بایرن میونشن بەفەرمی لەبارەی ویستی بۆ کڕینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ روونکردنەوە دەدات

کارل هاینز رۆمێنیگێ قسەی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی کردووە

K24- هەولێر

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەفەرمی روونکردنەوەی لەبارەی ویستی بۆ کڕینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەدات.

دوای ئەوەی رۆژنامەکانی پۆرتوگاڵ و مەدرید ئاشکرایانکرد، رۆناڵدۆ بڕیاری داوە ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، راستەوخۆ باسی ئەو یانەیە کرا کە لە داهاتوودا دۆن رووی لێ دەکات، لە پاڵ پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و مانچێستەر یونایتد و چێڵسی ئینگلیزی ناوی بایرن میونشنیش دەهات.

کارل هاینز رۆمێنیگێ، بەڕێوەبەری گشتی بایرن لە لێدوانێکی لەبارەی ئەم دەنگۆیەوە دەڵێت 'رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئەم هەواڵەی بڵاوکردووتەوە، بەڵام ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و ئێمە هیچ نیازێکمان نییە بۆ کڕینی رۆناڵدۆ، هەمیشە ئێمە قسە لەبارەی دەنگۆیەکان ناکەین، بەڵام ئەم دەنگۆیە تایبەت و جیاوازە، بۆیە ویستمان روونکردنەوە بدەین'.

لێدوانێ رۆمێنیگێ لە تویتێکی هەژماری فەرمی بایرن میونشنی ئەڵمانی
لێدوانێ رۆمێنیگێ لە تویتێکی هەژماری فەرمی بایرن میونشنی ئەڵمانی