راهێنه‌ری لیڤانتی: هه‌موو هه‌وڵێكم دا، به‌ڵام نه‌مانتوانی به‌رامبه‌ر مێسی هیچ بكه‌م

راهێنه‌ری لیڤانتی دوای یارییه‌كه‌ چی به‌ مێسی گوت؟

راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤانتی دوای شكسته‌ گه‌وره‌كه‌یان به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا رایگه‌یاند كه‌ هه‌ست به‌ دڵته‌نگی ناكه‌ن، چونكه‌ به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌ و قاچی ئه‌فسانه‌یی یارییه‌كه‌یان دۆڕاندووه‌، ده‌شڵێت: نایشارمه‌وه‌ به‌رامبه‌ر مێسی هیچم پێ نه‌كرا.

فرانچیسكۆ خۆزێ لۆپێز راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤانتی له‌ پرێس كۆنفراسێك له‌ باره‌ی دۆڕانه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ شانازی به‌ یاریزانه‌كانی ده‌كات، ده‌شڵێت: راسته‌ یارییه‌كه‌مان دۆڕاند، به‌ڵام ئاستێكی به‌رزمان پێشكه‌ش كرد.

لۆپێز گوتیشی: دوای ئه‌وه‌ی به‌ 2 گۆڵ دواكه‌وتین ئێمه‌ ده‌رفه‌تی زۆرمان بۆ یه‌كسانكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ بۆ ره‌خسار و ئاستێكی باشمان پێشكه‌ش كرد و هێرشی زۆرمان برد، به‌ڵام كاتێك یانه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا هه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت به‌ قورسی باجه‌كه‌ی ده‌دات.

راهێنه‌ری لیڤانتی ده‌شڵێت: نابێت دڵته‌نگ بین، چونكه‌ هه‌ر تیپێك به‌رامبه‌ر تیپێكی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌ یاری بكات شكست چاوه‌رێی ده‌كات.

لۆپێز ده‌شڵێت: دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕاینه‌وه‌ ژووری جلگۆڕین هه‌ستمان به‌ نیگه‌رانی نه‌كرد، چونكه‌ تیپی به‌رامبه‌رمان به‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ و قاچی ئه‌فسانه‌یی له‌ ئێمه‌یان برده‌وه‌.

راهێنه‌ری لیڤانتی گوتیشی: راستییه‌كه‌ی ئێمه‌ نه‌مانده‌زانی به‌رامبه‌ر مێسی چی بكه‌ین، چونكه‌ رووبه‌ڕووی باشترین یاریزانی جیهان وه‌ستابووین، باشترین یاریزانی مێژوو به‌ره‌نگاری ئێمه‌ بووه‌وه‌، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تریش چێژمان له‌ قاچی مێسی بینی.

كاتێك تۆپ ده‌كه‌وێته‌ ژێر قاچی مێسی ده‌بێت چاوه‌ڕوانی هه‌موو رووداوێك بكه‌یت، ئه‌وه‌ی مێسی له‌م یارییه‌ نماییشی كرد بۆمن شتێكی سه‌یر نه‌بوو، ئه‌و جیاوازه‌ له‌ هه‌مووان، لیۆ توانای هه‌یه‌ هه‌موو شتێكی مه‌حاڵ بكات، به‌چاوی خۆشمان بینیمان لیۆ چی كرد، مێسی هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه‌ له‌ یاریزانه‌كانی تردا نییه‌.

له‌ گه‌ڕی شازده‌یه‌می لالیگا، لیڤانتی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌ 5 گۆڵی بێوه‌ڵام به‌ یانه‌ی بارسێلۆنا دۆڕا، له‌و یارییه‌دا لیۆنێل مێسی هاتریكی تۆمار كرد.