ریفراندۆمێکی تری سەربەخۆیی سکۆتلاندو وانە و ئەزمونێک بۆ کوردستان

Kurd24

هەر کە وشەی سەربەخۆیی دەبیستیت، ناتوانیت بیر لەو دەرەنجامە ئەرێنی و نەرێنیانە نەکەیتەوە سەربەخۆیی بە دوای خۆیدا دەیهێنێت. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەو دەرەنجامە ئەرێنیانە لە بەرچاو بگرین کە لە ماوەیەکی مامناوەند و درێژ بەھۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە بەرژەوەندیمان بشکێتەوە. واتا سكۆتلاند چۆن بۆ دابیبكردنی داھاتووێكی دڵنیا لە بەریتانییایەك دەچێتە دەرەوە كە ناوەندیە و دوورەپەرێزە، دەبێت وەھاش باشوری كوردستان لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە كە ناتوانێی ھیچ دڵنیاییەكی پێ بدات.

ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتی گەلان یان وڵاتی دروستکراوە هەیە، روونە لە دەستپێکەوە هۆکاری ئابوری، ئینجا سیاسی، پاڵنەری هەرە بەهێز بووە لە دروستکردنی وڵاتی نوێ یان یەکگرتن لەگەڵ گەل یان کۆمەڵە گەلێک لە پێناو بەرژەوەندێکی هاوبەش، وەک شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و روسیا، کە زۆرجار ئەو بژاردەیە بە هۆکاری ترس یان خۆپارێزی بووە لە داگیرکردن، هەندێک جاریش گەلان دەسەڵات و بژاردەیان لەسەر ئەو بابەتە لەدەست خۆیان نەبووە، وەک کوردستان، کشمیر، کەتەلۆنیا، بەلوجستان، هتد....

لە بەریتانیا بە پێی بڕیاری سیاسی ‌‌حکومەتی ناسراو بە "هۆم روڵ" ی ساڵی ١٨٨٨، لە چوارچێوەی شێوازی فەرمانڕەوایی بەریتانیا دەسەڵاتی زیاتر بە شانشینە خۆجێیەکان درا بەسەر کاروبارەکانیان. بەڵام ئەو هۆم روڵ ە دوای ١٢٩ ساڵ برگەکانی جێبەجێنەکراوە. ئەمە پێمان دەڵیت، کە دەسەڵاتە ناوەندییەکان (دەسەڵاتی کۆڵٶنیاڵی وەک بەریتانیا بن یان دەسەڵاتی پۆستکۆڵۆنیالی وەک عێڕاق و هاوشێوەکانی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان) هەرگیز دەستبەرداری دەسەڵاتە ئابوری و سیاسییەکانیان نابن كە بەسەر هەرێم و دەسەڵاتە خۆجێیەکاندا هەیانە.

ئێمەی کوردستانی ئەگەر لە ئەزمون و سەربوردەی ئەوانیش فێر نەبین، چی دەربارەی زیاتر لە ٩٠ ساڵی تاقیکردنەوەی تەواوی فەرمانڕەوایەتییەکان لە عێڕاق لە داگیرکاریی رۆژئاوایی و پاشایەتی و رژێمە کۆمارییە پۆستکۆڵۆنیالەکانیش لە عێڕاق؟ ئایا چەند جار کورد قوربانی لەپێناو عێراق داوە و بەڵینی وەرگرتووە نەک کردار؟ کورد لە دروستکردنی عێڕاق لە ساڵی ١٩٢٧ دەستێکی باڵای هەبووە و لە ساڵی ١٩٥٨ لە شۆڕشی بەناو ١٤ تەمووز کارا بووە و ‌حکومەت بەڵێن و پابەندییەکانی بەرامبەر کورد جێبەجێ نەکرد. دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ رێکەوتننامەی ١١ ئازاری لەگەڵ ‌حکومەتی ناوەندی واژۆ کرد، کە تێیدا دەسەڵاتی خۆجێی ئۆتۆنۆمی چەسپا، بەڵام جارێکی دیکە دوای کەمتر لە ٤ ساڵ پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ئەوەش لەدەست چوو. دواتریش زیاتر لە 200.000 کوردستانی لە هەڵمەتەکانی بەناو ئەنفال بوونە قوربانی. دوای ساڵی ١٩٩١ و تا ٢٠٠١ دەسەلاتی خۆجێی سەرەڕای کەموکورتیەکان گەشەی باشی کرد. دوای ٢٠٠٣ و دروستکردنەوەی عێڕاق و بەڵێنی فیدڕاڵی و دەستوریی و ماددەی ١٤٠، چی بە چی کراوە!؟ ‌‌حکومەتەکانی عەلاوی و جەعفەری و مالیکی و عەبادی چییان لە بەڵێن و پابەندییەکان بەرامبەر بە کورد جێبەجێ کردووە؟ ئێمەی کورد کەی شتێک لە مێژوو فێر دەبین!؟ چی رێگرە لەوەی ماڵ لە عێڕاق بکەین!؟

سکۆتلاند و کوردلاند، کوردستان، لە زۆر لایەنی مێژوویی و سیاسی و ئابوری لەیەک دەچن. هەردووک نەتەوە خاوەن زمان و کەلتوری تایبەتی خۆیان و مێژووێکی پراوپڕن لە خەبات دژی داگیرکاریی؛ هەردووکیان کێشەیان لەگەڵ ‌حکومەتی ناوەند هەیە، کە یان شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات نادروستە تێیاندا یاخود کێشەکە ئابووریە و پەیوەستە بە دابەشکردنی داهات.

بۆ کورد، هەر وشەی سەربەخۆییش ببیسترێت پێویستە لە مێژووی هەوڵەکانی سەربەخۆیی و ریفراندۆمە یەک لەدوای یەکەکانی سکۆتلاند بکۆڵینەوە. سکۆتلاند لە ساڵەکانی ١٩٧٧ و ١٩٩٧ دوو ریفراندۆمی لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر ئەنجامداوە. لەو دەسەڵاتانە بریتی بوون لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ‌حکومەتی خۆجێی و دەسەڵات بەسەر تەندروستی و پەروەردە و داهاتی وڵات. لەمەدا و تەنانەت دوای ریفراندۆمی سەربەخۆییش لە ساڵی ٢٠١٤ بە رادەیەکی کەم توانیویانە بەشێک لەو دەسەڵاتانە بەدەست بهێنن، چونکە پێداگری حکومەتی ناوەند، وێست مینیستەر، رێگر بووە.

بەگشتی، هۆکاری هەرە سەرەکی ریگرییەکانی بەریتانیا لە سەربەخۆیی سکۆتلاند بە پلەی یەکەم داهاتی گشتی و هۆکاری ئابووری بووە، چونکە لە ئینگڵتەڕا بێجگە لە کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی داهاتی وەهای نامێنێتەوە. واتا دۆخی بەریتانیا بە بێ سکۆتلاند و بە دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا هیچ هیوایەک ناهێڵێتەوە. لە باشترین دۆخدا، بەریتانیا توانای سەربازی جارانی نامێنێت، کە پشت ئەستورە بە داهاتێکی بەهێز و سەرچاوەکەی سەرەكی سکۆتلاندە. بێجگە لەمەش، کرێێ خوێندن گرانتر دەبێت و کەرتی تەندروستیش بەتەواوی دەکەوێتە دەستی کەرتی تایبەت و بە تەنها ئەم دوو هۆکارەش ئەوەندە دەهێنن بەریتانیا و تایبەت ئینگڵتەڕا ناسەقامگیری تێبکەوێت و پرێکاریتی یان شلۆقی سیاسی تیبکەوێت. بێگومان جیابوونەوە نا، بەڵکو ماڵکردنی سکۆتلاند لە بەریتانیا هاندەر دەبێت بۆ ئێرلەندای باکور و وێیڵز کە ماڵی خۆیان بکەن و سەربەخۆیی رابگەیێنن.

هەوڵی سەربەخۆیی سکۆتلاند لە ٢٠١٤ و لە ریفرادنۆمی سەربەخۆیی هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی ‌حکومەتی ‌هەرێم بۆ سەربەخۆیی، کە بە ھۆی شەری داعش دواكەوتووە. پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە، ئەگەر جیابوونەوەش بێت، سکۆتلاند لە بەریتانیا لە وڵاتێکی دیموکراسیێکی گەشە کردووە جیا ببێتەوە کەرێگریش لە ئەنجامدانیریفراندۆم ناكات، دەبێت چی بێت ئەو پاڵنەرەی کورد لە عێڕاق بهێڵێتەوە!؟ روونە داهاتووی عێڕاق بە کورد و بێ کورد بە هۆکاری ئایینزایی ودەستێوەردانی هەرێمی داهاتووێکی نادیارە. هاوکات مانەوەشی لەو وڵاتە دروستکراوە بیەوێت یان نا دەبێت لەتەک شیعە یان سونەکان دژایەتی ئەوەی تریان بکات. هاوشێوەی بەریتانیاش، ‌حکومەتی ناوەند تەنها لە بەرژەوەندی ئەو زۆرینەیە دەبێت کە باڵا دەستە، وەک چۆن بەریتانیا لە وەتەی دروست بووە، خزمەتی هەرە زۆری بە ئینگلیزەکان کردووە.

بە کورتی، روونە هاوشێوەی کوردستان سکۆتلاند پەرتەوازەیی لە پرسە نیشتیمانییەکان پێوە دیارە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش سوودیان لە هەڵەکانی رابردوو وەرگرتووە. سکۆتلاندییەکان دوای دۆراندنی ریفراندۆمی ٢٠١٤ بەهۆی بەڵێنی دەسەڵاتی زیاتر و دابەشکردنی دەسەڵاتی ‌‌حکومەتی بەریتانیا، بڕیار لە ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی تر دادەن، کە ئەگەری هەیە سالێ ٢٠١٨ ئەنجام بدرێت. ئەوان هەرچی متمانەشە بە پارتە زۆرینە ئینگلیزەکانی وەک کرێکاران و پارێزگارانیان نەماوە. هەر ئەوەش وای کرد تەنها دوای یەک ساڵ لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، پارتینیشتیمانی سکۆتلاند کورسییەکانی لە پەرلەمانی سکۆتلاند پێنج ئەوەندە و لە پەرلەمانی بەریتانیاش بۆ چوار ئەوەندە زیاد بکات.

لەبەرامبەر، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە یەکتربڕیی ماڵی کوردە دوای ئەو هەموو هەوڵە شکستخواردووە بۆ بەدیهێنانی دێمۆکراسی و فیدڕاڵیزم لە عێڕاق. لەم رۆژگارەشهەن ئەو لایەن و کەسانەی لێرە و لەوێ لەسەر پرسی سەربەخۆیی دودڵن! ئەم قۆناغەش تەواو هەستیارە و بڕیاری یەکلاکەرەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیدەوێت، چونکە لەمڕۆ بەدواوە کات لەبەرژەوەندی کورد نابێت. ئـێمە لە سەردەمێک دەژین هاوپەیمانیەتی نوێ دروست دەکرێن و هاوپەیمانیەتە کۆنەکان هەڵدەوەشێنەوە؛ لە سەردەمێک دەژین گەلان لە هەوڵی گەڕانەوەی هێز و دەسەڵاتن بۆ خۆیان و دەیانەوێت خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن. ئێستا سەردەمێکە نەک تەنها سکۆتلاند دەیەوێت بەریتانیا تەڵاق بدات، بەڵکو کالیفۆرنیا بیر لە هەمان پرۆسە بەرامبەر واشنتن دەکاتەوە. بۆیە کاتی هاتووە کورد چیتر کورد گووتەنی: "کچی خۆی نەکاتە قوربانی کوڕی خەڵکی" و واز لە دروستکردنەوەی ماڵی خەڵکی بهێنێت و ماڵێک بۆ رۆڵە خێرلەخۆنەدیوەکانی دروست بکات تا تێیدا بە سەربەستی و سەربەخۆیی بژین.