که دوای شه‌ڕى دووهه‌می جیهانی به‌ڕێوه چوو، نه ته‌نیا کۆتایی به سیستمی سیاسی ته‌ک حزبی هێنا به‌ڵکوو بۆ یه‌که‌م جار حزبێک به ده‌سه‌ڵات گه‌یشت که هه‌م ناوی دیموکرات بوو هه‌م به‌ڵێنی دابین کردنی مافی کوردانی دابوو. هه‌ر بۆیه سه‌تا هه‌شتای کورسیيه‌کانی باكووری کوردستانی به خۆی ته‌رخان کرد. به‌ڵام کاتێک شه‌ڕى ئه‌مه‌ريكا و سوڤیه‌ت له کۆریا هه‌ڵگیرسا و توركيا په‌یوه‌ست به ناتۆ بوو، چی دیکه منه‌تی به ده‌نگی خه‌ڵك نه‌ما و هه‌موو به‌ڵێنه‌کانی پێش هه‌ڵبژاردنی وه‌پشت گوێ خست.
شه‌ڕى سارد فشاری ده‌ره‌کی له سه‌ر توركيا که‌م کرده‌وه. جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤیش هه‌ر به ته‌واوی فه‌رامۆش کرا. توركيا حازر بوو سه‌ربازی خۆی بۆ کۆریای باكوور بنێرێ و له‌و سه‌ری جیهاندا شه‌ڕ بۆ ئه‌مه‌ريكا بکا ته‌نیا بۆ وه‌ی که له ناوخۆ فشاری رێفۆرم و گۆڕانکاری سیاسی له‌سه‌ر خۆی لابا که هه‌ڵبه‌ت سه‌رکه‌وتووش بوو. تا کۆتایی شه‌ڕى سارد توركيا هیچ چه‌شنه رێفۆرمێکی به خۆیه‌وه نه‌دیت به تایبه‌تی له بواری مافی کورددا. به‌م جۆره دووهه‌م ئه‌نجامی خراپی شه‌ڕى سارد له ناوچه‌دا خۆی نیشان دا.
دیسان له ئێران، راسته که پاشه‌کشه‌ی سۆڤیه‌ت زیانێکی زۆری به کوردستان و ئازه‌ربایجان گه‌یاند، به‌ڵام لانی‌که‌م له تاران و باقی ناوچه‌کان ئه‌زمونێک له دیمۆکراسی و دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات و سنوردارکردنی هێزی پاشا له حاڵى تاقیکرنه‌وه دابوو. دوای هه‌ڵبژاردنی موسه‌ددیق به سه‌رۆک وه‌زیران، کورد و حزبی دیموکراتی کوردستانیش پشویه‌کیان هاتبۆوه خۆ و ورده ورده جموجۆلی سیاسی ده‌ستیپێکردبۆوه که بۆ چه‌ندین ساڵ دوای رووخانی کۆماری کوردستان کپ کرابوو. کورد به ته‌واوی پشتیوانی له رێفۆرمه‌کانی موسه‌دیق ده‌کرد. بۆ وێنه له دوایین رێفراندۆمدا که بۆ پشتگیری حکومه‌ت به‌ڕێوه چوو له شاری مه‌هاباد ته‌نیا دوو ده‌نگی (نا) له سندوقه‌کانی ده‌نگدان دابوو. بۆ یه‌که‌م جار کاتێک شۆڕشی جوتیارانی موکریان له لایه‌ن ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌کانه‌وه سه‌رکووت کرا، خه‌ڵكی کورد توانی په‌نا بۆ دادگا و حکومه‌ت به‌ڕێ و داوای دادی خۆی بکا. به‌دواداچونی حکومه‌ت، هه‌ڵاتنی ئاغاکانی لێکه‌وته‌وه که روداوێکی بێ‌وێنه بوو. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاریيه باشانه به كوده‌تای ئه‌مه‌ریکی به دژی موسه‌دیق کۆتایی پێهات که زیاتر له ترسی حزبی توده و له ململانه‌ی راسته‌وخۆی سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ریکدا رووی دا. ئه‌وه سێهه‌م ئه‌نجامی خراپی گه‌یشتنی شه‌ڕى سارد بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو.
به درێژه کێشانی ته‌مه‌نی شه‌ڕى سارد، وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌موویان دابه‌ش ببون به سه‌ر به‌ره‌ی سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ريكادا. ئه‌و حکومه‌تانه له ناوخۆدا بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵك ته‌واو سه‌ربه‌خۆ بوون ته‌نیا به‌م مه‌رجه که له ناو یه‌کێک له بلۆکه‌کانی شه‌ڕى سارددا بن.
دوو زلهێزه‌که ته‌نانه‌ت سه‌رکووت و کوشتنی لایه‌نگرانی خۆشیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه به‌لاوه گرنگ نه‌بوو ته‌نیا ئه‌وه گرنگ بوو که له ململانه جیهانیه‌کاندا ئه‌و حکومه‌تانه له به‌ره‌ی خۆیاندا رابگرن.
بۆ وێنه سۆڤیه‌ت چاووی به سه‌ر کوشتاری هه‌زاران کومۆنیست له عێراق و سوریا‌دا قوچاند ته‌نیا به‌و مه‌رجه که ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و دیمه‌شق نه‌چنه به‌ره‌ی ئه‌مه‌ريكاوه. ئه‌مه‌ريكاش بۆی گرنگ نه‌بوو که له ئێران و ئه‌رده‌ن و توركيا و سعودیه خه‌ڵك چی به سه‌ر دێ، ته‌نیا به‌و به‌ڵێنه که حکومه‌ته‌کانیان له سۆڤیه‌ت نزیک نه‌بنه‌وه.
حاڵه‌تی واش هه‌بوو که وه‌ک شه‌ڕى ئێران و عێراق، دوو زلهێزه‌که هاوکاری هه‌ر دوولایان ده‌کرد و بازاری چه‌ک فرۆشتنیان خۆش ده‌کرد. سه‌یره‌که له‌وه دابوو سۆڤیه‌ت که به شۆڕشی ئێران زۆر که‌یفخۆش بوو و پشتیوانی له ئێران ده‌کرد، هاوکات به نهێنی چه‌کی به عێراقیش ده‌دا و له‌و لاشه‌وه، ئه‌مه‌ريكاش موشه‌کی به ئێران ده‌فرۆشت، ئه‌ویش له رێگای ئیسرائیله‌وه!
له‌و فه‌زا نادیموکراته‌دا ئه‌وه‌ی حیسابی بۆ نه‌ده‌کرا مافى گه‌لانی بن‌ده‌ست بوو که دوای شه‌ڕى دووهه‌می جیهانی دڵیان به جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ و دروشمی مافی دیاریکردنی چاره‌نووس خۆش کردبوو.
ته‌نیا دوای کۆتایی شه‌ڕى سارد بوو که حکومه‌تێکی خودمختاری کوردی له باشووری کوردستان دامه‌زرا و فه‌له‌ستینیه‌کانیش له به‌شێک له خاکی خۆیان خۆبه‌رێوه‌به‌ڕیان دامه‌زراند. ئه‌وه به مانای کۆتایی کێشه‌کان نه‌بوو، به‌ڵام به بێگومان له ناخۆشی فه‌زای شه‌ڕى سارد به دژی گه‌لانی بنده‌ستی که‌مکرده‌وه.
ئاخرین وتاری ئه‌م زنجیره‌یه حه‌وتووی داهاتوو له سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى ئیسلامی سیاسی پێشکه‌ش ده‌کرێ.