قسەیەکی هەڵە و سەیر لە ئارتۆرۆ ڤیدالەوە

ئارتۆرۆ ڤیدال هێشتا شارەزای یاساکانی تۆپی پێ نییە؟

لێدوانێکی ئارتۆرۆ ڤیدالی ناوەڕاستکاری بارسێلۆنای ئیسپانی بووەتە جێگای پێکەنین و گاڵتەپێکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت رۆژنامەکانی ئیسپانیا توانج لە ناوەڕاستکارە چیلییەکە دەدەن.

ئارتۆرۆ ڤیدال دوای بردنەوەکەی دوێنێ شەویان لە جامی شای ئیسپانیا کە لە یاریی چوونی قۆناخی 32ی جامی شای ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە لیۆنیسایان بردەوە، گوتی 'ئێمە دڵخۆشین چونکە توانیمان سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنین'. بەڵام ئەم قسەی ڤیدال لە کاتێکدایە لە جامی شای ئیسپانیا بە سیستەمی چوون و گەڕانەوە بەڕێوە دەچێت و پێچەوانەی لالیگا خاڵی یارییەکان هەژمار ناکرێت، بەڵکو یانەکان دوو یاریی چوون و هاتن لە نێوان یەکتری ئەنجام دەدەن و یەکێکیان دەکرێتە دەرەوە.

رۆژنامەی مارکای مەدریدی لەبارەی ئەم لێدوانە سەیرەی ڤیدالەوە نووسیویەتی 'سەیرە ئەم ناوەڕاستکارە چیلییە زیاتر لە چوار مانگە لە ئیسپانیا یاریی دەکات، کەچی هێشتا شارەزای یاساکانی ئێرە نەبووە'. رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیش نووسیویەتی ڤیدال یەکەم یاریزان نییە ئەم جۆرە هەڵەیە بکات، بەڵکو ساڵی 2011 سێرخیۆ رامۆس هەمان هەڵەی کرد، لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی چامپیۆنزلیگ دوای ئەوەی لە یاریی چوون لە لیۆنی فڕەنسیان بردەوە، ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە گوتی ئێمە سێ خاڵی یەکەمی یارییەکەمان بەدەستهێنا.