عێراق، ریفۆرمی خوێ !
"ئیمانۆیل ماكرۆن" له وڵاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك فه‌ره‌نسا بێ هیچ پێشینه‌یه‌كی حیزبی و سیاسی و تائیفی هات و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای فه‌ره‌نسی سه‌رسام كرد‌و ئێستا ده‌ڵێن ناپلیۆنی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌می فه‌ره‌نسا، چونكه وه‌ك خۆی هات و به نه‌رمی خه‌ریكی شۆرش و ریفۆرمی نوێ و ده‌ستكاریكردنی قۆناغی پێشووی فه‌ره‌نسایه به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندووی جیاواز له رووی ئابوری و ئیداریه‌وه.
ماكرۆن خۆیه‌تی و ته‌عبیر له رۆحی فه‌ره‌نسیه‌كان ده‌كات، به‌ڵام له عێراق ئه‌م مۆدێله نییه، هه‌میشه عێراق چاوی بڕیوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئێران و ئه‌مریكا به نموونه! كه‌سێك نیه گوزارشت بێت بۆ عێراقیه‌كان و وه‌ك سیمبولی دیموكراسی و چاكسازی و پاڵه‌وانی گۆڕانكاری ریشه‌یی وێنابكرێت، كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری سیاسی و دینی و بازرگانی تازه، به ئاره‌زووی خۆیان به‌ڵانسی حوكمرانییان تێكداوه بۆخۆیان و چۆنیان بوێت ئاوا نه‌خشی ده‌كه‌ن، حكومه‌ت درووست ده‌كه‌ن، ده‌یڕوخێنن، هه‌ڵبژاردن چێ ده‌كه‌ن و كار به ده‌ره‌نجامه‌كانی ناكه‌ن، ساخته‌كاری ده‌كه‌ن، په‌رله‌مان سڕده‌كه‌ن و چالاكی ده‌كه‌نه‌وه‌و نه‌وت ده‌ردێنن و ده‌یفرۆشن و وڵات ئه‌خه‌نه ژێر باری نائاسایی و قه‌رزو ئابوریه‌كه‌ی هه‌لاهه‌لا ده‌كه‌ن و كه‌س لێپرسینه‌وه ناكات، به‌كورتی هه‌ركاراكته‌رێك خاوه‌نی هێزو پاره‌و روئیای خۆیه‌تی بۆ ده‌سه‌ڵات، بۆیه هه‌میشه عێراق له رۆخی نائارامیدا ده‌مێنێته‌وه‌و عێراق هی كه‌س نیه‌و هی هه‌موو كه‌سیشه.
ئێستا شارێكی وه‌ك به‌سره كه بوئره‌ی خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی راسته‌قینه‌ی چینی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ته‌و شارێكی نه‌وتاوی و خاوه‌ن ده‌ریچه‌ی ئاویی و به‌نده‌ری بازرگانی و ستراتیجی گه‌وره‌یه، بۆته ته‌ویله‌و وێرانه به‌ده‌ست ئه‌م ئه‌كته‌رانه‌وه، بۆچی ده‌بێت شارێكی وا ستراتیجی ئاو و كاره‌بای نه‌بێت و سوێراو بخۆنه‌وه؟ بۆچی ده‌بێت رێژه‌ی %82ـی خه‌ڵك بێكاربن و به‌دوای كارێكی شایسته‌دا بگه‌رێن؟ بۆچی رێژه‌ی %50ـی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه بناڵێنن و دوچاری هه‌زاران ده‌ردو نه‌خۆشی و كوێره‌وه‌ریی ببنه‌وه‌و نه‌خۆشخانه‌كانی بێ چاره‌سه‌رو ده‌رمانبن؟ شارێك له‌رووی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و ده‌رامه‌ت و كانزاو گه‌شتیاریه‌وه هیچی كه‌متر نیه له كوه‌یت و ئه‌بوزه‌بی و به‌حره‌ین، چۆن ده‌كرێت ژیان به‌و شێوه‌یه بگوزه‌رێت له‌سایه‌ی حوكمرانیه‌كی ئاوادا!؟
گه‌لانی عێراق به كورد‌و عه‌ره‌ب و كه‌مایه‌تیه‌كانیه‌وه، دوای پانزه ساڵ له ئاوابوونی خۆری سه‌ددام، سه‌یره هێشتا خه‌ریكی خۆپیشاندانی سه‌ره‌تایین بۆ ماف و ده‌ستكه‌وتی كاتی و خزمه‌تگوزاریی ساده، كاره‌با و ئاوی شیرین و هه‌وای پاك و كار‌و موچه‌و گه‌شت و ئه‌م شتانه بۆته داواكاریی، ئیتر عێراق چۆن پێشده‌كه‌وێت و كێ جورئه‌تی ئه‌وه ده‌كات باسی دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و فه‌زیله‌تی تاك و خۆشگوزه‌رانی و سیستم و بیمه‌ی بانكی و ته‌ندروستی و شتی له‌م بابه‌ته بكات؟
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه حیزب له عێراق به گشتی له وه‌زیفه‌ی سیاسی و فیكری و سلوكی خۆی دووركه‌وتۆته‌وه‌و بۆته كۆمپانیای پاراستن و سیكوریتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك گروپ و تاقمی بچوك، ئه‌م تاقمه بچوكانه‌ش له عێراقدا، پاره‌و هێزو میدیا‌و چه‌كیان لایه، به‌شه زۆره‌كه‌ی عێراقیش له دۆخی شكست و هه‌ژاریی و فه‌رامۆشی سیاسی و كه‌لتوری و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ژین، ئه‌مه‌یه عێراقی دوچاری پاشاگه‌ردانی و فه‌سادی ئیداریی و سیاسی كردۆته‌وه‌و له ئێستادا سه‌ری كێشاوه بۆ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی نارێكخراو، كه خۆشبه‌ختانه هیچ حیزب و ته‌یارێكی سیاسی خۆی ناكات به خاوه‌نی وه‌ك چۆن خۆپیشاندانه میلیۆنیه‌كانی به‌غداد له رابردودا بۆ چاكسازیی و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و ریفۆرم، ره‌وتی سه‌در خاوه‌ندارێتی ده‌كردو هه‌ر خۆشیان كۆتاییان پێده‌هێنا بۆ مه‌به‌ستی كاتی.
خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م مانگه گه‌رمه‌ی ته‌مووزی شاره‌كانی به‌سره‌و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، گوزارشت له رۆحی توره‌ی تاكی عێراقی ده‌كات به‌رانبه‌ر به سیستمی شكستخواردوی حوكمرانی عێراق كه نه‌یانتوانی پاش رژێمی پێشوو ئه‌زمونێكی تازه تاقی بكه‌نه‌وه‌و تاكی عێراقی بخه‌نه ناو دۆخێكی باشتره‌وه، ئه‌مانه هاتن له‌بری ریفۆرمی نه‌وت و گه‌شه‌سه‌ندن به كه‌رتی پیشه‌سازی و بونیادی قوڵی كانزاو نه‌وتی عێراقه‌وه، ریفۆرمی ئاو‌و خوێ و سوێراوی ناو به‌لۆعه‌كان بكه‌ن، عێراقیان وشك كردۆته‌وه‌و ته‌نانه‌ت ناتوانن قسه‌یه‌كی جددی له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران بكه‌ن بۆ وشككردنی ئه‌و هه‌موو سه‌رچاوه ئاویانه‌ی عێراق و ئه‌و هه‌موو به‌نداوانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق دروستكراون.
كۆی خۆپیشاندانه‌كان راسته بۆ خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی و ئاوی شیرین و كاره‌باو دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌یه، به‌ڵام گوزارشت له نه‌بوونی ئینتیماو خواستی تاكی عێراقی ده‌كات بۆ شوناسی عێراقی بوون، شتێك نه‌ماوه به‌ناوی عێراقی بوون، سروودی مه‌وتنی ئێستا لای تاكی عێراقی وه‌همێكی گه‌وره‌یه‌و مه‌ركانه‌یه‌ك ئاوی شیرین و تاكێك پێڵاو ناهێنێت، ئه‌م گروپگه‌له‌ی كه ئێستا عێراق به‌رێوه ده‌به‌ن و خه‌ریكی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، گوتار‌و ئه‌جێنداو مامه‌ڵه‌و میسداقیه‌ت و به‌رنامه‌كه‌یان خاڵی بۆته‌وه له بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تداری مۆدێرن و توانستی ئه‌وه‌شیان نه‌ماوه حوكمرانی عێراق بكه‌ن، موعجیزه‌یه عێراق هێشتا به پێوه وه‌ستاوه پاش ئه‌و هه‌موو ناره‌زایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و قه‌یرانه زۆرانه‌ی تێیكه‌وتووه‌و وه‌زیرێك ده‌ستله‌كارناكێشێته‌وه، له‌كاتێكدا په‌رله‌مان و دادگای باڵای فیدراڵی، ئه‌نجومه‌نی دادروه‌ری و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و وه‌زیره‌كان هه‌موو بێده‌نگن و توانای چاره‌سه‌ركردنیان نه‌ماوه.
ئه‌م تایپه له حوكمرانی عێراق، له‌بری ئه‌وه‌ی كه خه‌ریكی پینه‌و په‌رۆبن بۆ وه‌ستانی ناره‌زایه‌تیه‌كانی شه‌قام و توڕه‌یی خه‌ڵكی به دابینكردنی 3.5 تریلیۆن دینار بۆ ریفۆرمی ئاوی سوێراوو خوێی ناو به‌لۆعه‌كانی به‌سره، پێویسته خه‌ریكی هێنانه پێشه‌وه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بن بۆ حوكمرانیه‌كی باش و ته‌ندروست، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی دووره رووبدات، ده‌كرێت له‌بری ئه‌م چاره‌سه‌ره كاتیانه‌و پاككردنه‌وه‌ی به‌لۆعه‌كان له خوێ، له پێشدا عێراق پاك بكه‌نه‌وه له خۆیان و ده‌وروبه‌ریان و له‌و دۆگما عه‌قڵی و سیاسیه، پاكی بكه‌نه‌وه له گروپگه‌لی مافیایی و گه‌نده‌ڵ و میلیشیاتی سه‌ربازی كه عێراقیان كردۆته سه‌ربازگه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی تاریك، پێویسته چیتر ده‌ستبه‌رداری عێراق بن، عێراق هی حیزبێك و دوان و سه‌ركرده‌یه‌ك و خێزانێك و ئایدۆلۆژیایه‌ك نییه، كاتیه‌تی ئه‌م موزائیكه سودی لێ وه‌رگیرێت به‌ره‌و عێراقێكی دادپه‌روه‌ر كه هه‌مووان له سایه‌یدا هه‌ست به ئارامی و ئۆقره‌یی بكه‌ن.
دواجار مه‌بده‌ئی ئیشكردن و به‌ڵانسی حوكمرانی تێكچووه، خۆپیشاندانه‌كانیش عێراق ده‌باته قۆناغێكی نوێی چاوه‌رواننه‌كراو بۆ سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی عێراق، به‌ره‌و قۆناغی ده‌ستكاریی و ریفۆرمی ئیداری و ئابوری و چاككردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و تێگه‌یشتنی كۆی لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌و گروپه جیاوازه‌كان، ره‌نگه گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تیش خێراتربكات و حكومه‌تی ئاینده بخاته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی مێژوییه‌وه، چیتر دۆخه‌كه به‌رگه‌ی مامه‌ڵه‌ی سیاسی و دیبلۆماسی نهێنی و سه‌فه‌قاتی ژێربه‌ژێر و موغامه‌رات و مانۆڕی مه‌زهه‌بی ناگرێت، گرنگه كوردیش خاوه‌ن گوتار‌و مامه‌ڵه‌ی دروستی خۆی بێت به‌ره‌و به سیستمكردن و به یاساییكردنی فیداڵیزمی هه‌رێم و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كۆی دۆسیه ئابووری و ده‌ستورییه‌كانی نه‌ك داواكاری پۆست و ده‌ستكه‌وتی حیزبی!