پێکانەکەی مێسی لەوە مەترسیدارترە کە چاوەڕێ دەکرا

مێسی تاکو مانگێکی دیکەش ناتوانێت یاریی بکاتەوە

پێکانەکەی لیۆنێل مێسی لەوە گەورەترە کە چاوەڕێ دەکرا، بەلایەنی کەم مانگێکی پێویستە تاکو دووبارە دەست بە یاریکردن بکاتەوە.

گەرچی یانەی بارسێلۆنا بەفەرمی رایگەیاندووە مێسی بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر سێڤییا سەرەتای ئەم هەفتەیە تووشی بوو، بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریکردن دوور دەکەوێتەوە، بەڵام رۆژنامەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە پێکانەکەی لیۆ لەوە زۆر مەترسیدارترە کە سەرەتا دەزانرا.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا ئاشکرایکردووە، پێکانەکەی مێسی لەوە مەترسیدارترە کە چاوەڕێ دەکرا، رۆژنامەکە رایگەیاندووە مێسی بەلایەنی کەمەوە مانگێکی پێویستە تاکو دووبارە دەست بە یاریکردن بکاتەوە، کە لیۆ لە یاریی بەرامبەر سێڤییا قۆڵی شکا.

مێسی بەهۆی پێکانەکەی ناتوانێت لە کلاسیکۆ یاریی بکات، لە یاریی چوون و گەڕانەوەش بەرامبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنزلیگ ئامادە نابێت، بەڵام رۆژنامەی سپۆرت پێشبینی کردووە لیۆ رۆژی 24ی مانگی داهاتوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بتوانێت دەست بە یاریکردن بکاتەوە.

لەوەتەی مێسی پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کردووە، 19 جار تووشی پێکان بووە و بەمهۆیەوە لە 88 یاریی بلاوگرانا دابڕاوە، بارسێلۆنا بەبێ مێسی 15 یاریی دۆڕاوە و 17 بەرامبەربوون و 56 بردنەوەی بەدەستهێناوە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی