دەربارەی: کتێب و وەرگێڕانی کتێب بۆسەر زمانی کوردی

Kurd24

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کتێب لە زمانی جیا بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕدرێ. هەندێك لەو کتێبانە، خوێندنەوەیان خۆشە و زمانێکی دەوڵەمەند و پاک و پاراوی تێدا بەکارهاتووە، ئەوانەی دیکە، لە خوێندنەوەی دوو لاپەڕەی یەکەم خوێنەر هیلاک دەبێت و کتێبەکە فڕەدەدا. ئێمەی کورد، وەرگێڕی باشمان هەیە، بەڵام ژمارەی باشەکان زۆر کەمە و لە پەنجەی دەست ڕەتناکا، کەچی سەدان کەس بێئەوەی هیچ لە هونەری وەرگێڕان و ئەخلاقی وەرگێران بگا، بەو پیشەیەوە نووساوە و بە ئارەزووی خۆی کتێبی نووسەری زۆر باش و بەناوبانگی بیانی شەلوکوێر و وێران دەکا. لەراستیدا هیچ ڕێنمایێکیش بۆ وەرگێرانی کتێب بۆسەر زمانی کوردی نییە و زۆربەیان بە بەرنامەش کاری وەرگیڕان ناکەن، لە هەمووشی خراپتر مافی نووسەر و دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوە و وەرگێڕەکانی پێشتر دەخۆن و هیچ پرسیان پێناکەن، کە دەکاتە لادان لە یاسا، لادان لە ئەخلاقی پیشە و دزیکردن لە نووسەر و وەرگێڕی پێشتر.

مێژووی وەرگێڕانی کتێب تازە نییە و لە کتێبە ئاسمانییەکانەوە Psalmist یان Psalterium دەستپێدەکات. Septuagint (یاساکانی عیسا) یەکەم کتێبە لە زمانی عیبری کۆن بۆ Koine (زمانی بەرزی یۆنانی) وەرگێڕدرابیت. هەندێک بەشی ئەم کتێبەی تەورات بۆ ٣٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. (یەکەم نووسینەوەی تەورات لە نێوان ١٢٥٠ – ٩٥٠ ساڵ پێش زاینبووە). 

لە سەردەمی زوو، قەشە و پیاوە ئایینییەکان، نووسەر و زاناکان، زمانەکانی یۆنانی کۆن و لاتینیان دەزانی، بۆیە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی نەتەوە یان هەرێم زۆر پێویست نەبوو، بەتایبەتیش پێش دۆزینەوەی چاپخانە لەلایەن گۆتنبێرگ لە ناوەڕاستی سەدەی پازدە لە ئەڵمانیا. نەک هەرخوێندن لە زانکۆ و کەنیسەکان بە لاتینی و یۆنانی کۆن بووە، بەڵکو لە پاریس لە ساڵی 1630 ئەگەر کەسێک داوای کردنەوەی دوکانی کتێبفرۆشی کردبا، دەبوایە ئەو کەسه‌ رووناکفکر بووایە، لاتینی زۆر باش بزانیبا و بە زمانی یۆنانیش بیخوێندبایەوە، ئینجا لە زانکۆی پاریس مافی وەرگرتنی مۆڵەتی کتێبفرۆشی پێدەدرا.

کەمێک درەنگتر و لە سەدەی هەژدە، کەسی وەرگێڕ بە ئارەزووی خۆی دەستکاری تێکستی نووسینی دەکرد و کتێبەکەی دادەڕشتەوە، ئێستا بێگومان جیایە و نووسەر و دەزگای چاپ و پەخش بەوجۆرە وەرگێڕانە رازی نین. پرۆفێسۆر Mall Stålhammar دەنووسێ: تێکست لە رێگای هەڵبژاردنی وشە، جیهانێك دروست دەکا، کاری وەرگێڕ ئەوەیە، کە ئەو وشانە لە زمانی دیکە هەڵبژێڕی، کە جیهانەکە جارێکی دیکە دروست بکاتەوە. بۆیە بۆ کەسی وەرگێر زۆر گرنگە نەک هەر تەنیا لە هەردووک زمان زۆر باش شارەزابێت، بەڵکو لە فەرهەنگی هەردووک گەلیش زۆر باش بگات و لە هەردووک وڵاتیش ژیابێت.

لە زۆر دەزگای چاپ و پەخشی ئەوروپی، کەسی وەرگێر، جگە لەوەی بڕە پارەی خۆی پێدەدرێ، ١٥ دانە لە کتێبەکەی خۆشی وەردەگری. بۆئەوەی بە پارەی وەرگێران بژیت، دەبی ساڵانە بەلای کەم ٤ کتێب وەربگێریت و کتێبەکانیش پڕفرۆش بن.

لە دەزگایەکی پەخش، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر کاردەکەن و ئەوان پەیوەندی لەگەڵ نووسەر دروست دەکەن. وەرگێر و سەرنووسەر بەرپرسیارێتی ناوەڕۆک و زمان و فاکتەیان لە ئەستۆدایە، ئەگەر کتێبەکە نەخش و وێنەی تێدابی، لەوکات سەرنووسەری وێنە هەیە.

Kajsa Öberg Lindsten لە چاوپێکەوتنێک دەڵێ: ئەوانەی تازە دەست بە کاری وەرگێڕان دەکەن، وشە بەرامبەر وشە وەردەگێڕن، بۆئەوەی پیشانی بدەن، کە ئەوان مانای هەموو وشەیەک دەزانن، بەڵام نابی بەو شێوەیە کتێب وەربگێڕدرێ، چونکە وشە مانای فەرهەنگی خۆی هەیە و دەبی لە وردەکاری بگەین.

سکرتێڕی ئەکادێمیای سویدی Horace Engdahl جارێکیان گوتویەتی: ئەگەر ئێمە واز لە وەرگێڕان بێنین، زمانی سویدی بە هەژاری دەمینێتەوە، چونکە لە ڕێگای وشەوە ئێمە فۆرمولەی جیهانی خۆمان دەکەین و تێیدەگەین.

هەندێ وەرگێر هەموو تێکستەکە جارێک یان زیاتر دەخوێننەوە ئینجا دەست بە وەرگێران دەکەن، ئەوانەی دیکە یەکسەر کتێبەکە وەردەگێرن. بەڵام لەناو هەموو وەرگێرانەکان، وەرگێرانی شعر زۆر گرانە.

کتێب دەبی لە زمانی نووسەر (زمانی یەکەم) وەربگێڕدرێ، بۆئەوەی غەدر لە نووسەر نەکرێ، بەڵام لە حالەتی تایبەت و بۆ کورد، دەشکرێ کتێب لە زمانی دووەم وەربگێردرێ، بەو مەرجەی لەگەڵ زمانی یەکەم بەراورد بکرێ. زۆر لەو کتێبانەی بۆسەر زمانی کوردی وەردەگێڕدرێن، لە زمانی سێیەم یان زیاترەوەن، بۆیە ئەگەر لایەنی زمانەوانیشی تەواو بیت، ناوەڕۆکی پڕکەموکورتییە، بەتایبەتیش ئەو کتێبانەی لە زمانی عەرەبی و لەلایەن وەرگێڕانی میسری و سوری وەرگێڕدراون، روحی کتێبەکە دەکێشن و نووسەر کتێبی خۆی ناناسیتەوە. هەربۆنموونە: کتێبێک لەم دواییانە لە زمانی عەرەبی بۆ زمانی کوردی وەرگێردرایە، کە نووسەری یەکەم سویدییە و وەرگێڕیش نزیکە ٢٥ ساڵە لەسوید دەژیت. ئەگەر کتێبە کوردییەکە لەگەڵ کتێبە سویدییە ئەسلەکە بەراورد بکەیت، نووسەر کتێبی خۆی ناناسێتەوە... ئەوە خیانەت و غەدری گەورەیە لە کتێب و لە نووسەر دەکرێ، باس لەوە هەرناکەین، وەک لەسەرەوە نووسیمان، لادانە لە یاسا، لادانە لە ئەخلاقی پیشە و دزیێكی گەورەیە لە دەزگای چاپ و پەخش و نووسەر و وەرگێرەکانی پێشتر. لەراستیدا نابی دەزگاکانی چاپ و پەخشی کوردیش ئەمجۆرە کتێبانە چاپ بکات، کە لە زمانی دووەم یان سێیەم وەرگێڕدراین.

کتێب بازاڕی لە ئەوروپا زۆر گەرمە و سەدان هەزار کەس پێیوە دەژین. کتێبخانەی مەلەکی سوید ساڵانە ناوی ١٥ هەزار کتێبی چاپکراوی تازە لە سوید تۆمار دەکات و بازاڕی کتێبێش ساڵانە بە بڕی یەک ملیار لە سوید دۆلار دەخەملێندرێ.