هێرشەکەی تورکیا و پێشێلکردنی یاسای نیودەوڵەتی

Kurd24

هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە پێشێلکردنی  یاسای نیودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، ئەو یاسایەی کە  لە ساڵی 1991ـه‌وه‌  بووە هۆکاری سەرەکی دروست بوونی هاوپەیمانیەتی لە نێوان زیاتر لە 36 وڵاتانی رۆژئاواو رۆژهەڵات لە دژی  داگیرکردن  و بەزاندنی سەروەری دەوڵه‌تی کوەیت لە لایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو.

ئێستا و چەندین جاری تریش، تورکیا هەمان کاری ئەنجام داوە، جاچ دژ بە باشوری کوردستان یاخود دژ بە  رۆژئاوای کوردستان بێت،  بەڵام بە داخەوە بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا  هەموو لایەک بێ دەنگیان نواندوە. بۆیە ئیمەی کورد لەم کات و ساتە ناسکەدا بەتایبەتی دوای پشت تێکردنی کومەڵگای نیودەڵەتی، دوای ئەو هەموو قوربانیانەی کە  پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دایان لە شەری دژ بە داعشدا،   پێویستمان بە یەکگرتنێکی بەهێز هەیە، دەبێ هەموومان پێکەوە بە یەک دەنگ دژی ئەو پلانە گڵاوانەی دوژمنانمان بوەستین، کە هەر یەک لە رژێمەکانی سوریا و ئێران و عێرا ق و تورکیا  دژ بە گەلی  کورد ئەنجامی دەدەن، کە هەمیشە کوردیان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان زانیوە و هەموو هەوڵێکیان داوە ده‌رفه‌ت لەو یەک نەگرتنەی نێوان سەرانی کورد وەربگرن و رووبەرووبونەوە و دژایەتی لە نێوان کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا دروست بکەن لە پێناو بەرژوەندییەکانی خۆیان.

لێرەدا پرسیارێکمان لا دروست دەبێ، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی کورد هیچ سودێکیان لە ئەزموونەکانی رابردوو وەرنەگرتووە؟، یاخود هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو سەرکردانەی کە پێش ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی گەل و ولات بکەنەوە بیر لە بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکەیان دەکەنەوە.

ئاشکرایە شوێن و پێگەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیکی کوردستان وگیرانی دەوروبەری  به‌ رژێمه داگیرکه‌رەکانی وەک سوریا و عێراق و تورکیا و ئێران، وایکردووە ژیان و خەبات کردن تێیدا ئاسان نەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەس وەک ئێمە دوژمنەکانی خۆی ناناسێ ئەگەر خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین.

ئاشکرایە ئەو سیاسەتە ناعقلانیەی کە ئەردۆگان لە سنورەکانی نێوان تورکیا و هەردوو بەشەکەی کوردستان (رۆژئاوا و باشوور) جێبەجێی دەکات، بەزاندنی سەروەریی خاکی وڵاتێکی ترە. کاتێک بە موشەکەکانی بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی دەکرد، ئەو حکومەتەی عێراق کە( رێگە بە جیابونەوەی هەرێمی کوردستان نادات) بێ دەنگ وەستا بەرانبەر بەو پێشێلکارییانەی تورکیا بۆ سەر خاکەکەی. ئێستاش  دوای سەرنەکەوتنی لە پلانی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە ناوچوونی ئەندامەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە، بە ئاشکرا پەنای بردۆتە بەر هێرشکردنی سەربازی و داگیرکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی (عفرین)، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی داخە بێ دەنگی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوایە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی ئەردۆگان، چونکە تورکیا خۆی ئەندامە لە ناتۆ، بۆیە راگەیاندنی شەر لەدژی وڵاتاتێکی تر، بەرپرسیاریێتەکەی دەکەوێتە سەر ئەستۆی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش نەک تەنها تورکیا. ئەمە لە لایەک لەلایەکی تریشەوە رژێمی ئێرانیش بە هەمان شێوەی تورکیا دژایەتی کورد دەکات، کە رۆژ نیە چالاکوانێکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە نەدات، کەچی لە بەرامبەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ( نێچیروان بارزانی)یدا ، کە لە دوا سەردانیدا بۆ ئێران، (حەسەن روحانی) گووتی: "هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاک بگەن بە مافە شەرعیەکانی خۆیان". نازانم روحانی باسی کام دەستوور دەکات، ئەو دەستوورەی کە رێگەی بە دۆستەکانی دا لە عێراق میلیشیاکانی حشدی شه‌عبی بنێرنە سەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، یاخود ئەو دەستوورەی کە رێگە بە لە سێدارەدانی کوردانی رۆژهەڵات دەدات، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافە شەرعیەکانی خۆیان دەکەن. هەروەک دەڵێین ( مام نوسرەت خۆت بکە نەسیحەت).