دەربارەی: ژیان و رەوشی کوردستان دوای 25ی ئەیلول

Kurd24

K24 – هه‌ولێر:

سیناریۆیەکی خراپ و مەترسیدار نووسرایە و لەلایەن هەندێک کەس و گروپ، بە بەرنامە بۆ ترساندنی هاووڵاتییانی کوردستان، بۆ دواخستن یا رەتکردنەوەی راپرسی لە (25ی ئەیلول)، کاری پێدەکرێ و وەک ئەوەی، 25ی ئەیلول بۆ کورد، دوا رۆژی ئازادی و خۆشی بێت و ئیتر کارەسات و شەڕە گەورەکانی هەرێم و ناوچە دەستپێدەکەن.

لەم هەڵمەتە ناشیرينە: سنوورەکان دادەخرێن، خواردن و ئاو دەستناکەوێ، قونسوڵخانەکان نامێنێن، فڕۆکەی جەنگی وڵاتانی دراوسێ لە ئاسمانی کوردستان دەخولێنەوە و جەندرمە و پاسدار و حەشدی شەعبی، بە زرێپۆش و تازەترین چەک لە شەقامەکانی کوردستان دەسوڕێنەوە، بە ئارەزووی خۆیان خەڵک دەکوژن و دەگرن.

جگە لەوانەی سەرەوە، گرانیێکی زۆر گەورە رووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە، خواردن بە گولە دەستناکەوێ...

ئەو کەس و گروپانە، رۆژی راپرسی (25ی ئەیلول) بە ئەنقەست یان بە بەرنامە، لەگەڵ شەڕی گەرم تێکەڵ دەکەن، هەربۆیەش زۆر بەخراپی، باس لە دواڕۆژی کوردستان و ئەنجامی راپرسی دەکەن... بە بیستن و دیتن و خوێندنەوەی ئەم پروپاگەندە رەشە، هاووڵاتی ئاسایی بەدەست خۆی نییە، کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵامی بۆ دروست دەبێت و تووشی دڵەڕاوکێ و ترسێكی نەرمی بێکۆتایی دەبێت.

بەڵام ئەگەر ئێمە، بەشێوەیەکی مەنتقی و دروست بڕوانینە پڕۆسەی راپرسی تێدەگەین، دەنگدان لەراستیدا، پرۆسەیەکی زۆر هێمن و دیموکراتی و جوانی سەدەی بیست و یەکی جیهانە، لەجیاتی وەک سەدەکانی ناوەڕاست، گەل و حکومەتەکان هانا وەبەر توندوتیژی و چەک و شەڕ و ناخۆشی ببەن، رای هاووڵاتییانی خۆیان لەسەر پرسێکی گرنگ وەردەگرن، کە چۆن بە نەرمی و بێ شەڕ و جوانی دەستپێدەکات، بە هەمان شێوە ئەنجامی بە دانیشتن و گفتوگۆی سیاسیی لە نێوان لایەنەکان تەواو دەبێت.

لەوکاتەی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەخوێنینەوە، تێدەگەین کورد، لە نێوان شەڕ و ئاشتی، بەردەوام ئاشتی هەڵبژاردووە و خەباتی چەکداری وەک دوا چارەسەر بۆ بەرگریکردن لەخۆی بەکار هێناوە.

لە ڕاستیدا، هەڵبژاردنی خەباتی چەکداریش بە رەزامەندی کورد خۆی نەبووە، بەڵکو هەموو جارەکان لە هەموو شۆڕشەکان، کورد ناچارکراوە، روو لەشاخەکان بکات، بۆئەوەی بەرگری لە خاک و نیشتیمان و فەرهەنگی خۆی بکا. بۆ مێژوو دەبێت باس لەوەش بکەین، کە خەباتی کورد بۆ ئازادی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی گەلانی دیکە بۆ هەمان مەبەست، زۆر پاکتر و جوانتر بووە.

ئەوانەی سەرەوە هەموو پیشانی دەدەن، راپرسی لەسەر یەک پرسیاری زۆر هەق و رەوای کورد، قەت شەڕ و ئاژاوە بەدوای خۆی ناهێنێت، بەڵکو لە جەوهەردا، بۆ گەیاندن و گواستنەوەی پرسی کوردە بۆ قۆناغێکی بەرزتر، کردنەوەی دەرگایەکی زۆر گەورە و جددییە، بۆ دانووساندن لەسەر ئاستی باڵا، گەیاندنی دەنگی کوردە بۆ بەغدا و داواکردنی هەقی کوردە، بۆ ژیانێکی ئارام بەو شێوەیەی چۆن کورد خۆی دەیەوێ، نەک ئەوان چی بەکورد ڕەوا دەبینن.

ئەزموونی گەلان سەلماندوویەتی، کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەورە و ئاڵۆز، پرسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە، بە یەک رۆژ و دوو رۆژ یان یەک مانگ و دوو مانگ تەواو نابێت و بەدوور نازاندرێ چارەسەرکردنی ئەمجۆرە پرسە هەق و مەبدەئییانە کۆمەڵێک ساڵ بخایەنی، تا هەموو لایەک دەگەنە ئەو ئەنجامەی، کە خۆیان پێی رازی دەبن. بۆیە لەوکاتەی ئێمە ئەو هەقیقەتانەی سەرەوەمان بۆڕوون دەبێتەوە و دەزانین و تێدەگەین، 26ی ئەیلول هیچ جیاوازی لەگەڵ 24ی ئەیلول نییە، مانگی ئابیش هیچ جیاوازی لەگەڵ مانگی ئۆکتۆبەر نییە. لەراستیدا، کورد تاکە میللەتیش نییە، ئەو خەباتە جوان و نەرمەی هەڵبژاردبی، بینیمان لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیێت  لە زستانی 1991، کۆمەڵێک وڵات پێشتر بەڕێگای ئەو پڕۆسەیە بە مافەکانی خۆیان گەیشتوون. 

پەیامی هەڵمەتی نەخێر بۆ ڕێفێرێندۆم، خەڵک بە ئاراستەیەکی هەڵە و خراپ دەبات و دەیانەوەێ پێمان بڵێن: لە 26ی ئەیلول، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە تانک و تۆپ و چەکی گران لە چیای حەمرین دەوەستیت و هەڕەشە لە بەغدا دەکات... لە راستیدا، پێچەوانەی ئەمە تەواوە و بە بڕوای من، ژیانێكی ئارام، ئارامتر لەجاران دەستپێدەکات. وەک مانگەکانی پێشتر ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایی لە کوردستان بەردەوام دەبیت و لەوانەیە زیاتریش شاندی بیانی بۆ کوردستان بێن، گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا گەرمتربیت.

باشە هەموو لایەک ئەو هەقیقەتە بزانن، ئەگەر کورد لە بنەڕەتدا، ئاماجی شەڕکردنی لەگەڵ بەغدا هەبوایە، هیچ پێویستی بە راپرسی نەدەکرد، بەڵکو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بەیانی شەڕیان دژ بە بەغدا دەخوێندەوە و پێش ئەوەش، یەکێتی و پارتی هێزەکانی خۆیان بۆ چیای حەمرین دەنارد، نەک وەک ئێستا ڕێگا بە رای جیاواز بدرێ، ئەوانیش تێڕوانینی خۆیان ئازادانە لەسەر راپرسی دەرببڕن.