ئەمڕۆ هەولێر لە یاریگەی خۆی یاریی هەیە

لە جامی عێراق میوانداریی قەڵعە ساڵح دەکات

ئەمڕۆ ئێوارە یانەی هەولێر لە یاریی چوونی قۆناخی 32ی جامی عێراق، لە یاریگەی خۆی میوانداریی قەڵعە ساڵح دەکات.
کاتژمێر پێنجی ئێوارە هەولێر لە یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی جامی عێراقدا، لە یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری میوانداریی قەڵعە ساڵح دەکات، کە ئەو یانەیە یانەیەکی پلە یەکی عێراقییە و لە خلوی یانە پلە یەکەکان بەشدارە.گەرچی بەهۆی هەفتەی فیفاوە یارییەکانی خولی نایابی عێراق بۆ ماوەی ١٢ رۆژ دەوەستن، بەڵام یارییەکانی جامی عێراق بەڕێوە دەچن و هەولێر دوای ئەوەی لە چورا گەڕی خولەکە پێنج خاڵی بەدەستهێنا و لە پلەی نۆیەم دێت، دەیەوێت لە یاریی یەکەمەوە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر بکات.
جیاواز لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق، بلیتەکانی ئەم یارییە بەخۆڕایی دەبن و پەیجی کوردستان24 سپۆرتیش وەکو هەمیشە ئەو یارییە راستەوخۆ دەگوازێتەوە.