دەربارەی: ئەلفرێد نۆبل و خەڵاتی نۆبل

Kurd24

 ئەلفرێد نۆبل Alfred Nobel  (21ی ئۆکتۆبەری 1833 – 10ی دێسێمبەری 1896) لە شاری ستۆکهۆلم لەدایکبووە و لە هەموو جیهان وەک زانایەکی بەناوبانگ و داهێنەری دینامیت ناوبانگی دەرکردووە. باوکی ئەلفرێد ئەندازیار و زانایەکی گەورەی سوید بوو. لەوکاتەی ئەلفرێد تەمەنی تەنیا نۆ ساڵان بوو (1842) باوکی نەخۆشکەوت و کۆمپانیاکەی ئیفلاسیکرد، باری ئابوورییان زۆر خراپ بوو و دایکی ناچار لە دوکانێکی خواردن فرۆشتن کاری کرد و ئەلفرێدیش لەپێش هەمان دوکان شقارتەی دەفرۆشت. هەرلەوکات، بۆلای هەندێك لە خزمانی دایکیان بۆ سانکت پیتر-بوورگ گواستیانەوە و باوکی ئەلفرێد لەوێندەر مینی ژێر ئاوی بۆ وەزارەتی بەرگری روسیا دروست دەکرد. لە ساڵی 1863 جارێکی دیکە بۆ سوید گەڕانەوە.

ئەلفرێد لە زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمریکا خوێندنی تەواو کردووە، ئاشقی کیمیا و تەکنۆلۆجیا و داهێنان بووە. تاقیکردنەوە و قووڵبوونەوەی زۆری لەسەر ماددەکانی کیمیا و تەکنیک و داهێنانی تازە کرد، سەرکەوتنی زۆری بەدەست هێنا و بازرگانێکی زۆر گەورە و سەرکەوتووش بوو. ئەلفرێد پێش مردنی 93 کارگە و کۆمپانیای لە 20 وڵات هەبوو. بە پێنج زمان زۆرباش قسەی دەکرد، شعری بە سویدی و ئینگلیزی دەنووسی و بەرهەمی ئەدەبی و شانۆشی هەبوو.

ئەلفرێد نۆبل لە ساڵی 1866دینامیتی دۆزییەوە و لە ساڵی 1867 پاتێنتی بۆ دۆزینەوەی دینامیت وەرگرت، کە هەموو جیهانی گۆڕی. جگە لە دۆزینەوەی دینامیت، پاتێنتی بۆ 334داهێنانی دیکەش وەرگرتبوو.

ئەلفرێد نۆبل لە ساڵی 1876و لەوکاتەی لە فەرەنسا دەژیا، لە رۆژنامەی Wientidning  ئاگاداریێکی بەوجۆرەی خوارەوە بڵاوکردەوە: (پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند، خاوەن بروانامەی بەرز و بەتەمەن لە پاریس دەژی، بەدوای ژنێکی نەجیبزادە و زمانزان لە هەمان تەمەن دەگەڕێ، کاری سکرتێری و ماڵەوەی بۆبکا). ژنێکی گەنج بەناویBertha Kinsky وەڵامی ئاگادارییەکەی ئەلفرێدی دایەوە و لەگەڵ کات پەیوەندیێكی زۆر قووڵ و برادەرانەیان لەنێوان دروست بوو. پرسی هێمنی و ئاشتی لە جیهان بەلای Bertha Kinsky زۆر گرنگ بوو و کاریگەری زۆریشی لەسەر ئەلفێرد هەبوو. بە هیممەتی ئەو ژنە نەجیبزادە خەڵاتی ئاشتی خرایە ناو لیستی خەڵاتەکانی نۆبل و لە ساڵی 1905یەکەم نۆبلی ئاشتی لە ئۆسلۆ دابەشکرا، کە لەوکات نەرویچ بەشێک لە وڵاتی سوید بوو.

وەک لەسەرەوە باسکرا، لە ڕێگای دۆزینەوە و کۆمپانیاکانی ئەلفرێد نۆبل سەرمایەیەکی یەکجار زۆری پیکەوەنا و ژن و منداڵیشی نەبوو بۆیان جێبێڵی. ئەلفرێد باشترین بیرۆکەی بۆدێت، کە چۆن سەرمایەکەی دوای مردنی بەکار بهێندرێ. ئەو بیری لە خەڵاتێک بەناوی نۆبل کردەوە، ساڵانە بەو کەسانە بدرێ، کە داهێنانێکیان هەبێت و ئەو داهێنانەش خزمەتی زۆری مرۆڤایەتی بکا. لەسەر هەمان بنەما ئەلفرێد وەسیەتنامە بەناوبانگەکەی لە 27ى نۆڤێمبەری 1895 نووسی.

ئەلفرێد نۆبل لە 10ی دێسێمبەری 1896 لە ئیتالیا لە شاری San Remo مرد. لە دوای مردنی ئەلفرێد و لەوکاتەی دەیانویست وەسیەتنامەکەی بەیاسا بچەسپێنن، کێشەیەک لەنێوان سوید و حکومەتی فەرەنسا ڕوویدا. لێرە حکومەتی فەرەنسی لەوبڕوایەدابوو، ئەلفرێد هاوڵاتیێكی فەرەنسییە و فەرەنسا وڵاتی ئەوە، بەڵام لە دادگا سوید وەک وڵاتی ئەلفرێد نیشانکرا، لەراستیدا ئەلفرێد خۆشی شوێنی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبل، ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆی دانابوو. وەسیتەنامەی ئەلفرێد لە شاری کارلسکوگە لە سوید بەیاسا چەسپێندرا و بەمجۆرە خەڵاتی نۆبل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بلاوکردنەوەی وەسیەتنامە، هەندێک لە خزمانی ئەلفرێد دژبوون، هەندێک لە رۆژنامەکانی سویدیش دژی بەخشینی خەڵاتی نۆبل وەستان و لەڕاستیدا، پاشای سوید ئۆسکاری دوو، رەخنەی توندی لە ئەلفرێد گرت، کەبۆچی خەڵاتەکان تەنیا بۆ سویدییەکان نەبن. وەسیەتنامەی ئەلفرێد وڵاتی سوێدی لەجیهان بەناوبانگ کرد.

بەگوێرەی وەسیەتنامەی ئەلفرێد خەڵاتی نۆبل لە بوارەکانی: فیزیا، کیمیا، مێدیسین، ئەدەب و ئاشتی بوو. لە ساڵی 1968 بانقی ناوەندی سویدی یادی 300 ساڵەی خۆی کردەوە و لەوێندەر بڕیاردرا ساڵانە خەڵاتێکی تازە بەناوی نۆبل لە ئابووری زیادبکرێت و هەبێ. لەسەر داوای بانقی مەرکەزی سویدی لە ساڵی 1969 بەدواوە خەڵاتی ئابووری بۆ نۆبل زیاد کرا و ساڵانە بەکەسێک دەبەخشرێ، کە بەرهەمی خزمەت بە مرۆڤایەتی بکا.

هەموو وەرگرانی خەڵاتی نۆبل جگە لە دیبلۆمێک، مەدالیایەک وەردەگرن، قورسایی نزیکەی 240 گرام زێڕە لەگەڵ یەک ملیۆن دۆلار. لە رووێکی مەدالیاکە وێنەی ئەلفرێد نۆبل هەیە و لە ڕووی دووەمی ناوی وەگر نووسرایە. خەڵاتی یەکەم لە ساڵی 1901 بەخشرا و 150782 کڕۆن بە وەرگران درا (ئەم بڕە پارەیە یەک ملیۆن دۆلاری ئێستای دەکرد). لەگەڵ کات پارە زیاد دەکرا و لە ساڵی 2015 وەرگران 10 ملیۆن کڕۆنیان پێدەدرا. ئەو بڕە پارەیەی بە وەرگرانی خەڵاتی نۆبل دەدرێ، دەبی بکاتە مووچەی 22 ساڵی پرۆفیسۆرێک. بڕی پارەی وەرگرانی یەکەم خەڵاتی نۆبل بەرامبەر مووچەی سەد ساڵی کرێکارێکی ئاسایی بوو. لەکاتی ئێستادا، لێژنەی سەرپەرشتیاری خەڵاتی نۆبل نزیکەی 3.5 ملیارد کڕۆن (450) ملیۆن دۆلاری هەیە.

دابەشکردنی خەڵاتی نۆبل لە  stadshusلە ستۆکهۆڵم بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانی مەلیک، تەواوی ئەندامانی خانەوادەی وەرگرانی خەڵات هەروەها میوانانی دیکە بەیەکەوە ژمارەیان دەگاتە 1300 کەس لەگەڵ 200 قوتابی ئامادەیی. لەم ئێوارەخوان و ئاهەنگە، جلی تایبەت (سمۆکینگ) و جلی میللی سویدی لەبەر دەکرێ. نۆبلی ئاشتی لە ئۆسلۆ ئێوارەخوانێکیان لەگەڵ 250 میوان لە هوتێلی گراند بۆ ئامادە دەکرێ. مەدالییەکان تا ساڵی 1980 لە زێڕی 23 کارات دروست دەکران و دواتر بۆ 18 کارات گۆڕدرا.

لە ساڵی 1901 وە تا ئێستا 73 وڵات ئەم خەڵاتەتیان پێدرایە و لە ناو هەمووشیان نزیکەی نیوەی خەڵاتەکان بۆ ئەمریکا چووە. ئیسرائیل 12، ئیتالیا 20، نەمسا 21، هۆڵەندا 21، کەنەدا 25، روسیا 26، یابان 26، سویسرا 26، سوید 31، فەرەنسا 68، ئەڵمانیا 107، بەریتانیا 128و ئەمریکا 371 خەڵاتیان وەرگرتییە. بەگوێرەی ئەو ژمارانەی سەرەوە دیارە وڵاتانی پێشەسازی زۆرینەی خەڵاتەکانیان بردووە و ئەم ڕێژە زۆرەش بەڕێکەوت نییە، بەڵکو ژینگەی تەندروست و پێویست بۆ زانایان دابین کراوە، کە بتوانن کات و بودجەی پێوست بۆ توێژینەوەکانیان تەرخان بکەن.

لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی 7 کەس خەڵاتی ئاشتییان وەرگرتووە، نەجیب مەحفوز لە ساڵی 1988 لە میسر، ئورهان پاموک 2006 لە تورکیا خەڵاتی نۆبلیان لە ئەدەب وەرگرت. هەروەها محەمەد عەبدولسەلام (پاکستان) 1979 لە فیزیا، ئەحمەد زویک (میسر) 1999 لە کیمیا، عەزیز سەنسار (تورکیا – نیوە عەرەب نیوە تورک) 2015 لە کیمیا خەڵاتی نۆبلیان وەرگرت.

بێگومان خەڵات زۆرن و زۆربەی وڵاتانی جیهانیش خەڵاتی تایبەتی خۆیان لە بواری جیا جیا بۆ نووسەر و زانا و قارەمانانی خۆیان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ خەڵاتێک رکابەری خەڵاتی نۆبلی بۆنەکرایە. ئەم خەڵاتە بەو کەسانە دەدرێ، کە داهێنایان لە بواری جیا جیا کردووە و داهێنانەکەشیان خزمەتی مرۆڤایەتی دەکا. ڕاستە لەگەڵ دانی دیبلۆم، ئەو بڕەپارەیە (یەک ملیۆن دۆلار) زۆر باشە، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی خەڵاتی نۆبل وەردەگرن، پێویستیان بەو بڕە پارەیە نییە، لەلایەک تەمەنیان زۆرە لەلایەکی دیکەش کار و نووسین و توێژینەوە زانستییەکانی ئەوان، بەرز هەڵدەسەنگێندرێ و مووچەی باش وەردەگرن.

خەڵاتی نۆبل ساڵانە لە 10ی دێسێمبەر، کە دەکاتە رۆژی مردنی ئەلفرێد نۆبل دەبەخشرێ. ئەمڕۆژە لەسوید بە رۆژی نۆبلیش بەناوبانگە.