دوای نیوەڕۆ بڕازیل و ژاپۆن لە یارییەکی دۆستانە بەیەک دەگەن

تیتی پێکهاتەی سەرەکی بڕازیلی بۆ یارییەکە ئاشکراکرد

K24- هەولێر

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 15:00 بە کاتی هەولێر لە یارییەکی دۆستانەدا، ژاپۆن و بڕازیل رووبەڕوو دەبنەوە و ئامادەکاریی بۆ مۆندیالی 2018 دەکەن.
پێش ئەم یارییە هەردوو هەڵبژاردە کە هەرزوو سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2018 مسۆگەرکرد، دوایین راهێنان و ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کرد، کە یارییەکە لە لیل لە یاریگەی مێترۆپۆلۆ لە فڕەنسا بەڕێوە دەچێت.
پێش ئەم یارییە تیتی، راهێنەری بڕازیل پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەی بۆ رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی ئاشکراکردووە و وابڕیارە ئەلیسۆن گۆڵپارێز بێت و لە هێلی بەرگری هەریەکە لە دانیلۆ و تیاگۆ سێلڤا و جیمرسۆن و مارسیلۆ یاریی بکەن، لە هێلی ناوەڕاستیش، کاسیمێرۆ و فێرناندینهۆ و جولیانۆ یاریی دەکەن و نێیمار و خیسۆس و ویلیانیش لە هێلی هێرشبردن رووبەڕووی ژاپۆن دەبنەوە.
بڕازیل دوای یارییەکەی ئەمڕۆی شەوی سێشەممە کاتژمێر 23:00 لە یارییەکی دیکەی دۆستانە و ئامادەکاریدا دەبێتە میوانی ئینگڵاند.