كورد و نیمچە دوورگەی كۆریا

Kurd24

كورد دەڵێت: لە هەموو خەسارەتێك ئەقڵێك..

دوای زیاتر لە نیو سەدە شەڕو ئاڵۆزی و ململانێ و كۆژارن و بریندار بوونی دەیان هەزار سەرباز و هاووڵاتی سڤیل و دوكەرتبوونی وڵاتەكە و دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز لە هەردوو بەشی كۆریا و توندتركردنی ململانێكانیان دژ بە یەكتر، لە كۆتایدا هەردوو سەرۆكی كۆریای باكور و باشور دەستیان خستەوە ناو دەست و لاپەڕەیەكی نوێیان لە پەیوەندیيەكانی هەردوو وڵات هەڵدایەوە.

ئێمەی گەلی كورد لە هەرچوار پارچە و بە تایبەت لە باشوری كوردستان لە پێش راپەڕین و لەدوای راپەڕین چەندینجار شەڕی كورد بە كوردمان و شەڕی پارچەكانی ترمان كرد كە بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی بێتاوان و دواتر هەرێم بوو بە دوو بەشەوە كە تا ئەمساتەش ئاسەواری دوو ئیدارەیی و ئازارەكانی لای میللەت و لەناو خەڵكدا لە بیرەوەریەكانیاندا ماوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسیيەكان نە تەجروبەی وڵاتانی وەك كۆریای باكوور و باشوور و نە تەجروبەی خۆمان لە رابردوو هیچ وانەیان لێوەرنەگرتووە و بەردەوام یەكترمان شكاندووە و دڵی دوژمن و نەیارەكانمان خۆش كردووە و رێگامان داوە دەستێوەردانی ئیقلیمی و دەرەكی بێتە وڵاتەكەمانەوە، قەت بیر لە خوێنی شەهیدان و كارەساتەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و كیمیايبارانی كوردستان نەكراوەتەوە، ئەوەندەی نەرمی و ئەوەندەی تەنازول بۆ بێگانە كراوە، ئەم هێزە سیاسیانە بۆ خۆیان نەكردووە.

ئێستاش كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە ئەم تەشهیرو جنێو دان و یەكتر شكاندن و هاندانی لایەنگرانی یەكتر بە ئاراستەی توندو تیژی ئەمە بناغەی شەڕو كاولكاری لێدەكەوێتەوە بۆ داهاتوو بە تایبەت هێشتا ململانێی قورستر بەڕێوەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

با چیتر لاوان و گەنجانی ئەم وڵاتە وەك رابردوو و لە ئەنجامی ململانێی سیاسی و وتارە توندەكان شەهید نەبن، چونكە لە كۆتایدا سەركردەكان لەسەر مێزێك كۆ دەبنەوەو دادەنیشنەوە و رێك دەكەونەوەو ئەوەی بە دڵ شكاوی دەمێنێتەوە كەسوكار و دایكی ئەو شەهیدە گەنجانەن كە بێگوناهن.

با وانەیەك لە رابردوو وەربگرین و تەجروبەی میسر و لیبیا و سوریا لەم هەرێمەی ئێمە دوبارە نەبێتەوە و با چیتر ئەم كیانە سەربەخۆیەی كە هەمانە بەدەستی خۆمان نەیشكێنين وله ناوى نه به‌ين كە بە رەنج و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی میللەتەكەمان بەرهەم هاتووە و ئەوانەی تانەى لێدەدەن و ره خنه‌ى لێده‌گرن هەموو تێيدا دەسەڵاتدار بوون و هەموو لە دامەزراندنیدا بەشدار بوون و شەریكن لە هەركەمو كوڕیەك و به ريژه ى خۆيان.

دۆخی باشوری كوردستان كە بەم رۆژە گەیشتووە بەشێكى زۆرى به هۆى كەمتەرخەمی و گەندەڵی بووە لە یەكەم كابینەی حكومەت تا كابینەی هەشتەم بەڵام هەر هێزێكی بەشدار لە دەسەڵات بە پێی حەجم و رادەی بەشداریەكەی شەریكە لەو كەمتەرخەمیە و لەو دۆخەی ئێستا بۆیە باشترە لە جیاتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی یەكتر بیر لە چارەسەری دۆخی ژیانی خەڵك بكرێتەوە و شان بدەنە بەر مەسئولیەت، قسە كردن و رەخنە ئاسانە و هەموو كەس پێی دەوێرێت رابردوو سەلماندی هیچ حزبێك و لایەنێكی سیاسی هەرچی هێزێكی لە پشت بێت لایەنی بەرامبەری پێناسڕێتەوە كەواتە لە یەك نزیكبوونەوەو بیركردنەوە لە میللەت و لەدۆخی ژيانى خەڵك لە ململانێی یەكتر نیشتیمانپەروەریتره، با ئێمەش هاوشێوەی كۆریای باشور خزمەتی میللەتەكان بكەین، ئەو پێشكەوتن و رۆشنبیریەی لەو وڵاتە هەیە وەریبگرین، با وەك سەركردەی هەردوو كۆریاش (كۆریای باكور و كۆریای باشور) هەموو سنوورە دەستكردەكان بشكێنین و هەموو ئامانجمان كارى پێكەوه‌یی و خزمەتكردنی خەڵك بێت.