عێراق، خاڵی دۆڕانی پان عه‌ره‌ب و پان شیعه
له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا پان عه‌ره‌بیزم له لوتکه‌ی خۆیدا بوو. وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌ک به دوای یه‌کدا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له بریتانیا و فه‌ره‌نسا به ده‌ستهێنابوو.
هاوکات شه‌پۆلی کۆماری خوازیش له میسره‌وه وه‌ڕێ که‌وتبوو و وڵاتانی سووریا و عێراق و یه‌مه‌نی گرتبوويه‌وه. بوونی برینێکی هاوبه‌ش، واته فه‌له‌ستین، که ببوو به سیمای ده‌ردی هاوبه‌شی خه‌ڵکانی عه‌ره‌ب هه‌موو هه‌لومه‌رجه‌کانی سازکرنی کیانێکی به‌رفراوانی عه‌ره‌بی كامڵ کردبوو و چ نه‌مابوو جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌وری بیسمارک بۆ یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب بگێڕێ.
له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ئێستاشدا شه‌پۆلی پان شیعیزم وڵاتانی شیعه‌نشینی ناوچه‌ی گرته‌وه و زیاره‌تی گۆڕی حوسینی کوڕی عه‌لی ببوو به رکابه‌ری زیاره‌تی که‌عبه له سعودیه.
له‌م نوسراوه‌یه‌دا شی ده‌کرێته‌وه، که چۆن پێکهاته‌ی تایبه‌تی عێراق بووبه باعیسی ناکامی هه‌ر دوو ئاواتی پان عه‌ره‌بیزم و پان شیعیزم و نیشان ده‌دا که ئه‌م وڵاته له داهاتوودا له ژێر فشاری ئه‌م دوو پانه‌دا، یا دابه‌ش ده‌کرێ یا ده‌بێته خاوه‌نی ستاتوسێکی تایبه‌ت و جیاواز ده‌بێ له هه‌ر دوو جیهانی شیعه و جیهانی عه‌ره‌ب.
بیرۆکه‌ی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می جه‌مال عه‌بدولناسر دا گه‌یشته لوتکه‌ی خۆی. ناسر نیگه‌رانی پیلانگێڕانی وڵاتانی بریتانیا و فه‌ره‌نسا بوو و هه‌ستی ده‌کرد ئه‌م دوو زلهێزه به ئاسانی واز له قه‌ییه‌مبوونی پێشووی خۆیان ناهێنن.
په‌یوه‌ست بوونی عێراق به رێکكه‌وتنی به‌غدا له نێوان ئێران و تورکیا و عێراقدا، له 1954دا- به پاڵپشتی ئه‌مه‌ریکا که دواتر پاکستانیشی پێ زیاد بوو- نیگه‌رانیيه‌کانی ناسری زیاتر کرد و هاواری پان عه‌ره‌بیزمی به‌رزتر کرده‌وه. هه‌ر بۆیه هێرشی 1956ی بریتانیا و فه‌ره‌نسا به سه‌ر میسر و ناکامی ئه‌م دوو وڵاته له هه‌ڵوه‌شاننه‌وه‌ی بڕیاری نه‌ته‌وه‌یی کردنی که‌ناڵی سوێس نه‌بوو به باعیسی حه‌سانه‌وه‌ی ناسر به‌ڵکوو هه‌وڵه‌کانی خۆی به ده‌ربازکردنی عێراق له سیستمی پاشایه‌تی چڕتر کرد.
له‌م قۆناغه‌دا پان عه‌ره‌بیزم هێشتا روخساری داگیرکه‌ری خۆی نیشان نه‌دابوو بگره هێزێکی هانده‌ر و دژه ئیمپریالیستی بوو که کاتی هێرشی بریتانیا و فه‌ره‌نسا بۆ سه‌ر میسر، به میلیون که‌سی له ده‌یان شاری وڵاتانی عه‌ره‌بی به به‌غداشه‌وه هێنا سه‌ر شه‌قام بۆ پشتیوانی له میسر و ناسر.
دوای شۆڕشی 1958ی عێراق، به پێچه‌وانه‌ی گه‌شبینیه‌کانی، نه ته‌نیا ئاواتی ناسر بۆ په‌یوست بوونی عێراق به یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی نه‌هاته دی که تازه هه‌ستی به جیاوازی نێوان عێراق و باقی جیهانی عه‌ره‌ب کرد. کاتێک سوریا و میسر یه‌کیان گرت و له 1958 هه‌تا 1961 کۆماری یه‌کگرتووی عه‌ره‌بییان دامه‌زراند، عه‌بدولکه‌ریم قاسم پێشنیازی په‌یوه‌ست بوونی عێراقی به‌م کۆماره تازه دامه‌زراوه ره‌تکرده‌وه، له ترسی دوو هۆکاری ناوخۆیی: کورد و شیعه! عێراق وڵاتێک بوو که به‌شێکی به‌رچاوی هاووڵاتیيه‌کانی عه‌ره‌ب نه‌بوون و به‌شی زۆری عه‌ره‌به‌کانیشی سوننه نه‌بوون (له حاڵێکدا جیهانی عه‌ره‌ب زۆرینه‌یان سوننه‌ن). ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ دابه‌زینی شه‌پۆلی پان عه‌ره‌بیزم. دواتر شیعه‌کانی یه‌مه‌نیش، واته زێدیيه‌کان که ئێستا به حوسی ناسراون، چاویان له عێراق کرد و له به‌رانبه‌ر پان عه‌ره‌بیزم وه‌ستانه‌وه و شه‌ڕی دوو وڵاتی عه‌ره‌بی بۆ یه‌که‌م جار له نێوان میسر و یه‌مه‌ن‌دا روویدا، که وه‌کوو مه‌رگی برایه‌تی عه‌ره‌بان بوو. له چاوی عه‌ره‌به شیعه‌کان پرۆژه‌ی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی پرۆژه‌یه‌کی سوننه ته‌وه‌ر بوو که له ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتندا شیعه‌کان ده‌بوونه که‌مینه‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی.
زۆر دوای ناسریش دیسان عێراق ملی نه‌دا به چه‌ندین جار پێشنیازه‌کانی یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ سوریا که ئاخر پێشنیاز له ساڵی 1978 بوو سه‌رباقی ئه‌وه‌ى كه ئه‌وکاتی ئه‌و دوو وڵاته زیاتر له ده ساڵ بوو له لایه‌ن دوو حزبی هاوناو و هاوئايدۆلۆژياوه ئیداره ده‌کرا.
هه‌ر ئه‌و کێشه‌یه دوای په‌نجا ساڵ به‌ره‌و رووی پرۆژه‌ی پان شیعیزم یا هیلالی شیعی بووه‌ته‌وه. ئێران له دوای رووخانی حکومه‌تی سه‌ددام به تایبه‌تی به دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی، که مه‌ترسییه‌ک بۆ ئێران و زیندووبونه‌وه‌ی 'بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز'ی ئه‌و وڵاته بوو هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ رێکخستنی شیعه‌کانی ناوچه‌که وه‌گه‌ڕخست له یه‌مه‌نه‌وه تا لوبنان به‌ڵام زیاتر له هه‌موو وڵاتێک له سه‌ر عێراق حیسابی کردبوو. به‌س ئه‌ویش نه‌یده‌زانی که عێراق وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌يی و فره ئایینییه که هه‌ر چه‌شنه بیرۆکه‌یه‌کی شیعه ته‌وه‌ر، هه‌م به‌ره‌و رووی هه‌ڵوێستی کورد و عه‌ره‌بی سوننه له ناوخۆی وڵات‌دا ده‌بێته‌وه و هه‌م عێراق ده‌خاته ناو گه‌مارۆی زیاتر له بیست وڵاتی عه‌ره‌بی دیکه که زۆرینه‌ی ره‌های پێکهاته‌که‌یان سوننه‌یه. ئه‌وه‌ش به قازانجی عه‌ره‌بی شیعه‌ی عێراق نیه.
دوای نیشتنه‌وه‌ی که‌فوکوڵی شیعه‌گه‌ری له عێراقدا، که سه‌رهه‌ڵدانی داعش ته‌نیا یه‌کێک له ئاکامه خراپه‌کانی بوو، ئێستا شیعه‌ی عێراقی بیر له به‌رژه‌وه‌ندیيه‌کانی خۆی ده‌کاته‌وه. ته‌نانه‌ت که‌رنه‌ڤاڵى چله وه‌کوو ده‌رفه‌تێکی ئابووری ته‌ماشا ده‌کات. گه‌مارۆدانی ئێران وه‌کوو مه‌جالێک بۆ مامه‌ڵه کردن به ریاڵی هه‌رزان ده‌بینێ و جێگای به‌تاڵی نه‌وتی ئێران له بازاری جیهانی دا وه‌کوو ده‌رفه‌تێکی زێڕین، به زیادکردنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی پڕ ده‌کاته‌وه.
واته هیچ نیشانێک له یه‌کگرتووی شیعه و شیعه نه‌ماوه. هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی عێراق ئه‌زمونی چل ساڵ حکومه‌تداری شیعه‌کان له ئێران‌دا ده‌بینێ که چۆن ئه‌و وڵاته‌ی تووشی ده‌یان کێشه‌ی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کردووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عێراقیشدا دیسان له به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌ی عێراقه که وه‌کوو وڵاتێکی شیعه‌ی عه‌ره‌بی سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه نه ئه‌وه‌ی که بچێته که‌مپی ئێرانه‌وه چوون له نیهایه‌تدا کۆی قورسایی وڵاتانی سوننه‌ی عه‌ره‌بی زۆر زیاتره له قورسایی وڵاتی شیعه‌ی ئێران، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له داهاتوودا وڵاتێک به‌م سیستمه حوکمڕانیه له ئێران‌دا هه‌ر بمێنێ.
*هێمن سەیدی
لەدایکبووی شارى مەهاباده له رۆژهەڵاتی کوردستان. ساڵەکانی 2001 تا 2008 له باشووری کوردستان مامۆستای بیناسازی زانکۆی سەلاحەدین و دواتر سەرۆکی بەشی تەلارسازی زانکۆی کۆیە بوو. هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی حدکا و حدک بوو. له به‌ریتانیا له بواری زانستی سیاسی‌دا دووبارە خوێندنی زانکۆی دەستپێکردەوە. بەکالۆریۆسی له "سیاسەتی جیهانی"دا له زانکۆی لەندەن تەواو کرد و ماستێری له "رۆژهەڵاتی ناوین له سیاسەتی جیهانیدا" هەر لەو زانکۆیە وەرگرت. ئێستاش خەریکی نووسینی نامەی دوکتۆرایه له بواری ئیرانناسی دا له زانکۆی سەنت ئاندروس. وەکو شرۆڤەکار له بی بی سی و ميدیا فارسیيەکان دەردەکەوێ و هاوکاری چەند سەنتەری توێژینەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین دەکات.