چاره‌نووسی بارسێلۆنا نادیاره‌

بارسێلۆنا دەمینێت یان دەردەکرێ دوای راگەیاندنی سەربەخۆبوونی کەتالۆنیا و جیابوونەوەی لە ئیسپانیا، ھەوادارانی تۆپی پێ و یانەکە دەپرسن، ئایا یانەی بارسا چارەنووسی چی بەسەر دێت؟ کێ دۆڕاوی یەکەمی یەکێک لە لایەنەکانی کلاسیکۆ دەبێت؟ ریال مەدرید یان بارسا یان لالیگا؟

 وەڵامی ئەم پرسیارانە لەم خاڵانەی خوارەوە روون دەبێتەوە:

ـ کەتالۆنیا دەوڵەمەندترین ناوچەی ئیسپانیایە و دووەمیشە لەرووی ژمارەی دانیشتوان، ناچار دەبێت خولێکی تایبەت بۆخۆی بکاتەوە وبێگومان خولێکی لاواز دەبێت و یانەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل و خیرۆنا وچەند یانەیەکی نەناسراوی ناوچەکە لەخۆ دەگرێت.

ـ بارسێلۆنا پڕ داھاتترین یانەیە لە جیھان، ساڵانە ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ قازانجییەتی، بەو سەربەخۆبوونەی، یانەکە ١٦٠ ملیۆن لە داھاتی گواستنەوەی یارییەکان لەدەستدەدات، ١١٦ ملیۆن لە داھاتی بلیتی یارییەکان، ھاوکات ٥٦ ملیۆن یۆرۆ لە ئەنجامی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ لەکیس دەچێت. ـ ئەستێرەکانی بارسێلۆنا ناچارنین لە یانەکە بمینێتەوە و لە خولی کەتەلۆنی یاری بکەن، ھاوکات خودی یانەکە ناتوانێت موچە و بۆندی یاریزانان دابین بکات.

ـ کلاسیکۆی زەوی، یەکێک لە لایەنەکانی لەدەست دەدات، بەمەیش یانەکە بە ملیۆنان یۆرۆ دەدۆڕێنێت.

ـ جیابوونەوەی ئیسپانیا، چەند پرسیارێکیتر دەورژێنێت، ئایا لە فیدڕسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەردەکرێت؟ ئایا ئەو یاریزانانەی کە بۆ ئیسپانیا یاری دەکەن رەگەزنامەکەیان لێدەسەندرێت؟ ئایا دەتوانن جارێکیتر لەگەڵ ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتییە ئەوروپی و جیھانییەکان یاری بکەنەوە؟ ئایا وەک یاریزانی نائیسپانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟ بێگومان ئەمانەی باسمکردوون ھەموویان لەسەر ئەوە دەوەستن ئەگەر بارسا لە لالیگا مایەوە، نەمانەوەیشی زۆربەی ئەمانەی سەرەوە بەسەریاندا زاڵ دەبێت. بارسێلۆنا چەند چەکێکی بەردەستە ئەگەر بیەوێ وەک خۆی بمێنێتەوە و ئەستێرە و بەشێکێ زۆری داھاتەکانی لەدەستنەدات لەم چەند خاڵەی خوارەوە:

ـ درووستبوونی سوپەر لیگێک کە چەند یانەیەکی وڵاتانی ئەوروپا لەخۆ بگرێت وەک مانچێستەر یونایتد و پاریس سان جێرمان و بایرن میونشن، بە بڕوای من ئەمە روونادات بەڵام یەکێک دەبێت لە ئەگەرەکان.

ـ بارسێلۆنا دەتوانێت خۆی بە خولێکی ئەوروپی بلکێنێت، بۆنموونە بەشداری لە خولی فەرەنسی بکات بەمەیش خولی لیگ١ سەنگێکی تایبەتی دەبێت بەبوونی پاریس سان جێرمان و مۆناکۆ و چەندانی تر، ئەگەرێکیتر ھەیە، دەکرێت بارسا بەشداری لە پرێمەرلیگ بکات و بەمەیش خولەکە ئەو پەڕی بەھێزیی بەخۆیەوە دەبینێت. ـ تەنیا بارسا زەرەرمەندی یەکەم نابێت، بەڵکو ریال مەدرید رکابەرە سەرسەرختەکەی بە تایبەتی و یانەکانی ئیسپانیا بەگشتی، ئەمانە داھاتەکانیان وەک خۆی نامینێت، لالیگا سەنگی کەمدەبێتەوە، ئاستی یانەکان دادەبەزێت، لە دەستخستنی ناسناوە ئەوروپییەکانیش دووردەکەونەوە.

ـ بۆ پارێزگاریکردن لە لالیگا، رەنگە فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا یاساکانی بگۆڕێت، خولەکەی وەک فەڕەنسا و ئینگلتەرا لێبکات، روون و ئاشکرایە لە لیگا ١ یانەی مۆناکۆ کە شانشینی مۆناکۆیە بەشداری دەکات، ھاوکات یانەکانی وڵاتی وێڵز لە پرێمەرلیگ بەشدارن، ئەمەیش پێویستی بە یاسایەکی نوێ ھەیە لەلایەن پەرلەمانی ئیسپانیا.

لە ئێستەدا یانە کاتەلۆنییەکە لە لالیگا ململانێ دەکات، دەکرێت تا کۆتایی ئەم وەرزە بەردەوام بێت، ھێشتا ئیسپانیا دانی بە جیابوونەوەی کەتەلۆنیا نەناوە، بڕیاری دەرکردنیشی ئەوھا ئاسان نیە، بەرەچاوکردنی مانەوەی خولەکە وەک خۆی و دانەبەزێت لەئاست چوار خولە بەھێزەکەی تری ئەوروپا، ئەمانەی سەرەوە ھەموویان ئەگەرن لە داھاتوودا بۆمان رووندەبێتەوە ئایا بارسا لە لالیگا دەمینێت یاخود بە یەکجاری ماڵئاوایی دەکات.

 

لوقمان عەلی