ڤاڵڤێردی له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید قسه‌ی خۆی كرد
ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له باره‌ی كلاسیكۆ به‌شداری پرێس كۆنفرانسێكی كرد و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سبه‌ی له كلاسیكۆ باشترین ریال مه‌دریدی ئه‌م وه‌رزه ده‌بینن، ده‌شڵێت: هێشتا مێسیم له راهێنانه‌كان نه‌بینیوه و چاوه‌ڕوانین بزانین چاره‌نووسی ئه‌و یاریزانه له كلاسیكۆ به كوێ ده‌گات.
ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری بارسێلۆنا ده‌ڵێت: ریال مه‌درید تێپێكی مه‌زنه و ئه‌زموونێكی گه‌وره‌یان له‌م جۆره رووبه‌ڕبوونه‌وانه هه‌یه و دڵنیام سبه‌ی له كامپ نوو باشترین ریال مه‌دریدی ئه‌م وه‌رزه ده‌بینن، چونكه ئه‌وان هاوشێوه‌ی ئێمه حه‌زێكی گه‌وره‌یان بۆ بردنه‌وه هه‌یه.
له باره‌ی مێسی، راهێنه‌ری بارسا گوتی: به مێسی و به‌بێ مێسیش ئێمه بۆ بردنه‌وه ده‌چینه كامپ نوو، راسته هه‌بوونی مێسی كاریگه‌ری باشی بۆ تیپه‌كه ده‌بێت، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری به‌شدارینه‌كردنی یاریزانمان هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: ناتوانم بڕیار له باره‌ی به‌شداریكردنی مێسی و دێمبلی بده‌م، پزیشكه‌كان بڕیاری كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده دێمبلی دوێنێ به‌شداری راهێنانه‌كانی كرد و دواتر راهێنانی تر ده‌كه‌ین و ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: هه‌ر یاریزانێكم به ڕێژه‌ی 100% ئاماده نه‌بێت له كلاسیكۆ به‌شداری پێ ناكه‌م، چونكه نامه‌وێت سه‌ركێشی و مه‌ترسی بۆ سه‌ر هیچ یاریزانێك دروست بكه‌م.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: لویس سوارێز بۆ یارییه‌كه ئاماده‌یه، ئه‌گه‌ر مێسیش به‌شداری یارییه‌كه بكات هیچ كێشه‌یه‌كمان له هێڵی پێشه‌وه نابێت و ده‌بینه خاوه‌نی سێكوچكه‌یه‌كی باش بۆ یاری كلاسیكۆ.
له باره‌ی نیگه‌رانی ریال مه‌درید له خشته‌ی یارییه‌كان، ڤاڵڤێردی گوتی: ئه‌مه ته‌نیا كێشه‌ی ریال مه‌درید نییه، هه‌موومان ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه، چونكه ئێمه‌ش هاوشێوه‌ی ریال مه‌درید ململانێ له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان ده‌كه‌ین.
راهێنه‌ری بارسا ده‌شڵێت: تیپه‌كه‌مان له باشترین دۆخدایه و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید ئاماده‌یه، له به‌رامبه‌ردا ریال مه‌دریدیش له دۆخێكی باشدایه، بۆیه پێشبینی یارییه‌كی به‌هێز ده‌كرێت و شتێكی بێ مانا و هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر پێشبینی بۆ ئه‌نجامی ئه‌و یارییه بكرێت.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: كۆتینهۆ یاریزانێكی جۆكه‌ره و ده‌توانێت له زۆر شوێنی یاریگه یاری بكات، ئارسه‌ریش یاریزانێكی گه‌وره‌یه و بۆ شێوازی یاریكردنی بارسێلۆنا زۆر گونجاوه و ده‌توانن یارمه‌تی تیپه‌كه بده‌ن.
راهێنه‌ری بارسێلۆنا له وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌نووساندا سه‌رسامی خۆی به ئاستی ڤینسیۆس جۆنیۆری یاریزانی ریال مه‌درید ده‌ربڕی و گوتی: یاریزانێكی خێرایه و خاوه‌نی جووڵانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رزه و ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات و له نێو یاریگه مه‌ترسیداره و بۆ سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه.
بڕیاره سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و، له یاری چوونی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا له كامپ نوو بارسێلۆنا و ریال مه‌درید رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه.