راهێنه‌ری ئیسپانیا هۆكاری دوورخرانه‌وه‌ی مۆراتا ئاشكرا ده‌كات

له‌ باره‌ی دوورخرانه‌وه‌ و گۆڕانگارییه‌كانی پێكهاته‌كه‌ی بۆ مۆندیال هاته‌ ده‌نگ

پێكهاته‌ی سه‌ره‌تایی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بۆ مۆندیال بڵاوكرایه‌وه‌ و دوور له‌ پێشبینییه‌كان چه‌ند یاریزانێك به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو دوورخراونه‌ته‌وه‌.

جوڵیان لۆپێتیخی راهێنه‌ری ئیسپانیا ئه‌لڤارۆ مۆراتای یاریزانی پێشووی ریال مه‌درید و یوڤێنتۆس و ئێستای چێڵسی دوورخستۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها سێرجی رۆبێرتۆی یاریزانی بارسێلۆنا به‌هه‌مان شێوه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ خافی مارتینێزی یاریزانی بایرن میونشن و سیسك فابریگاس و مارك بارترا و بێلێرین و پێدرۆ رۆدریگێز.

لۆپێتیخی مێدیاكانی جیهانی به‌خۆی سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ بانگهێشتكردنی ناچۆ مۆنریالی یاریزانی ئارسێناڵ له‌ شوێنی ماركۆس ئه‌لۆنسۆی یاریزانی چێڵسی كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات.

جوڵیان لۆپێتیخی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پێكهاته‌كه‌ی به‌مجۆره‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی میدیاكانی دایه‌وه‌.

"ئه‌لڤارۆ مۆراتا به‌هۆكارێكی خراپ له‌ ئیسپانیا بۆ مۆندیال دوورنه‌خراوه‌ته‌وه،‌ به‌ڵكو ئه‌نجامی ئه‌م وه‌رزه‌ ئاڵۆزه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چێڵسی، ئه‌وه‌ یاریی تۆپی پێیه‌ كاتێك چوار یاریزان له‌ یه‌ك شوێن یاریی ده‌كه‌ن ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌یت، هه‌رچه‌نده‌ یاریزانه‌كانی دیكه‌ پێشتر هێنده‌ یارییان نه‌كردووه‌، به‌ڵام خۆیان سه‌لماندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌ جیگه‌یان ببێته‌وه‌.

ده‌زانم هه‌ستێكی ناخۆشه‌ له‌ مۆندیال یاریی نه‌كه‌ی به‌تایبه‌ت بۆ یاریزانێكی وه‌كو مۆراتا كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ شایسته‌یه‌ له‌ مۆندیال یاریی بكات و رێزی تایبه‌تم بۆی هه‌یه‌.

من به‌ ئه‌زموونی خۆم له‌ هه‌ستی یاریزانه‌ دوورخراوه‌كان تێده‌گه‌م، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و یاریزانانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بانگهێشتكراون.