دەربارەی: مەڕ یان کۆمەڵگای مێگەل

Kurd24

زۆر نووسینم بەرچاو دەکەوی، گلەیی لە کورد دەکەن و لەگەڵ مەڕ یان مێگەل بەراوردی دەکەن. بەراوردکردن لەگەڵ مەڕ یان مێگەل، دەکاتە ئەوەی ئەوکەس یان ئەو گەل: بێهەڵوێستە، ڕای تایبەتی خۆی نییە، ترسنۆکە، گێلە، مێشکی سستە و باش کارناکات، جگە لەوانەی سەرەوە، مەڕ یان مێگەل، تەمبەڵە، پێویستی بە شوان هەیە و بە هەموو شتێک رازییە، ناڕەزایی یان دژایەتی پیشان نادا.

لەوکاتەی باس لە مەڕ یان مێگەل دەکرێ، دیارە مەبەست زیاتر لە کەسە حزبییەکانە، کە ناچارن فەرمانەکانی سەرەوەی خۆیان جێبەجێ بکەن. لە نووسینەکان پیشانی دەدەن، کە هەموو حزبێکی کوردی و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، مەڕ و مێگەلی خۆیان هەیە.

هەندێک لە نووسەرانی کورد، تێڕوانینی مەڕانەیان لەسەر میللەتی خۆیان هەیە، بێئەوەی بزانن کە:

کۆمەڵگای چەوساوە و ژێردەست، کۆمەڵگایەکی تەندروست نییە و نەخۆشە. کۆمەڵگای نەخۆشیش بەرهەمی شەڕ و ناخۆشییە. کۆمەڵگای کوردەواری لە ماوەی سەدان ساڵ، لە خەباتدابووە بۆ مانەوە و لەناو نەچوون، نەک بۆ وەرگرتنی ئازادی جگە لەوە، شۆڕشە زۆر و بێکۆتاییەکان دەستیان پێکرد و شادەماری ژیانیان لێبڕی... میللەتی کورد دەمێکە سڕبووە و مووچەی پێنادرێ، شەڕی بینیوە و تاقەتی زیاتر بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی نییە، بۆیە هەموو فەرمانەکانی سەرەوە بەنەرمی جێبەجێدەکات و تاقەتی موناقەشە و گفتوگۆی نییە، تاقەتی بەرگریکردن لەخۆی نییە و خۆیان تەسلیمی قەدەر و حزب و سەرکردەکان کردووە.

ئەو نووسەرانەی هەموو لایەک بەمێگەل بەراورد دەکەن، خۆشیان هیچ چارەسەرێکیان بۆ گۆڕینی کۆمەڵ پێنییە، چونکە باش دەزانن، گۆڕانکاری بە تاک ناکرێ و بە حزبی گەورە دەکرێ، بە حکومەت و بە دەستەڵات دەکرێ... لەوانەیە کورد بۆ گۆڕانکاری ریشەیی وەک عەرەب و شیعەی دراوسێ جارێ هەرئامادەنەبێت... شیعە هەرهەموویان، گچکە و گەورە، کیژ و کوڕ، خاوەن بڕوانامەی بەرز و نزم، سیاسەتمەدار و دەوڵەتدار...هتد، لە رۆژی عاشورا لە 10ی موحەڕەم لەبەر کارەساتێک، کە 1337 ساڵ بەر لەئێتسا لە کەربەلا روویدایە، لەخۆیان دەدەن، ئایا ئەوانیش مێگەلن؟ تۆ دەتوانی لە میللەتت رازی نەبیت، بەڵام دروست نییە گاڵتە بە میللەتێک بکرێ، دەستەواژەی مەڕ و مێگەل، کە دەکاتە ئاژەڵ بدرێتە پاڵیان، وەک ئەوەی ئێمەی نووسەر بەشێک نەبین لە مێگەلایەتی یان لێیەوە دووربین... لە ڕاستیدا، لەجیاتی تۆمەتبارکردن، باشترە بەدوای چارەسەر بگەڕێین، بەدوای دەرمانی ئەم دەردە گران و دێرینە بگەڕێین. کێ دەڵێ، ئەڵمانییەکان لەسەردەمی هیتلەر، ئیتالییەکان لەسەردەمی مۆسۆلۆنی. ئیسپانییەکان لەسەردەمی فرانکۆ، ئەلبانییەکان لەسەردەمی ئەنوەر قۆجە و سۆڤیێتییەکانیش لەسەردەمی ستالین مێگەل نەبوون؟ هەموو ئەوان لەو قۆناغی ژیان مێگەل بوون چونکە، مێگەلبوون یان مێگەلنەبوون، پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی وڵات هەیە، بە نائارامی و هەبوونی شەڕ و ناخۆشی هەیە، کە کورد پێشتر و تا ئێستاش تێیدا دەژی.

وەک لەسەرەوە نووسیم، ئەو ژینگەیەی مرۆڤ لێی دەژی، بڕیار لەسەر مرۆڤەکان دەدا، وەک مەڕ بژین یان جیاواز لە مەڕ و مێگەل بژین.

ناکرێ تۆ کوڕی میللتێک بیت، سەدان ساڵ چەوسێندرابیتەوە، هەڕەشەی مەرگت لەسەربێت و لەماوەیەکی کورتی وەک بیست ساڵ لە مەڕەوە بۆ شێر بگۆڕدرێیت بەتایبەتیش، کە تۆ لە هەرێمێک دەژیت، ژیانی هەموو تاکێک دووبارە و ناخۆشە و لەمەڕ دەکا... ئەگەر کورد مەڕانە و مێگەل بژی، باوەڕناکرێ برا عەرەبە دراوسێکانمان کەڵەشیرانە بژین... بۆیە ئەگەر گلەیێک هەبی، دەبی گلەییەکە لە ژینگە بکرێ، نەک لە هاووڵاتی... نەک لە حزبەکان... هەموو میللەتێک بە قۆناغی ناخۆش و خراپی خۆیدا ڕەتبووە و هەموو کەسێک لە قۆناغی گۆڕین و پازدان، وەک میگەل دەژین، چونکە بۆ ئەو تۆزە گۆڕانکارییە، ئەزیەت و قوربانی زۆریان بینیەوە و نایانەوێ لەدەستیان بچیت.

لەلایەکی دیکە، ئەگەر کەسێک بیەوێ وەک مەڕ یان مێگەل بژیت، با بژیت و هیچ پێویست ناکا ڕێگای لێبگیرێ... کازاخییەکان دەڵێن: ئەگەر مێگەل بەخێو نەکەیت، دەوڵەمەندی نابینیت، روس دەڵێن: بزن لەکوێبێت، مەڕیش لەوێندەرە. ئۆکرایینی دەڵێن: ئەگەر مەڕ نەبیت، گورگیش ناتخوا، ئوزبێکیش دەڵێن: مەڕی چەور، تەمەنی کورتە.