به‌ وێنه‌... راھێنەرێکی پێشووی ھەڵبژاردەی کوردستان له‌ لێواری مه‌رگدایه‌

"ته‌مه‌نێكم به‌ وه‌رزشی كوردستان به‌خشی، كه‌چی لەوەتەی نەخۆش کەوتوومە هیچ كه‌سێك لێی نه‌پرسیوم"

عەبدوڵڵا مەحموود، راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان و دێرینترین راهێنه‌ری شاری ھەولێر نەخۆشە و باری تەندروستی جێگیر نییە، به‌ گوێره‌ی پشكنینه‌ پزیشكییه‌كان ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری خێرای بۆ نه‌كرێت ژیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی.

عەبدوڵڵا مەحموود كه‌ پێشتر راھێنەرایەتی یانەكانی ھەولێر، بروسک، پێشمەرگەی ھەولێر، ئارارت، کەرکوک و گازی باکووری لە خولی نایابی عێراق و کوردستان کردووە، له‌ لێدوانێکی تایبەتدا بۆ كوردستان24 راگەیاند كه‌ ماوەی چەند رۆژێکە تووشی نەخۆشی ھەوکردنێکی تووندی گورچیلەکانی بووە، ده‌شڵێت: زۆر ئازارم چەشتووە و ماوه‌ی چه‌ندان رۆژه‌ لەسەر جێگا کەوتوومە و تادێت بارودۆخم خراپ ده‌بێت.

عەبدوڵڵا مەحموود كه‌ به‌ ته‌مه‌نترین راهێنه‌ری كوردستان له‌ باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی زیاتر ده‌ڵێت: ئه‌م ده‌رده‌ی تووشم بووه‌ تەنگی پێھەڵچنیوم، لە ئێستاشدا خەریکی بەکارھێنانی چارەسەره‌ پزیشکییه‌كانم  و نازانم چاره‌نووسی نه‌خۆشییه‌كه‌م به‌ كوێ ده‌گات و بەم نزیکانەش بۆ چارەسەری تەواو ڕوو لە دەرەوەی وڵات ده‌كه‌م.

ئه‌م راهێنه‌ری وه‌رزی رابردووی یانه‌ی گازی باكوور كه‌ به‌ شێخی راھێنەرانی کوردستان ناسراوه‌ لە درێژەی قسەکانی بە راشکاوانە گلەیی و دڵ تەنگی خۆی بەرامبەر بەرپرسانی وەرزشی کوردستان بە گشتی ھەولێر بە تایبەتی دەرده‌بڕی و ده‌ڵێت: ته‌مه‌نێكم به‌ وه‌رزشی كوردستان و شاری هه‌ولێر به‌خشی، كه‌چی لەوەتەی نەخۆش کەوتوومە ھیچ کام لە بەرپرسان سەردانیان نەکردووم و لێیان نەپرسیووم.

عەبدوڵڵا مەحموودی تەمەن 55 ساڵان، پێشووتر گۆڵپارێزی یانەی ھەولێربووە و بانگھێشتی ریزەکانی ھەلبژاردەی عێراقیش کراوە، دواتر لە دونیای راھێنەرایەتی له‌گه‌ڵ چه‌ندان یانه‌ی ناسراوی كورد کاری کردووە، ھەروەھا لەگەڵ ھەلبژاردەی کوردستان لە شاری ھەولێر ناسناوی کۆنیفای بردۆتەوە و چەندین ناسناوی لەگەڵ یانەکانیش بەدەستھێناوە.

ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم

دوایین وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری دێرینی شاری هه‌ولێر له‌ كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌ی. هه‌ولێر 14 ئه‌یلوولی 2017
دوایین وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری دێرینی شاری هه‌ولێر له‌ كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌ی. هه‌ولێر 14 ئه‌یلوولی 2017