هیچتان یه‌كه‌م نین
زانكۆ وه‌ك ده‌زگایه‌كى مه‌عریفی و ماشێنێكى پێگه‌یاندنى كه‌سایه‌تى و گه‌شه‌پێدانى عه‌قڵیه‌تى تاك له كۆمه‌ڵگا، رۆڵێكى گه‌وره ده‌بینێ و كاریگه‌رییه‌كى مه‌زنیشی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌یه، زانكۆ ده‌توانێت ببێته خاڵێك بۆ كاركردن و خستنه‌به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ى هه‌موو پنته‌كانى كۆمه‌ڵگا به بچووك و گه‌وره‌یانه‌وه، زانكۆیه‌كى زیندوو و تژی له مه‌عریفه كۆمه‌ڵگایه‌كى پڕ له‌جووڵه‌ى عه‌قڵی ده‌هێنێته به‌رهه‌م، كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌میشه شۆڕش به‌سه‌ر خۆیدا ده‌كاته‌وه، ئامێری پێشكه‌وتنیشی هه‌میشه له كاره، هه‌میشه وه‌ڵامی نوێ پێیه بۆ پرسیاره كۆنه‌كان و پرسیاره نوێیه‌كان، رامانه كۆسمۆسی و وجودگه‌راییه‌كان، زانكۆ هه‌میشه له پێشی پێشه‌وه‌ى هه‌ر گۆڕانكارییه‌كه ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌رى روودانى هه‌بێت له‌كۆمه‌ڵگادا، زانكۆ ده‌توانێت عه‌قڵی دۆگما له‌لابۆر شیبكاته‌وه به شیته‌ڵێكى نوێ بیخاته‌وه جووڵه، زانكۆ دژ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو مۆراڵه كۆنه‌كانى كۆمه‌ڵگا و كۆمه‌ڵێك مۆراڵی نوێ ده‌خاته مێشكى تاكه‌كانییه‌وه، كه به‌رجه‌سته‌ى خواست و ئاره‌زووه‌كانى سه‌رده‌مه، رۆڵێكى گه‌وره‌ش ده‌بینێ له به‌مۆدێرنه‌كردنى كۆمه‌ڵگا، كرانه‌وه‌ى له‌به‌رده‌م چاخێكى نوێ‌دا، زانكۆ ده‌توانێت شۆڕبێته‌وه بۆ هه‌موو درزه‌كان و سیسته‌مه كۆنزه‌رڤاتیڤ و دیسپۆتیزمه‌كان و هاودژییه‌كانی نێوانیان ئاشكرابكات و سیسته‌مێكى هیومانیزمى و ژیاندۆست و زانستدۆست بۆ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا بهێنێته‌دی، ئێمه زانكۆ وه‌ك ده‌زگایه‌كى ئایدیال وێنا ناكه‌ین و بڵێین ده‌توانێت به ته‌نیا به هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى هه‌ڵسێت كه له‌سه‌ره‌وه باسمانكردووه، به‌ڵام كاڵفامیش نییه ئه‌گه‌ر بڵێین ده‌توانێت رۆڵێكى گه‌وره له هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه ببینێت، نابێ ئه‌وه‌ش له یاد بكه‌ین زانكۆ پێویسته له هه‌موو ئایدیا ئاسمانى و زه‌مینییه‌كان داتاشراوبێت و تخونیان نه‌كه‌وێت و نه‌بێته دارده‌ستێك به‌ده‌ستییانه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت زانكۆ خۆی له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ئایدۆلۆژیایانه ببینێته‌وه و وه‌ك بابه‌تێك بیانخوێنێته‌وه و له‌خزمه‌ت كۆمه‌ڵگادا ته‌وزیفیان بكات و بیانخاته كار، ئێمه به‌ڵه‌دین به‌و راستییه‌ى كه زانكۆ كۆمه‌ڵێك دیوار و ئامێره كه تواناى جووڵه‌یان نییه به‌ڵكو ئه‌وه عه‌قڵیه‌تى ئێمه‌یه ده‌یجووڵێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى زانكۆ وه‌زیفه‌كانى خۆی به‌جێبێنێت، پێویسته عه‌قڵێكى بوونگه‌را و ژیاندۆست و حه‌قیقه‌تخواز و مه‌عریفه‌تخواز له‌پشتیه‌وه و بێت و بیجووڵێنێت، سه‌ره‌ڕاى ئاره‌زووێكى زۆریش بۆ فێربوون و تێركردنى برسیه‌تى پرسیاره وجودى و كه‌ونیه‌كانى ئینسان، به‌جۆرێك وا له تاك بكات كه ئه‌قڵی به هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كاندا دابشكێ و هه‌موو ئاوه‌زى له جووڵه‌دا بێت به‌ره‌و ئه‌گه‌رى نوێ، زانكۆ بتوانێت له‌واقیعی كۆمه‌ڵگادا بژی و تێ‌بگا، له‌هه‌مانكاتدا تواناى پێشنیازكردن و چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه بچووك و گه‌وره‌كانى نێو كۆمه‌ڵگاى هه‌بێت، ده‌بێت زانكۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كى رادیكاڵی بێت بۆ ته‌واوى فێنده‌مینتالیزمه‌كانى كۆمه‌ڵگا، زانكۆ ده‌بێت ده‌زگایه‌كى پراگماتیكى (كرده‌یی، عه‌مه‌لی) بێت، نه‌ك ته‌نها تیۆره‌یه‌كى وشك و بریشك بێت كه نه‌توانێت ته‌ڵه‌زگه‌كانى كۆمه‌ڵگا بكاته‌وه، كۆده‌كانى نێویان ئاشكرابكات و بیانكاته‌وه، ده‌بێت زانكۆ له‌هه‌مانكاتدا ئیش له‌سه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانى نێو خۆیدا بكات (مامۆستا - قوتابی) و بتوانێت ئاره‌زوو و ویسته‌كانیان هه‌زمبكات و به جۆرێك كه ئه‌مانیش ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كى پۆزه‌تیڤانه‌یان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌بێـت، زانكۆ ده‌بێت له‌كۆنتاكتى به‌رده‌وام دابێت له‌گه‌ل كۆمه‌ڵگا و لێیان دانه‌بڕێت و له‌نێو چوار دیواردا خۆی گۆشه‌گیر و حه‌سر نه‌كا، زانكۆ ئه‌ركى ئه‌وه‌ی له‌به‌سیسته‌ماتیزه‌كردنى به‌رده‌وامى خۆیدابێت، به‌میزاجى كه‌سه‌كان نه‌روات به‌رێوه، هیچ ده‌زگایه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ى خودى خۆی كاریگه‌رى له‌سه‌رنه‌بێت و ئاڕاسته‌ى نه‌كات .
ئه‌وانه‌ى باسمانكرد به‌لاى كه‌مى ئه‌رك و وه‌زیفه‌كانى زانكۆن، كه له‌ژێر رۆشنایی ئه‌مانه‌ى سه‌ره‌وه كۆمه‌ڵێك پرسیار لامان ده‌ورووژێت، ئایا زانكۆ توانیویه‌تى له كۆمه‌ڵگاى ئێمه هه‌ڵبسێت ئه‌گه‌ر به‌لاى كه‌میشه‌وه بێت؟ ئایا زانكۆ توانیویه‌تى كاریگه‌ریى پۆزه‌تیڤى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه هه‌بێت؟ ئایا فاكته‌رێك بووه بۆ پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگا؟ ئایا زانكۆ توانیویه‌تى گۆڕانكارى به‌سه‌ر كامه كایه‌ى كۆمه‌ڵگادا بكات و به‌ره‌و باشترى ببات؟ ئایا زانكۆ له‌كوێدا دژ وه‌ستاوه له‌گه‌ڵ دۆگما و مۆراڵه بۆماوه‌یی و سه‌پێنراوه‌كان له كۆمه‌ڵگاى كوردیدا؟ ئایا هه‌وڵی گۆڕینیانى داوه؟ ئایا زانكۆ توانیویه‌تى شوێنى هه‌زمكردنى ئاره‌زوو و ویستى قوتابیه‌كانى بێت؟ به‌جۆرێك كه بتوانن داهێنان بكه‌ن و تێنویه‌تى مه‌عریفیان تێربكه‌ن؟ ئایا زانكۆ له‌كوێدا به به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانى كۆمه‌ڵگاى تووشی شۆك كردووه؟ ئایا زانكۆ به‌سیستماتیككراوه؟ ئایا زانكۆ خاڵییه له‌هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ك؟ ئایا زانكۆ ده‌زگایه‌كى ئه‌كادیمى سه‌ربه‌خۆیه؟ ئایا ئه‌و عه‌قڵه‌ى زانكۆ ئاراسته ده‌كات عه‌قڵێكى ته‌ندرووست و مۆدێرنه؟ ئایا زانكۆ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ باڵه‌خانه‌ی به‌رز و مۆدێرندا توانێویه‌تى عه‌قڵێكى مۆدێرن و پێشكه‌وتووى ئه‌كتیڤ به‌رهه‌م بێنێت؟ یان له‌ناو بۆشاییه‌ك به‌ده‌ورى خۆیدا خوول ده‌دات و خوڕافات و عه‌قائیدى موحافزكار و كۆنه‌په‌رستى سه‌فسه‌ته‌بازى ئه‌فلوتینى درووستده‌كات؟ ئایا زانكۆ توانیویه‌تى زانستخوازان له ماكینه‌ى خۆی بدات و دواى ده‌رچوونى له‌و ماكینه‌یه مرۆڤێكى نوێى سیخناخ به‌زانست و مه‌عریفه‌ى مۆدێرن بێنێته‌بوون و رزگارى بكات له‌هه‌موو بۆماوه‌كان؟ كاتێك قۆناغه‌كانى ده‌بڕێت ببێت به‌مرۆڤێك كه خاوه‌نى خۆی بێت و بڕیاره‌كانى به‌ده‌ستى خۆی بێت و بتوانێت خۆی خۆی ئاڕاسته‌بكات، هه‌روه‌ها مرۆڤێكى ئازادبێت؟ چونكه ئه‌قڵی ئازاد عه‌قڵێكى خه‌لاقه، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته.
ئایا مامۆستاكانى تواناى درووستكردنى تاكێكى ئازاد و ته‌ندرووست هه‌یه له‌كاتێكدا كه خۆیان ئازادنین و به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌نێو مێژوو و نۆستالیژیاى خۆیاندا ده‌ژین؟ (لێره‌دا ئێمه به‌موتڵه‌قی فتوا ناده‌ین)، ئایا ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وانه‌ى له زانكۆوه دێن تاچه‌ند كاریگه‌رییان هه‌یه و چاره‌سه‌رى درووستیان پێیه بۆ قه‌یرانه‌كان؟
له‌لایه‌نى وه‌زیفیه‌وه له‌و بڕوایه‌داین زانكۆ زۆر كۆڵه‌وارانه كارده‌كا، ناتوانێت زۆرێك له ئه‌ركه‌كانى خۆی بێنێته‌دى، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ناسه‌ربه‌خۆیی و داڕزاوى ئه‌م ده‌زگایانه ناگه‌ڕێته‌وه له ناوخۆیدا، به‌ڵكو ئه‌م ده‌زگایانه له ده‌ره‌وه‌ى خۆیان ئاراسته ده‌كرێن و بۆ مه‌به‌ستى هه‌ندێ لایه‌ن ده‌خرێنه‌كار، هه‌روه‌ها ئامانج و سیاسه‌تێكى دیاریكراو و به‌پێی نه‌خشه‌و پلان و ستراتیژێك ئاراسته ناكرێن، به‌ڵكو له فه‌وزایه‌كى ئیدارى و مه‌عریفی گه‌وره‌دا ده‌ژین، كوێرانه ده‌چن به‌ڕێوه و هیچ پلانێك درێژخایه‌ن و چاوتیژانه‌یان بۆ داهاتوو نییه، به‌ڵكو زانكۆ بووه‌ته شوێنى له‌چاپدانى بڕوانامه، ده‌رچوواندنى به په‌له‌ى قوتابیانى، به‌تێڕوانین له په‌یوه‌ندى نێوان زانكۆ و كۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ندى پێچه‌وانه‌ى نێوانیان، له ئاوه‌زى مرۆڤدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك هه‌ستپێناكا كه له‌م وڵاته‌دا زانكۆ بوونى هه‌بێت، له‌بڕی ئه‌وه‌ى زانكۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا درووستبكات و كۆمه‌ڵگا بخاته ژێر ركێفی بیركردنه‌وه و ئه‌قڵی زانكۆ، به‌پێچه‌وانه‌وه زانكۆ كه‌وتووه‌ته ژێر هه‌ژموونى كۆمه‌ڵگاوه، واى لێهاتووه زانكۆ و ئه‌كته‌ره‌كانى به‌هه‌مان شێوه‌ى كۆمه‌ڵگا بیرده‌كاته‌وه، به‌ڵكو زانكۆ بووه‌ته فیگۆرێكى بچووككراوه‌ى كۆمه‌ڵگا، ساڵانه هه‌زاران توێژینه‌وه ده‌نووسرێن به‌بێ ئه‌وه‌ى سوودێكیان بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت و له ئه‌رشیفه‌كان فڕێده‌ده‌رێن، ئه‌م توێژینه‌وانه ته‌نیا بۆ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه و به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌یه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێی ئه‌م توێژینه‌وانه به ده‌رئه‌نجامگه‌لێكى ئه‌قڵی بگه‌ین كه سوودى بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت، ئێمه تیگه‌یشتنمان بۆ زانكۆ تێگه‌یشتنێكى ناته‌ندرووسته به‌وه‌ى زانكۆ ته‌نها له‌پێناو ته‌واوكردنى خوێندن و كاتبه‌سه‌ربردن و له‌كۆتاییشدا به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌یه‌كه، له‌ئاوه‌زى هه‌ر یه‌كێكماندا ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه ره‌گى داكوتاوه، مه‌به‌ستمان نییه كه له رێگه‌ى زانكۆوه هه‌وڵ بۆ گۆڕینى كۆمه‌ڵگا و پێشخستنى كایه‌كانى بده‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سایه‌تى و تواناكانى خۆمان په‌ره‌پێبده‌بن، بۆیه زانكۆ نه‌یتوانیوه رۆڵی خۆی به‌پێی پێویست ببینێت و ئامانجه‌كانى بپێكێ، كێشه‌ى جه‌وهه‌رى ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگاى ئێمه پێویستى به‌وه‌یه گۆڕانكاریى به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و مۆراڵ و موعته‌قه‌داته بۆماوه‌ییانه‌ى مێژوو دابهێنێت و به‌رگێكى نوێ و له هه‌مانكاتدا جه‌وهه‌ر و ئه‌قڵێكى نوێ بێنێته‌وه به‌رهه‌م، كه ده‌بێت زانكۆ له به‌جێهێنانى ئه‌م غایه‌یه پێشڕه‌و بێت، به‌ڵام به‌بۆچوونى ئێمه زانكۆ نه‌یتوانیوه، یاخود رێگرى لێده‌كرێت یاخوود نایانه‌وێت زانكۆ به‌و وه‌زیفه‌یه هه‌ڵبستێت به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، كاره‌سات ئه‌وه‌یه زانكۆ و كۆمه‌ڵگا به‌هه‌مان چه‌شن بیرده‌كه‌نه‌وه، زانكۆكانمان پاره‌یه‌كى خه‌یاڵی به‌خه‌رجده‌ده‌ن له درووستكردنى بینایه‌ى به‌رز و كڕینى ئامێری گرانبه‌ها و به‌خشینه‌وه‌ی جیاووك (أمتیاز) به سه‌رۆكى زانكۆكان و یاریده‌ده‌رانى تادوایی... هتد، به‌جۆرێك كه به‌ڕوانینمان له شێوه و شكڵی زانكۆ و ده‌زگاكانى دیده‌نى مرۆڤ له‌جوانیاندا ده‌سوڕمێ، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا گوێزێكى بێ كاكڵن، نه‌توانراوه هاوشان له‌گه‌ڵ درووستكردنی بینایه‌دا ئه‌قڵیه‌تێكى ئه‌كادیمى و خه‌لاق دروستبكه‌ن، ئه‌و تاكه‌ى كه زانكۆ ته‌واو ده‌كات له‌دواى ته‌واوكردنى زانكۆشدا هه‌مان ئه‌و تاكه‌ی پێش چوونه نێو زانكۆیه و هه‌ڵگرى هه‌مان جۆره تێهزرینه، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵێكى ئازاد بنیاتبنێیت پێویسته عه‌قڵێكى ئازادت هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى كۆته‌كان تێكبشكێنیت، ده‌بێت ئیبراهیمیانه بته‌كانى باوكت شكاندبێت، مامۆستاكانمان زۆریان نه عه‌قڵێكى ئازادن و نه‌توانیویانه بتێك له بته‌كان تێكبشكێنن، بۆیه خوێندكاره‌كانیشیان نه عه‌قڵی ئازاد و نه‌بتشكێنى چه‌قاوه‌سوون، زۆربه‌ى جاریش زانكۆ تواناى قوتابیه‌كانى كه‌پتده‌كات و ئاره‌زووه‌كانیان ده‌خنكێنێت، به‌جێی ئه‌وه‌ى به‌پێچه‌وانه‌وه‌بێت، بۆیه زانكۆش وه‌ك كۆمه‌ڵگا پێویستى به‌گۆڕانكارییه‌كى رادیكاڵی هه‌یه له مه‌فهوم و پێناسه‌یدا.