کوردێک لە یاریی هونەرییە جەنگییەکاندا گەیشتووەتە ئاستی حەبیب و مەکگریگۆر

لەگەڵ حەبیب لە یەک تیپ یاریی دەکەن و دەڵێت بەمزووانە رووبەڕووی کۆنۆر مەکگریگۆر دەبمەوە و لێشی دەبەمەوە
kurdistan24.net

مەریوان کاروان سەعید لە بەریتانیا بە پڵنگە رەشەکە ناسراوە و یەکێکە لە بەناوبانگترین یاریزانەکانی یارییە هونەرییە جەنگییەکانی بەریتانیا و گەیشتووەتە ئاستی حەبیب و مەکگریگۆر.

مەریوان کە بە ماریۆ ناسراوە، توانیویەتی وەکو یەکەم کورد بگاتە ئەو ئاستەی بەشداریی لە پاڵەوانێتییە جۆراو جۆرەکانی (ئێم ئێم ئەی) بکات و تاکو ئێستا زیاتر لە 100 یاریی لە ژێر سەرپەرشتی ئێم ئێم ئەی ئەنجام داوە.

ماریۆ لەکاتی ئامادەبوونی لە ئەمڕۆی وەرزشی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو لەگەڵ حەبیب نورمحەمەدۆڤی یاریزانی بەنابوانگی رووسی لە یەک تیپ یاریی دەکەن و بەمزووانەش رووبەڕووی کۆنۆر مەکگریگۆر دەبێتەوە و بەڵێنی دا لەو یاریزانە ئێرلەندییە بباتەوە، کە بە گوتەی خۆی پێشتر لەگەڵ هەردووکیان راهێنانی کردووە.

ماریۆ 18 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت، 10 ساڵە خەریکی یارییە هونەرییە جەنگییەکانە و پێنج ساڵە وەکو یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکات.

ماریۆ ئێستا لە یارییە هونەرییە جەنەگییەکان بووەتە یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ و خاوەنی هەواداری خۆیەتی، ماریۆ تاکو ئێستا پێنج پشتێنی زێڕینی لەسەر ئاستی بەریتانیا و ئەوروپا و جیهان بەدەستهێناوە و لەگەڵ هەر بردنەوەیەکی ئەو کوڕە سلێمانییە ئاڵای کوردستان بەرز دەکاتەوە و هەمیشە ئاڵای کوردستان لەگەڵ خۆی دەباتە سەر هەموو حەلەبەیەک.

پڵنگە رەشەکە بەشداریی چەندان پاڵەوانێتی بۆکسێن و موای تای و رەسلێن کردووە، تاکو ئێستاش زیاتر لە پەنجا یاریی گراپلینی ئەنجام داوە و لە 45 یارییاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و پشتێنێکی ناگاشی بەدەستهێناوە.

مەریوان لە دەیان یاریی کەی وەن، ئێم ئێم ئەی، بی جەی جەی و رێسلینگ یاریی کردووە و دەیەوێت لە یارییە هونەرییە جەنگییەکاندا ببێتە ئەستێرەیەکی جیهانی.