رۆژنامه‌یه‌ك: كۆتینهۆ رووده‌كاته مانچێسته‌ر یونایتد
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی، فلیپی كۆتینهۆی به‌رازیلی ده‌یه‌وێت له گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی داهاتوو له بارسێلۆنا بڕوات.
رۆژنامه‌ی میره‌ری بریتانیا، له چاپی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 13 جه‌نیوه‌ری 2019، راپۆرتێكی له باره‌ی چاره‌نووسی كۆتینهۆ بڵاو كرده‌وه كه ئێستا له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بارسێلۆنا دوورخراوه‌ته‌وه.
كۆتینهۆ له زستانه‌ی رابردوو له لوتكه‌ی ئاستی خۆی له یانه‌ی لیڤه‌رپووله‌وه بۆ بارسێلۆنا گواسترایه‌وه، به‌ڵام تا دێت ئاستی ئه‌م یاریزانه به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌ڕوات، به‌مهۆیه‌وه ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا 4 یارییه له‌سه‌ریه‌ك كۆتینهۆی له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ داناوه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، بارسێلۆنا له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار بیر له‌وه ده‌كاته‌وه هاوینی داهاتوو كۆتینهۆ بفرۆشێت.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، مانچێسته‌ر یونایتد دیارترین یانه‌یه كه گرینگی به گواستنه‌وه‌ی فلیپی كۆتینهۆ ده‌دات، له‌م پێناوه‌یشدا ئیداره‌ی یانه‌ی شه‌یتانه سووره‌كان گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی كۆتینهۆ كردووه، ئه‌ستێره به‌رازیلییه‌كه‌ش ره‌زامه‌ندی خۆی ده‌ربڕیوه.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه كۆتینهۆ له دۆخی ئێستای له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه ناڕازییه و پێیوایه به مانه‌وه‌ی له بارسێلۆنا زۆرێك له خه‌ونه‌كانی له گۆڕ ده‌نرێت.