تورکیا و ڕاکردنی پشیلە!

Kurd24

تورکیا ھەرگیز لەمە بەھێزتر نابێت و ناتوانێ لەوە زیاتر باڵەکانی بکاتەوە بەرەو فاشیزم و ستەمکاریی و تاکرەویی، پەندە کۆنەکە دەڵێت "ڕاکردنی پشیلە تا ناو کایەنەکەیە" ئێستا تورکیا لەکایەنەکەیە ئەگەر بتوانێت بێتەدەرەوەو گورگان خواردو نەکرێت، کێشە ناوخۆییەکان و قەیرانی ئابوری و بێکاری و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ھەدەپەو گویلەنیەکان دیسان لەمپەرن بۆ تورکیایەکی دیموکرات و مەزن و فراوانخواز کە خەونێکە لە ئەتاتورکەوە درێژ بۆتەوە تا ئەردوغان، تورکیا ھیچ ڕاینەگرێ ئەم مۆدێلەی یەپەگە بە سەختی ڕایدەگرێ، مۆدێلێک دونیای سەرسام کردوە، ھێزی ناتۆو فرۆکەو تانکەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، چەندین ساڵە بەرگریی سیستماتیک و بەرخودانی فکریی و پەروەردەیی ئاپۆچی بۆتە لەمپەر بۆ تورکیاو ئاکەپە، ئەم کێشەیە نە زیندان چارەی دەکات و نە توندوتیژی و لەشکرکێشی، دەڵێن "بوڵند ئەجەوید" سەرەک وەزیری نەژادپەرستی پێشوو بە ئەردوغانی وتووە لەسەردەمی مندا ئۆجالان دەستگیرکرا بەڵام ئەوەی بۆتۆ دەستگیر ناکرێ ڕۆحی سرکی بەرخودانی گەلی کوردە، ھەندێک چاودێر دەڵێن تورکیا چیتر ئەو خەیاڵدان و فەنتازیا مێژوییەی جارانی نامێنێت و لە ئەردوغاندا گەمەکە کۆتایی دێت!

دیدگایەک چاوەڕوانی ئەمریکایە، ئایە ڕاستە ئەم لۆژیکە، ھەڵەیە واھەست بکەین ئەمریکا دەبێت ھەڵوێست بنوێنێت، بۆ بەرگرتن لە ھێرشی تورک بۆسەر کوردی عەفرین، بەپێچەوانەوە ئەمریکا خواستیەتی شکستی ئەم مۆدێلە ئەردوغانیەش ببینێت بەبێ دەستوەردانی ڕاستەوخۆ کەماوەیەکە جیھانی ئیسلامی تێکداوە، چونکە دەستوەردانی راستەوخۆ ئەمریکا دەکاتە شەریک و پەیمانی ناتۆ دەخاتە جوڵەو ئەمکارەش مەحاڵە، تورکیا خۆبەخۆ ھێزو مۆڕاڵی خۆی بەم جۆرە خاڵی بکاتەوە ڕەنگە پێویست بە دەستوەردان نەکات، ئەمریکا مۆدێل ناکاتە دیاری بۆ کەس و ھیچ دەوڵەتێک وەلێ دەستکاری مۆدێل دەکات و بکەر دێنێ و بکەر دەگۆڕێت و ڕەنگە مۆدێلی یەپەگەی بەکەمێک دەستکاریەوە پێ باشتر بێت لەزۆر مۆدێلی دەوڵەتی تاکڕەوی کلاسیک، کاتی خۆشی مۆدێلی ئەفغانستان و پاکستان و ھەندێ دەوڵەتی بەم تێزو بیرکردنەوە گۆڕی و حامید کارزای و سیسی لە میسر نمونەیەکی بەرجەستەن، ئەوەتا مۆدێلی خومەینیشی پێ ناگۆرێ وەلێ بەنیازی دەستکارییە لەناوخۆی ئێران بۆ ریفۆرمی مۆدێلەکە، دەتوانین بڵێین ئەمریکا ھەم سەیرکەرێکی باشەو ھەم مۆدێلیستێکی باشە بۆ گۆڕینی جلی فەرمانرەواکان،

 چەندساڵێکە جوڵاندنی غروری سوڵتانی نوێ لە ڕێگەی دیدی ئاینی و خورافەو زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننیەوە لەلایەن ھەندێک تایپی دینی و دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان مایەی سەرنجە بەتایبەتی سەپۆرتی ھێڵی ئایدۆلۆژی ئیخوان موسلیمین و حاشیەکانی، ڕەنگە ئەمانە لەناوەوە بومەلەرزەیەک بخاتە ناو ئەم دەوڵەتە بەناو دینییەو دەیان ساڵ گیرۆدەی بکات بە کێشەی ناوخۆییەوەو دوری بخاتەوە لە دەستێوەردانەکانی بۆ سوریاو عێراق و ھەڕەشەکانی بۆ ئیسرائیل و ڕاگرتنی پشتگیریەکانی بۆ حەماس و قودس و غەززە، ئەمکارەش بە پلەی یەک وەک دەوڵەت ئێران و پاشان ئەمریکا لێی سودمەند دەبێت، ئەردوغان ده‌مێكه‌ خه‌ون به‌ خه‌لافه‌تێكەوە ده‌بینێت كه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عی سوننه‌كان بناسرێت، خه‌ونێك هاوشێوه‌ی خه‌لافه‌ت و ئیمپراتۆریای عوسمانی و بلۆكێكی به‌هێزی سوننه‌ كه‌ ئه‌مریكا حسابی بۆبكات، ئێرانیش دەزانێت ئەرکەکە بۆ تورکیا قورسە بۆیە بەکاوەخۆو ھێواش ختوكه‌ی ئه‌م هه‌ست و نه‌ژادپه‌رستی و غروره‌ی توركیا ده‌دات و خۆی لێ نزیک دەکاتەوە تا ئاستی زامنکردنی کاتی بۆ کەرکوک و ویلایەتی موسڵ و شارەکانی سنوریی لەگەڵ سوریاو ڕۆژئاوا، بۆتورکیا، بۆ ئەم مەبەستە ھەندێ نەرمیشی نواند لە کۆتاییەکانی ٢٠١٧ بۆ سوپای تورکیا لە  خاکی سوریا تاقاچەکانی بخاتە لیتەی شەڕێکی بێئامان بەرەو ئۆپەراسیۆنی عەفرین و فراوانکردنی بەرەی شەرەکان لەھەموو سنورەکانی تورکیا، ئەوەی ئێستا دەبینرێت بەرھەمی ئەم یاریەی ئێران و ئەمریکایە، ئێستا ئاستەمە تورکیا بەئاسانی لەم جەنگە بێتە دەرەوە، چونکە دەوڵەتێک نییە تا دانوستانی لەگەڵ بکات و باسی زیان و قەرەبوەکان و پاشەکشە بکات، پێشتریش ئەمریکا مەترسیەکانی بۆ خستۆتە ڕوو لە ڕێگەی ترامپ و تیلەرسۆنەوە، ئێرانیش، لەبەرئه‌وه‌ی زیان بگه‌یه‌نێت به‌ مه‌رجه‌عه‌ سوننیه‌كان و په‌رتیان بكات و سعودیه‌و توركیاو قەتەر بەتەواوی له‌یه‌ك دور بخاته‌وه‌و لەبەرچاوی جیھانیشیان بخات، ختوکەی تورکیا دەدات و لە ڕێگای کەناڵە دیبلۆماسیەکانی خۆیەوە بەتایبەت عێراق خەریکی یارییەکی زیرەکانەیە بۆ تێوەگلانی تورکیا!