وەرزشی کوردستان ئێوە خۆش

Kurd24

ھەمیشە بەھیواوە لە راگەیاندن کارم بۆ وەرزشی کوردستان کردووە، لەوەتەی دەستم داوەتە کاری راگەیاندن ھەوڵم داوە ئەوەندەی لێم زانیوە و بۆم کراوە ببمە ھۆکارێک بۆ پێشکەوتنی وەرزشی کوردستان، پشتم لە کەموکوڕی و ناشرینییەکان و رووم لە جوانییەکان بووە، بەڵام خەریکە بێھیوامان دەکەن.

ھەڵبژاردنی یانەکان وەڵامی زۆر پرسیاری دامەوە، لەوە تێگەیشتم کاتێک داوا لە ھاندەرێک یان بینەرێک دەکەی بچێتە یاریگەکان یان سەیریی یارییەکی کوردستان بکات بۆ بێزی خۆی دەکاتەوە، لەوە تێگەیشتم بۆچی گەنجی ئەم وڵاتە ئامادەیە سەیریی یارییەکی پلە چواری ھەموو وڵاتێک بکات، بەس ئامادە نییە سەیری راپۆرتێکی کورتی گرنگترین یاریی کوردستان بکات.

لە ھەڵبژاردنی یانەکان ھیچ ھاندەرێک بۆی نەبوو دەنگ بدات، واتە یانەکان ھیچ رێزێکیان بۆ ھاندەرانیان نییە، ئێمە لە میدیا ھەموو ھەوڵێکمان  بۆ ئەوەیە  ھاندەری زیاتر لە دەوری وەرزشی کوردستان کۆبکەینەوە، کەچی بەرپرسانی وەرزشی ئەوەی حیسابی بۆ نەکەن ھاندەرانن، داوایان لێدەکەن لە یارییەکان ئامادە بن، کەچی لە ھیچ بابەت و پرۆسەیەک رایان وەرناگرن.

لە کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزان و راھێنەری خولەکان دەنگی ھاندەران  وەرناگیرێت، لە ھەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکانیش ھاندەران ناتوانن دەنگ بدەن و لەکاتی سەیرکردنی یارییەکانیش ھاندەران دەبێت لە سەرما و گەرما بەبێ ھیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی ئامادەی یاریەکان بن، پێمناڵێن بە چ رووێک داوا لە ھاندەران بکەین واز لە یارییەکانی ئەوروپا بێنن و بێن سەیری وەرزشە بێسەروبەرەکەی کوردستان بکەن؟

تاکو ھاندەر لە وەرزشی کوردستان خۆی نەبینێتەوە، تاکو ھاندەر لە کوردستان رای وەرنەگیرێت و دەستی لە گۆڕانکارییەکانی وەرزشی ئەم وڵاتە نەبێت، دۆخی وەرزشی کوردستان لەمە باشتر نابێت، چونکە تاکو ھاندەران نەچنە یاریگە و ھۆڵە وەرزشییەکان، نە میدیا دەتوانێت زیاتر گرنگی بە وەرزشی ناوخۆیی بدات و نە وەرزشی کوردستانیش دەتوانێت ببێتە خاوەنی داھاتی خۆی.

لە ھەڵبژاردنی یانەکان ھیچ گۆڕانکارییەکی گەورە رووی نەدا، بەشێک لەوانەی وەرزشی کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندووە زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا، جارێکی دیکە ھەندێک دەسەڵاتدار بە سەرۆکی یانەکان ھەڵبژێردرانەوە و بە شانازییەوە قسەیان بۆ میدیاکان کرد، لەکاتێکدا فڕیان بە وەرزشەوە نییە و لە ئەلفوبێی وەرزش نازانن.

کارەساتە یانە ھەرە جەماوەری و گەورەکانی کوردستان دەنگدەرانی لە ٣٠٠ کەس تێپەڕ نەکات، مەعقوول نییە ١٠٠ تاکو ٣٠٠ کەس بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی داھاتووی یانەیەک بدەن، لەکاتێکدا ژمارەی ھاندەرانی سەدان ھەزار کەسە. یانەکانی ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و زاخۆ کە لە یانە جەماوەرییەکانی کوردستانن، ژمارەی دەنگدەرانی ھەموویان بەیەکەوە لە ٧٠٠ کەسی تێپەڕی نەکرد، لە کاتێکدا ژمارەی ھاندەرانی ئەو یانانە دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن ھاندەر.

ھاوکێشەکە زۆر روونە، ئەو یاریزانانەی لە یانەکان یاریی دەکەن، دواجار لە ژێر دەستی ئەو کەسانەن کە خۆیان بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە بەربژێر کردووە و بەرژەوەندییان بەیەکەوە ھەبووە، بۆیە گۆڕانکاریی روو نادات و یاریزانەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ناتوانن دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، چونکە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کارگێڕ و سەرۆکی یانەکان ناھێڵن ئەو یاریزانانە لە یانەکەیان یاریی بکەن، کە دژیان دەوەستنەوە و دەنگیان پێ نادەنەوە، بەڵام ئەگەر ھاندەران دەنگ بدەن، تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی یانەکەیان دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی ھیچ بەرژەوەندییەکیان لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە نییە، قۆرخکاریی لە یانەکان کەمدەبێتەوە.

لە ھەڵبژاردنی یانەکان لە چەند کەسێکی کەم بترازێت، خوێنی تازە لە یانەکان نەھاتنە پێشەوە، لە کوردستان سەدان کەسی ئەکادیمی و خاوەنی ئەزموون و یاریزانی دێرینی دڵسۆزمان ھەیە، بەڵام ئەو کەسانە دوورکەوتوونەتەوە و دەرفەتی ئەوەیان پێنادرێت ئەوەی خەونی پێوە دەبینن بۆ یانەکانیان بیکەن، ھێشتا وەرزشی کوردستان جامدە، نە کەس واز دەھێنێت، نە لێدەگەڕێن کەسیش بێتە پێشەوە و قۆرخکردنی یانەکان بە یاسایی کراوە.

لەوەتەی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە، رۆژانە و ھەفتانە گوێم لە بەرپرسی یانەکان دەبێت، دەڵێن قەرزارین و قەیرانی داراییمان ھەیە، وا لە بینەر دەکەن زگی پێ بسووتێن، کەچی لە ھەڵبژاردنی یانەکان شەڕیان لەسەر کورسییەکانیان دەکرد، ئەگەر دۆخی یانەکان ئەوەندە خراپە و قەرزارن، بۆ وا بەتازمەرۆییەوە لە ھەڵبژاردنەکان خۆتان بەربژێرکردەوە؟ ئەگەر دەڵێن قەرزەکان لەسەر ئێمەیە و پێویستە بیاندەینەوە، ئەوە یانە قەرزە نەک کارگێڕی یانەکە و ئەگەر قەرزەکانتان یاسایی و راستن، ھەر کەسێک بێتە شوێنەکانتان لەسەری واجبە قەرزەکانتانی یانەکە بداتەوە، بەڵام خۆبەربژێرکردنەوەتان شتی دیکەمان پێدەڵێت.

یانەکانی کوردستان ھێشتا حیزب ئاڕاستەیان دەکات و بەڕێوەیان دەبات، پێویستە ئەو بەرپرسانەی لە حیزبەکان وەرزش بەڕێوە دەبەن دەست بە لێپێچینەوە و گۆڕانکاریی بکەن، لەوە بپێچنەوە ئەو کەسانەی وەکو نوێنەری حیزبەکانیان لە یانەکان دایانناون چەند خزمەتیان بە حیزبەکەیان و دەنگدەرانی حیزبەکەیان کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن، کە حیزبەکەیان بەکار دەھێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، رێگە بۆ ئەو کەسانە خۆش بکەن ئەندام و دڵسۆزی حیزبەکانیانن و پڕۆژەیان بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزشی کوردستان پێیە و دەتوانن لە داھاتوو ببنە ھۆی جوانترکردنی حیزبەکەیان و زیاتر خزمەتکردنی وەرزشی کوردستان.

کەموکوڕی لە میدیای وەرزشی کوردی ھەیە و یاریزان، راھێنەر، ناوبژیوان و ھاندەری کوردستانیش کەموکوڕیان ھەیە، بەڵام تاکو کار بۆ بەرەو پێشبردنی ئاستی کارگێڕانی یانەکان نەکرێت، چاوەڕێ مەبن دۆخی وەرزشی کوردستان لەمە باشتر بێت، تاکو ئەو کەسانە یانەکان بەڕێوە ببەن کە بە رێککەوت ھاتوونەتە ناو وەرزش، چاوەڕێ مەبن، گەنجی ئەم وڵاتە لە پاڵ خۆشویستنی یانەکانی ئەوروپا، سۆزێکیشی بۆ یانەکانی کوردستان ھەبێت، ھەر کاتێک ویستتان وەرزشی کوردستان بەرەو پێش ببەن، لەو کەسانە دەست پێبکەن کە یانەکان و دامەراوە وەرزشییەکانی بەڕێوە دەبەن و دەستخۆشی لە کەسە باشەکان بکەن و رێگە بە ھاتنەپێشەوەی کەسە شارەزا و دڵسۆزەکان بدەن، چونکە ئەوە کارگێڕی یانەکانن مامەڵە لەگەڵ میدیا و ھاندەران دەکەن، ھەر ئەوانیشن یاریزان و راھێنەر دەگوازنەوە و گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ دەکەن و رێنمایی یاریزانەکانیشیان دەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ ناوبژیوانان بکەن.