مەلای خەتێی چاڤی لاند

Kurd24

پاش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم شاری سلێمانی یەکێک بوو لەو ناوەندە بەهێزانەی کە ڕێبەرایەتی دەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی دەکرد، بەڵام ئەو کاتیش خەڵكی هەلپەرست و بەرژەوەندخواز هەبوون، کە لەدوای دەستکەوتی ماددی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بوون، ئەو گرووپەی ئەو زەمانە ناوییان (تورک خواە) بوون و هەندێک جاریش وەک (جلخوارەکان ناویان دەهات) ئەوان تەنها بۆ مانەوەی دەستکەوت و بەرژوەندییەکانییان پاڵپشتی مانەوەی عوسمانییەکانیان دەکرد تەنانەت دژی بزاڤی شۆڕشگێری شێخ مەحموودیش وەستانەوە.

ئێستا سەدەیەک بەسەر ئەم رووداوە مێژووییانە دەرباز بووە، بەڵام لە هەمان  شاری پڕ پێشمەرگەی ئازا، کەسانێکی بازرگانی هەڵپەرست و بەرژەوەندی خوازو دەرون نەخۆش لە پەنای داخوازییەکانی خەڵک و کەم و کورتییەکان، بێ ئەوەی عارەق بکەن، دژی ڕیفراندۆم دەوەستن و ئارەزووی عێراقی بوون دەکەن، لە کاتێکدا دەوڵەت و سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق کەیسێکی جیایە لە ئاو و کارەبا و پارە، خۆ عێراق ئەم شتانەی نەداوە بە ئێمەو تەنانەت هەموو مافەکانی ئێمەی کردۆتە چنگی حەشدی شەعبی و میلیشییاکانی خۆیان.

ئەوەی ڕێبەری ئەم ڕەوتەی عێراقی خواهی و مالیکی ڕەنگەیە، هاتووە باس لە یەکسانی و دادوەری و خۆشگوزەرانی دەکات، بەڵام ئەگەر خۆی بە نموونە وەرگرین، باشترین نموونەی گەندەڵی و دەستدرێژی بۆ سەر مافی خەڵك و بردن و خواردنی پشکی خەڵک و ماڵی حکوومەت و  ماڵی هەژارانە، بە پارەی حکوومەت و پارەی ئەملاو ئەولا و پارەی خەڵكی  هەژار لە کورتترین ماوەدا دێت کەناڵێک بۆ نەخێر دادەمەزرێنێت، دەبێت خەڵک بپرسن (ئەمەت لەکوێ بوو؟چۆن بەدەستت هێناو ؟ چۆن پەیدات کرد؟)مادام تۆ هاتووی خۆت لێ بۆتە دەمڕاستی میللەت.

ئەم کۆمپانیایەی ئەم عێراقی عەیار بیست و چوارە خاوەندارێتی دەکات ٦٠ ملیار دیناری حکوومەت قەرزارە کە بەشی موچەی یەک مانگی زیاتر لە ١٠ وەزارەتی حکومەتی هەرێمە!!

خاوەنی جوڵانەوەی نەخێر دوور لە یاسا هەستاوە لەجیاتی ئەو قەرزانەی کە لەحکوومەتی وەرگرتووە گوندی ئەڵمانی کە هی خەڵکە لە ڕەهنی داناوە، جگە لەمەش لە پڕۆژەی چاڤی لانددا چەندین سەرپێچی کردوەو زێدەرۆیی کردۆتە سەر موڵکی گشتی، بۆ نموونە دەبوو جادەیەکی ٣٠ مەتری دروستبکرێت بەڵآم تا ئێستا دروستی نەکردووە، شوست مەتریەکەی بەردەم چاڤی لاند بە ناوی خۆی کراوە، خەریکە لە سەر سەوزایی، کۆشکی شاهانە دروست دەکات، لە ئەکوا پارک و تەلەفریک زێدەرۆیی کردوە. لە هەمووشی مەترسیدارتر چەند تاوەرێکی گەورەی کارەبا کەوتوونەتە ناو پڕۆژەکە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی خەڵک، هەرچەندە بەڵگە لەبەر دەستە کە بەڵێنی داوە ئەم تاوەرانە لاببات بەڵآم، خۆی لەم بەڵێنەی دەدزێتەوەو و جێبەجێی ناکات، کە تێچووی لابردنی تاوەرەکان زیاترە لە چوار ملیۆن دۆلار و دەیەوێت ئەم کارەش بە حکوومەت بکات و ئێستا دۆسیەکە لە دادگایە.

لە سەر پشکی هاوڵاتیان لە چاڤی لاند ٢٦٨ سکاڵای لە سەرە و مافی سەدان هاوڵاتی خواردوە، رۆژانە بەڵێندەر و کرێکار پەیوەندی دەکەن و باسی موعاناتی خۆیان دەکەن کە ملیۆنان دۆلاری خواردوون.

لە دۆسیەی قەرەبوو کردنەوەی سوتاندنی نالیا لە دادگا دۆڕاوە، بەڵام بە پێی راپۆرتی دیوانی چاودێری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری لە حکومەت وەرگرتووەو و نەی گەڕاندۆتەوە. تەنانەت خیانەتی لەو کۆمپانیایەش کردوە کە وەکالەتی ریکلامی پێداوەو لە پشتی کۆمپانیا ریکلامی کردوەو ئێستا ئەم دۆسیەیەش لە دادگایە.

کەسێک ئەمە رەوشت و ئاکاری بێت و تا ئەو ئاستە لە گەندەڵی و زێدەرۆیی غەرق بووبێت، دەبێ چەندە رووی قایم بێت و ئەم جورئەتەی هەبێت باس لە خەمخۆری بۆ خەڵکی کوردستان بکات؟؟!!

ئەمانە لە خەمی خەڵک نین لە خەمی سەرمایەو بەرژەوەندیەکانیانن، لە خەمی ئەو پارانەن کە لە مالکی و بانکەکانی عێراق وەریان گرتوون، بۆیە ئەگەر پێناسەیەک هەبێت بۆ ئەمانە تەنها جاش بوونە بەڵام جاشی عەیار بیست و چواری سەردەمی سەربەخۆیی

دەبێت ئێمە سوپاسی خوا بکەین کە ئەوەی وتی نەخێر ئەمانە بوون، ئەوانەی کە لەگەندەڵیدا ڕۆچوون و ماڵی خەڵک و حکوومەتیان تەخشان کردووەو تا هێزییان هەبووە دەمیان وەرداوەتە هەموو قاپێکی چەور، ئێستاش کە دیسان پارەو دراو پێش نیشتیمانە لای ئەوان، دەبێت چاوەڕێی لەمە زیاترییان لێ نەکەین، ئەوان هەر ڕۆژەو لەسەر دینێک بوون، هەر ڕۆژەو چەپڵەیان بۆ لایەنەێک یان کەسێک لێداوە کەس قسەی نەکردووە و ڕوو زەرد نەبوون، بەڵآم چوونکە چەپڵەی ئەم جارەیان بۆ ڕەقیبە، ناوییان پەڵەیەکی ڕەشی مێژوو دەبێت و پێکەوە مەلای خەتێ بە حەوت ئاو دەشۆن و تێیدەپەڕێنن و مێژوویەکی نوێ دروست دەکەن، مێژوویەک پڕ لەشەرم.