دەبوایە وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ، خۆیان پێشنیازی راپرسییان بۆ کورد کردبا

Kurd24

رۆژی 25ی ئەیلول، ئێمە بۆ ڕێفێرێندۆم دەچین و ڕێفێرێندۆمیش لە دەستووری ئێراق ڕێگای پێدراوە، بۆیە دەنگدانی ئێمە نە دژ بەدەستووری ئێراقە، نە خێرە بە کورد، نە عەیبە و نە شەرمیشە، بەڵکو مافێکی هەق و ڕەوای گەلی کوردە، کە ڕابردووێكی تاڵی لەگەڵ وڵات و حکومەتەکانی دراوسێ و ناوچە هەیە و دەیەوێ لە داهاتوو خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدا، خۆی بژی چۆن خۆی دەیەوێ، نەک چۆن ئەوان دەیانەوێ یان بە کورد بەڕەوای دەبینن.

لەراستیدا، پێش ئاشکراکردنی ئەو ڕاپرسییە، حکومەتی ناوەندی خۆی دەبوایە ئەو پرسە گرنگەی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد باس کردبا و زوو ئەو ئازادییەی بەکورد دابا، ئەگەر کورد زیاتر نەیەوێ وەک دووبرا بەیەکەوە لەناو یەک وڵاتی پڕکێشە و نەخۆش و بریندار (ئێراق) بژی، دەتوانی وەک دووبرا لە دوو وڵاتی جیا و دراوسێ بژی...

دەبوایە حکومەتی ناوەندی زەمینەی بۆ ڕێفێراندۆمی کورد خۆشکردبا، بودجەی بۆ تەرخانکردبا، یارمەتی کوردی دابا، هەرنەبێ سوودیان لە جیابوونەوەی ئاسایی چیک و سڵۆڤاکیا  (١ی کانونی دووی ١٩٩٣) وەرگرتبا. لە ڕاستیدا، دەبوایە وڵاتانی دیکەی عەرەبی گەورە و دەوڵەمەند (سعودیە و میسر و ئیمارات...هتد) لەدوای نەمانی سەدام خۆیان داوا لە حکومەتی ئێراق بکەن و فشاری بخەنەسەر، بۆئەوەی کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکات و قەرەبووی ئەو هەموو ساڵانەی کوشتن و ئەنفال و تەعریب و سووتاندنی کوردستانیش بکەنەوە، چونکە کورد لەلایەن حکومەتێكی عەرەبی ناسیونالیست تەعریبکرایە، ئەنفالکرایە، وڵاتەکەی سوتێندرایە و ئەوانیش سەیریان کردووە، بێدەنگ بووین و هەندێکجار لەو وێرانکردنە بەشداریش بووین.

دەبوایە حکومەتەکانی سعودییە و کوێت و ئێران، پاش نەمانی سەدام، زوو داوایان لە وڵاتانی زلهێز و ناوچە کردبا، کێشەی کورد بە ئاشتییانە چارەسەربکەن، بۆئەوەی خۆیان ئارام بژین و بودجە زەبەلاحەکەیان زیاتر بۆ کڕینی چەك و تەقەمەنی و هێزی سەربازی بەکار نەهێنن، بەڵکو ئەو پارە زۆرە، بۆ خۆشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییانی خۆیان بەکار بێننن. دەبوایە وڵاتانی عەرەبی و ناوچە، خۆیان دەستپێشخەری بکەن و پارە و سەرمایەی زۆر لە کوردستان بخەنەگەڕ و هاوڵاتییانی خۆیان هانبدەن، گەشتی دەرەوەی وڵاتیان بۆ کوردستان بگۆڕن بەتایبەتیش، کە دەزانین نەبوونی کەشوهەوایەکی ئارام، هەبوونی ئاگرێکی گەرم و خۆش، زۆرجار پڕوشکی بەرخۆشیان دەکەوێ... دەبوایە تورکیا و ئێران و سوریا بەیەکەوە دانیشتبان و بیریان لە چارەسەرێکی عادل بۆ کێشەی کورد کردبا، بۆئەوەی دەوڵەتی کوردی لە داهاتوو دەرگای بۆ هاوڵاتییانی ئەوان واڵابایە و بێ کێشە و ڤیزە لێی ژیابان و سەرمایەیان بەگەر خستبا...

دەبوایە، کۆمکاری عەرەبی و تەواوی مەلیک و سەرۆکانی ئەندام و ئەمیندارەکەیان، پەنێلێکی تایبەتیان بەکورد لە باڵەخانەی سەرەکی خۆیان لە قاهیرە، سازکردبا و سەرکردایەتی کوردیان داوەت کردبا و مزگێنی سەربەخۆیی و ئازادییان بە کورد دابا و هەرلەوێش داوای بووردنیان لە گەلی کورد کردبا، کە لە رۆژە ڕەشەکان بێدەنگبوون و جورئەتیان نەکرد، دژ بە سەدام و ئەسەد بۆ بەگریکردن لە کورد بووەستنەوە...

بەداخەوە، ئەوان هیچ لەوانەی سەرەوەیان نەکرد، بە ئەرکی سەرشان و درواسێیەتی خۆیان هەڵنەستان، مێژووی خۆیان پاک نەکردەوە، ترسنۆکانە ژیان و خۆیان لە بیری بۆگەن و نەخۆشی نەژاد پەرستی خاوێن نەکردەوە، ئەگەرچێ لەوانەیە خۆشیان باش بزانن، کە ئێمەی کورد، ڕێگایەکی زۆر مۆدێڕن و دیموکراتیمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان هەڵبژاردووە، کەچی دەیانەوێ ئەو دەنگدانەمان لێ شێلو بکەن، چونکە دەبینین، بە ئاشکرا لە میدیاکانی خۆیان ناشیرنی دەکەن و ئێمەی کورد وەک داگیرکەر و میوان لە وەتەنی عەرەبی سەیر دەکەن. ئەوان لەبیریان کردییە، لە سەرەتای هەزارەی سێیەم دەژین و خەڵک زیاتر بە ژیانی ژێردەستی و چەوسانەوە و غەدر رازی نابێت... باس لەوە هەرناکەم، خەڵک لە ئیسپانیا و بەریتانیا ڕاپرسی ئەنجام دەدەن و دەیانەوێ لە حکومەتی ناوەندی خۆیان جیاببنەوە، کە هەموو مافێکی مرۆیی و سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگیشیان هەیە...