زیدان لەبەر کوڕەکەی رێگا نادات ریال مەدرید گۆڵپارێزێکی نوێ بکڕێت

هەربۆیە ناهێڵێت گرێبەستەکەی کیپا سەربگرێت

K24- هەولێر

زیدان لەبەر کوڕەکەی رێگا نادات ریال مەدرید لەم زستانە گۆڵپارێزێکی نوێ بکڕێت.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی بۆیە رێگا نادات ریال مەدرید گۆڵپارێزێکی نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی، چونکە پێیوایە بە هێنانی گۆڵپارێزێکی دیکە لۆکای کوڕی کە ئێستا گۆڵپارێزی سێیەمی تیپەکەیەتی، بە هێنانی گۆڵپارێزێکی دیکە شوێنی لە تیپەکە نابێتەوە، چونکە ئەو کات گۆڵپارێزە نوێیەکە هاوشانی کەیلۆر ناڤاس و کیکۆ کاسیا ئەرکی پارێزگاریکردن لە گۆڵی مێرێنگیان پێدەسپێردرێت.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، زیدان پێیوایە لۆکای کوڕی دەتوانێت لە داهاتوو ببێتە گۆڵپارێزێکی باش و پێویستە هەلی پێبدرێت و تەنانەت بکرێتە گۆڵپارێزی دووەمی ریال مەدرید لە شوێنی کاسیا، هەربۆیە زیزۆ لەم زستانە چەند جارێک رەتیکردووەتەوە یانەکەی پێویستی بە کڕینی گۆڵپارێزی نوێ بێت.

لە سەرەتای ئەم مانگە کیپای گۆڵپارێزی ئاتلێتیک بلباو زۆر نزیکبوو پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام بەهۆی پێداگیری زیزۆ لەسەر نەوییستنی گۆڵپارێزی نوێ، تاکو ئێستا ئەم گرێبەستە یەکلا نەبووەتەوە.