تایبەت بە کوردستان24، فازڵ عەباس دەستی لە راهێنەرایەتی برایەتی کێشایەوە

لەم وەرزە دووەم راهێنەرە دەست لە راهێنەرایەتی برایەتی بکێشێتەوە

فازڵ عەباس بەفەرمی دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی برایەتی کێشایەوە.
فازڵ عەباس لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی برایەتی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو ناتوانێت لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەی برایەتی بەردەوام بێت و پێی باشە واز لە ئەرکەکەی بهێنێت.
فازڵ عەباس دوای دەستلەکارکێشانەوەی یوسف کاکێ دووەم راهێنەرە لەم وەرزە دەست لە راهێنەرایەتی برایەتی بکێشێتەوە، کە لە چوار یاریی شەش خاڵی بۆ یانەکە بەدەستهێنا و ئێستا برایەتی بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی سێزدەمی ریزبەندی دێت و لە دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان نزیکە.
بەهۆی شەڕ و ئاژاوەکانی یاریی نێوان هەندرێن و برایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوێنێ بڕیاری دا برایەتی دوو یاریی دیکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام بدات، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو برایەتی لە شەقڵاوە بە گۆڵێک لەگەڵ گازی باکوور یەکسانبوو.