بە بەڵگە..مۆندیالی 2018 بووەتە مۆندیالی تۆپە جێگیرەکان

لە کۆی 45 گۆڵ تاکو ئێستا 25 گۆڵ بە تۆپی جێگیر کراوە

مۆندیالی 2018 بووەتە مۆندیالی تۆپە جێگیرەکان، تۆپە جێگیرەکانی هەڵبژاردەکانی مۆندیالی رووسیا بە قەدەر پێناڵتی مەترسیدارن، لە کۆی ئەو 45 گۆڵەی تاکو ئێستا لە مۆندیال تۆمارکران، 25 گۆڵیان بە تۆپی جێگیر تۆمارکراون.
بەرگریکارەکانی مۆندیالی 2018 تاکو ئێستا لە چاودێریکردنی یاریزانانی تیپی بەرامبەر لاوازن، لە کاتی کۆڕنە و لێدانە راستەوخۆیەکان زۆربەی هەڵبژاردەکان دەناڵێنن و ناتوانن بەرگرییەکی پتەو بکەن.
لە کۆی ئەو 45 گۆڵەی لە مۆندیال تۆمارکراون، رێژەی %55یان لە ئەنجامی تۆپێکی جێگرەوە بەرهەمهاتوون.
لە کۆی ئەو 20 یارییەی لە مۆندیالی رووسیا ئەنجامدراون، چوار گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ تۆمارکراون، کەچی لە مۆندیالی 2014 لە بڕازیل بە هەر 64 یاریی مۆندیالەکە تەنیا سێ گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ تۆمارکران.
هەڵبژاردە عەرەبییەکان یەکەم قوربانی دەستی تۆپە جێگیرەکانن، لە کۆی ئەو 15 گۆڵەی لەم مۆندیالە لە هەڵبژاردە عەرەبییەکان تۆمارکراوە، نۆ گۆڵیان بە تۆپی جێگیر بووە، واتە %60ی ئەو گۆڵانەی لە هەڵبژاردە عەرەبییەکان کراون لە ئەنجامی کۆڕنەیەک یان لێدانێکی راستەوخۆوە بەرهەمهاتوون.
لە نێو هەڵبژاردەکاندا مەغریب قوربانی یەکەمی تۆپە جێگیرەکانە، مەغریب لەم مۆندیالە بەرامبەر ئێران و پۆرتوگال سەرەڕای پێشکەشکردنی ئاستێکی باش، تەنیا دوو گۆڵی لێ تۆمارکرا کەچی هەردوو گۆڵەکەی بە تۆپی جێگیر لێکرا و تۆپە جێگیرەکان بوونە هۆی ئەوەی مەغریب بەیەکجاریی ماڵئاوایی لە مۆندیال بکات و شەش خاڵ لەدەست بدات.
پێچەوانەی مەغریب، ئۆرۆگوای سوودمەندترین هەڵبژاردەیە و لە هەمووان زیاتر سوودی لە تۆپە جێگیرەکان بینیوە، سێلێستی لە رووسیا تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە، هەردوو گۆڵەکەی خۆسێ ماریا خیمینێز و لویس سوارێز بەرامبەر میسر و سعوودیە لە ئەنجامی تۆپی جێگیرەوە تۆمارکران، ئینگڵاندیش هەردوو گۆڵەکەی بەرامبەر توونس لە ئەنجامی تۆپی جێگیر تۆمارکرد.