دەربارەی: جالیه‌ی کوردی لە ئەوروپا

Kurd24

جالیای کورد لە ئەوروپا بە بەراورد لەگەڵ جالیای میللەتانی دیکە، زۆر چالاکترە و ئینتیما و خۆشەویستی زیاتریشیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە. ئەوان بە جەستە لە دەرەوە و بە روحیش بەردەوام لە کوردستان دەژین و لەڕاستیدا، ئەو سنوورە سیاسییە دەستکردەی لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ کوردستان کێشرا و ئێستا لە نەخشە و کتێبی جوگرافیدا هەیە، هیچ بڕوای پێناکەن و وەک برا بەیەکەوە دەژین، خەبات بۆ کێشە ڕەواکەیان دەکەن و لە یاد و بۆنە نیشتیمانییەکان کۆدەبنەوە و بەلای کەسیش گرنگ نییە، چ کوردێک خەڵکی چ پارچە یان ناوچەیەکە. ئەوان بەیەکەوە شایی دەکەن و دەگرین.

جالیای کورد لەکاتی پێویست و تەنگانە و بەتایبەتیش پاش شەڕی کەندا و کۆچڕەوە گەورەکە، لە رێگای مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانە، پارە و پشتیوانی سیاسی بەنرخیان بۆ کورد کۆکردەوە. ئەم یارمەتی و پشتیوانییەی ئەوان لەکاتی چوار ئابڵۆقەی وڵاتانی دراوسێ و UN تا پێش روخانی رژێمی سەدام، یارمەتیێكی یەکجار باش بوو بۆ خزموکەس و بارگارنیێکی گەورەش لەکۆڵ حکومەتی هەرێم کرایەوە و بازاڕەکانی کوردستانیش بەو پارەیە بوژانەوە.

لەپاش شەڕی دووەمی کەنداو، کەشوهەوایەکی جوانی سیاسی لە ناوچەکە و کوردستان هاتە ئاراوە. پاش نەمانی سەدام، ئومێدێکی نوێ بۆ ئێراق و کوردستان پەیدابوو. زیاتر ترس نەما، جارێکی دیکە بەغدا هەڕەشە لە کوردستان بکا و بە ئەنفالی ژمارە نۆ دەستپێبکاتەوە، کورد خۆی ئەمجارە لە حکومەتی بەغدا بەشدارە. لەم کەشوهەوا ئارامە و قۆناغی بوژانەوەی کوردستان، سەرکردایەتی کورد، بە ئاشکرا هانا وەبەر جالیای کورد دەبا و داوا لە کادر و هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزدەکا، هەتا زووە بۆ کوردستان بگەڕێنەوە بەشداری لە دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بکەن، کار بۆ دیموکراتی بکەن.

هەزاران کەس لە وڵاتی جیا جیا، بەهانای ئەو بانگەوازەی سەرکردایەتی کورد هاتن، کە شوێن پێی خۆیان لە ئاوارەیی گەرم و خۆشکردبوو، ماڵێکی جوانیان پێکهێنابوو. ئەوان وازیان لەکارەکانیان هێنا، شوقەکانیان دایەوە، خانووەکانیان فرۆشت، کۆمپانیاکانیان داخست، بەو هیوایەی یارمەتی حکومەتی کوردی بدەن، ژیانێکی خۆش بۆ هاوڵاتییانی کوردستان دابین بکەن و ئەزموونی جوانی ژیانی دەرەوە هێواش هێواش بۆ کوردستان بگوازنەوە.

هەندێک لەوانەی گەڕانەوە و بەتایبەتیش بێکەلکەکان، لە فرۆکەخانەوە بۆ وەزارەت و پەرلەمان نێردران، کورسی گەرمیان پێدرا و وەک کوێخوا ژیانێكی یەکجار خۆشیان بۆ دابینکرا و زوو لەبیریانکرد، بۆچی بۆ کوردستان گەڕاونەتەوە. ئەم چینە کاسەلێس و خۆڕەپێشکەرە، لەگەڵ کات خەسڵەتی ئەمیبایان وەرگرت، بوونە مشەخۆر و لەسەر حکومەت و سەرکردایەتی زۆر کەوتن.

زۆر لەوان ئەو کورسییە گەرمانەیان پێدرا و زیاد لەپێویست یارمەتییاندرا، لەبەر ئەوە نەبوو، کە ئەوان خەڵکی بەتوانا و باشن، بەڵکو زیاتر لەبەر ئەوەی ئەوان کەسانی بێشەرم و بێمەرج بوون. ئەو کوردە نوێیانە، نموونە هەرە ناشیرن و خراپەکانی جالیای کورد بوون و نەیانتوانی ئەو خزمەتە بکەن، کە دەبوایە بیکەن یان بەڵێنیاندابوو بیکەن.

گروپی دووەم، کە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان چوون یان لە سلکی حزبی کاریان پێدرا، زیاتر سەرکەوتوبوون. ئەوان بە پارەش لەسەر حزب و حکومەت نەوەستان و وەک هاوڵاتی ئاسایی دەژیان و کاریان لەسەر جوانکردن و بەرەوپێشچوونی دیموکراتییەت دەکرد، لەسەر ئاوەدانکردنەوە و ریفۆرمە جوانەکان دەکرد.

ئەم چینە دڵسۆزە، رای جوانیان هەبوو، پڕۆژە و پێشنیاری باشیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەش، بەدەگمەن گوێیان لێدەگیرا و ڕاجوانەکانیان قبوڵ دەکرا، بۆیە لەگەڵ کات هێواش هێواش ژیان و واقعی تاڵی کوردستانیان قبوڵکرد و زیاتر تاقەتی سەلماندنی توانای خۆیان نەما، لەگەڵ ئەوەش لە کاری خۆیان بەردەوام بوون و کوردستانیان جێنەهێشت.

لەوکاتەی رەوشی ئابووری کوردستان باشبوو، رۆلی کەسانی باش و بەتوانا دیار نەبوو، بەڵام بە تێکچوونی ئارامی و پچرانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و شەڕی ناڕەوای داعش، هێواش هێواش سەفەری دووەمی زۆریان دەستیپێکردەوە و کوردستانیان جێهێشت.

جێهێشتنی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک کادری یەکجار بەتوانا، خاوەن ئەزموون و دڵسۆز بۆ کورد، زیانێكی گەورە لە حکومەتی کورد کەوت. لەوانەیە ئەو زیانە زوو نابیندرێ، بەڵام پێشکەوتنەکانی کوردستان سڕدەکەن، دیموکراتیەت دەخەسێ، مافی مرۆڤ لەبیردەکرێ و زیانی گەورەی بۆ زۆر بواری دیکەش هەیە.

جالیای کورد، سەرمایەیەکی یەکجار گەورەیە و بە پارە قەت ناپیورێ، بەتایبەتیش ئێستا جیلی دووەمی جالیای کورد پێگەیشتووە و دەیان هەزار لەوان، باشترین زانکۆی جیهانییان تەواوکردووە و کاری زۆر گرنگ و گەورە دەکەن.

حکومەتی کوردی دەبی هەموو هاوکاریێکیان بکات بۆئەوەی هەرنەبێ ناوە ناوە بۆ کوردستان بگەڕێنەوە.

پێش ئەنجامدانی ئەم هەنگاوەی سەرەوە، حکومەتی کوردی دەبی ئەو کادرە دڵسۆز و بەتوانایانەی لەکاتی پێویست و تەنگانە بەهانای سەرکردایەتی و حکومەتی کوردییەوە هاتن و ئێستاش کوردستانیان چۆل نەکرد و بۆ دەرەوە نەگەڕانەوە، ڕازییان بکات و هەموو بەهانەیەکی گەڕانەوەیان بۆ دەرەوە و وڵاتی دووەم ببڕی.