هەواڵەکانی بە زمانی کوردی دەنووسرێن، ڕووت و بێگیانن

Kurd24

تەکنۆلۆژیای زانیاری خزمەتێکی زۆری بە جوانکردن و پێشکەوتنی رۆژنامەگەری کردووە، کاری رۆژنامەنووسانی ئاسان کردووە، دەستکەوتن و گەیاندنی زانیاری خێراکردووە، ژمارەی خوێنەر و بینەر و بیسەری زیاد کردووە و هیچ سنوورێکیشی بۆ هەواڵ و زانیارییەکان نەهێشتۆتەوە و ئەودیتۆریا (ڕووبەر)ی زۆر فراوان کردووە.

هەواڵ و زانیارییەکان، بە ئاسانی و بە یەک کلیک بە هەموو جیهان بڵاودەبنەوە. لەراستیدا، کێشەی نەزانینی زمان یان تێنەگەیشتنیشی بە ڕێگای بەرنامەی جیای وەرگێران کەمکردۆتەوە. بۆ ئەوەی دەستت بەو هەموو تەکنۆلۆژیایە بگات، کەسی رۆژنامەنووس پێویستی بە یەک تەلەفۆنی سمارت یان لاپتۆپێک و هێڵی ئینتەرنێت هەیە.

ئەو تەکنۆلۆژیا تازەیە، ئەگەر کاری رۆژنامەنووسی ئاسان کردبێ، چۆنایەتی باشتر کردبی، لە هەمان کات، دەبی بنووسین، رۆژنامەنووسی توشی دڵەڕاوكێ کردووە، چونکە بەردەوام لە پێشبڕکێدایە، کە چۆن زۆرترین زانیاری بە کەمترین کات بە سەرووی خۆی و خوێنەر بگەیەنی، چۆن دەزگاکەی خۆی لە مردن رزگار بکات و بتوانی لە گەیاندنی زانیاری بەردەوام بێت.

ئەم تەکنۆلۆژیایە، بۆتە یارمەتی بۆدەزگاکانی راگەیاندن، کە بە ژمارەیەکی کەم لە کادری رۆژنامەنووس، دەزگای گەورە بەڕێوە ببەن، کاری مەزن بکەن و سوود لە نووسین و بەرهەمی دەزگای دیکە یان ئاژانسەکانی دەنگوباس وەربگرن. هەر ئەوەندە نا، رۆژنامەنووس دەتوانی لە وڵاتێک بژیت و نووسین یان بەرهەمی رۆژنامەوانی لەسەر وڵاتێکی دیکە بێت... ئاسانتر دەست بە زانیارییەکان دەگات و ئاسانتریش کۆنترۆلی زانیارییەکان لە راست و دروستی دەکرێ.

لەوانەیە هەموو رۆژنامەنووسێک یان دەزگایەکی راگەیاندن وەک یەک نەتوانن سوود لەم تەکنۆلۆژیایە وەربگرن، چونکە لەراستیدا پەیوەندی بە هەبوونی یاسا و سیستێـمی بەڕێوەبردنی وڵات و پێشکەوتنی دیموکراسی و یاسای پێویستیش هەیە. پەیوەندی بە ئەزموونی رۆژنامەگەری و ئەزموونی پەروەردەکردنی رۆژنامەنووسانیشەوە هەیە، بۆیە رۆژنامەنووسانی وڵاتانی دواکەوتوو، کەمتر توانیوێتیان سوود لە تەکنۆلۆژیای زانیاری وەربگرن، چونکە هەندێكجار یاسا کۆسپ دەخاتە به‌رده‌م بڵاوکردنەوەی هەندێک هەواڵ و زانیارییەکان، هەندێك جاریش، رەقابەی یان فلتەری رۆژنامەنووس، کە خۆی لەسەر خۆی دانایە، دەبێتە ڕێگر، کە رۆژنامەنووس بایەخ بەو هەواڵ یان زانیاری نەدا، هەندێكجار، پەیوەندی بە لایەنی ئەخلاقییەوە هەیە، بەڵام: ئایا رۆژنامەنووس مافی شاردنەوەی هەواڵ و زانیاری گرنگی بۆ کۆمەڵ هەیە؟ بێگومان نەخێر...

ئەمشێوە بیرکردنەوەیە، رۆژنامەنووس تووشی دڵەڕاوکێ دەکات و ئەزیەتی دەدا، لەکاتێکدا، ئەگەر هەواڵەکە بشنووسێت، تا تەلەفۆنەکان دەکرێن، وەڵام و رەزامەندییەکان وەردەگیرێن، هەنووکەیی خۆی لەدەست دەدات و تاقەتی کەسی رۆژنامەنووس دەکوژی یان سڕی دەکا، کە جارێکی دیکە بەوشێوەیە خەبات یا هەوڵ بۆ وەگیرکەوتنی ئەمجۆرە زانیارییانە نەکا...

ئەو شێوە کارکردن و بیرکردنەوەیە لەوانەیە بووبێتە هۆ، کە هەواڵ و زانیارییەکانی بە زمانی کوردی دەنووسرێن، (مەبەست راگەیاندنی باشوری کوردستانە) هیچ گیانیان تێدانییە و سووک و هەرزان دێنە بەرچاو، ئەوە لەکاتێکدا، ئەگەر وەڵامی هەر شەش پرسیاریش لە هەواڵەکەدا هەبێت...

رۆژنامەنووسانی کورد نەیانتوانییە، سوود لە ستایلەکانی رۆژنامەنووسی جیهانی وەک (رۆژنامەنووسی نوێ New Journalism) وەربگرن، کە نووسین پێی تامێكی تایبەت دەدات و خوێنەر لە خوێندنەوەی هیلاک نابێ. زۆربەی هەرە زۆری هەواڵەکان نەک هەر گیانیان تێدانییە، بەڵکو لە کۆمەڵێک وشەی دووبارە پێکدێن و هیچ زانیاریێكی گرنگ بە خوێنەر نادات... دەکرێ تاکی خوێنەر تەنیا سەردێر بخوێنێتەوە و هەموو زانیارییەکان وەربگریت، چونکە لەراستیدا وەڵامی (بۆچی) بەجوانی ناداتەوە... ئەو وشانەی لەم وەڵامە دەنووسرێن، گشتین و تایبەت نین و بۆ هەموو دیدار و هەواڵەکان وەک یەک دەنووسرێن، بەتایبەتیش لە هەواڵە فەرمییەکان، کە باس لە دیدارەکان دەکات... خوێنەری کورد 26 ساڵە ئەم دەرمانە ئیستۆکەی دەدرێتێ، بۆیە هیچ لات سەیر نەبیت، کە یەک لەوهۆیانەبێت، زانیاری زۆر بەگرانی وەک خۆی بە کۆمەڵ دەگات...

لایەنێكی دیکەی زۆر لاوازی هەواڵنووسین، ئەوەیە، کە کەسی رۆژنامەنووس بەردەوام کەسێک دەدوێنێت و ناوی کەسەکە و پیشەکەش دەهێنێت. لەوانەیە هەندێكجار باشبیت، بەڵام ئەگەر ئەوشێوە هەواڵ وەرگرتنە بەردەوامبێت، دیارە قەیڕانی متمانە دەهێنێتە گۆڕ و پیشانی دەدا، کە خوێنەر بڕوا بە هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم دەزگایە ناکات... ڕاستە بۆ وەرگرتنی زانیاری دەکرێ پەیوەندی بە کەسێكی نزیک لە رووداوەکە بکەیت، بەڵام هەمووجار هیچ پێویست ناکا، بنووسی: فڵانە کەس وتی، هەروەها جەختی کردەوە، دیسان سکرتێر گوتی...هتد.

زۆر لە هەواڵەکان، هەرچەندە کورتن، بەڵام ئاستی نزمی رۆشنبیری و پسپۆری رۆژنامەنووس بە ئاسانی بەدیار دەخەن. هەندێکجار ئەوەش پیشان دەدەن، کە رۆژنامەنووس خۆی لەبیر دەکات، ئەوەی بەلای ئەو گرنگە، لەوبڕوایەدایە، بەلای خوێنەریش گرنگە، کەچی هەمان رووداو، هیچ مەرجی هەواڵی تێدا نییە...

لە هەواڵەکان، ناو بە هەڵە دەنووسرێن، شار و وڵات بە هەڵه‌ دەنووسرێن، وشەو تەعبیری لاتینی بە هەڵە بەکار دێنن، کە کۆنترۆڵکردنی بە رێگای تەکنۆلۆژیای زانیاری زۆر ئاسانە...

وێدەچێ، رۆژنامەنووسانی کورد لەوە بێخەبەرن، کە دەمێکە مەبەست لە نووسینی هەواڵ تەنیا گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو ئامانج زیاتر لەوەدایە، چۆن هەواڵ بنووسرێت و زۆرترین کات لە زەینی خوێنەر بمینێتەوە...