بارسێلۆنا دوای یارییه‌كه‌ی سێلتا ڤیگۆ ریكۆردێكی گه‌وره‌ی تۆمار كرد
له گه‌ڕی 33ـه‌می لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا دیسان نه‌یتوانی له یاریگه‌ی بالایدۆسی تایبه‌ت به یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات و 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ربوون.
ڤاڵڤێردی بۆ یه‌كه‌مجاربوو له‌م وه‌رزه به پێكهاته‌یه‌كی زۆرینه‌ی یاریزانی یه‌ده‌گ رووبه‌ڕووی یانه‌ی سێلتا ڤیگۆ بووه‌وه.
له خوله‌كی 36 عوسمان دێمبلی گۆڵی پێشكه‌وتنی بارسای تۆمار كرد و یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی له لالیگا كرد.
پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان له خوله‌كی 45 فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدات، جۆنی كاسترۆ ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ سێلتا ڤیگۆ یه‌كسان كرده‌وه.
له گێمی دووه‌م دوای تێپه‌ڕبوونی 4 خوله‌ك له هاتنه ناوه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی بارسا له رێگه‌ی پاكۆ ئالكاسێر گۆڵی پێشكه‌وتنی كرده‌وه.
له خوله‌كی 71 سێرجی رۆبێرتۆ به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێگری له هه‌وڵێكی ئیاگۆ ئاسپاس كرد راسته‌وخۆ به كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه.
دواتر له خوله‌كی 82 ئاسپاس ئه‌مجاره‌یان هه‌وڵه‌كه‌ی سه‌ریگرت و ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی سێلتا یه‌كسان كرده‌وه.
دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كه، پێگه‌ی فه‌رمی لالیگا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارسێلۆنا له‌م وه‌رزه به 25 سه‌ركه‌وتن و 8 به‌رامبه‌ربوون و (سفر شكست) بووه یه‌كه‌م یانه له مێژووی لالیگا توانێت تا گه‌ڕی 33ـی لالیگا ئه‌م ده‌ستكه‌وته به‌ده‌ستبهێنێت.
جیا له‌وه‌ش بارسێلۆنا 40 یارییه له‌سه‌ریه‌ك له وه‌رزی رابردووه‌وه تا ئێستا نه‌دۆڕاوه و ریكۆردی ریال سوسیدادی شكاند كه پێشتر 38 یاری له‌سه‌ریه‌ك نه‌دۆڕابوو.