زوڵمه‌ مێسی له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌یری یاری نەواف عابد و سەهلاوی و ئەلشەمرانی له‌ مۆندیال بكات

مۆندیالی ئه‌مجاره‌ بۆ عه‌ره‌به‌كان به‌خێر ده‌بێت

 لە چاوەڕوانی گەورەترین کەرنەڤاڵی وەرزشی مۆندیال هەڵبژاردەکان، ئەو پاڵەوانەتیەی هەوادارانی وەرزش چوار ساڵ جارێک بەتامەزرۆیەوە بەدیار یاریەکانی جۆش دەکەن، ئاشکرایە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو لەڕووسیا مۆندیالی ئەمجارەیان دێتە ئەنجامدان ڕۆژ دوای ڕۆژیش 32 کورسیەکەی مۆندیال پڕ دەبنەوە.

 کەمی ماوە ناسنامەی هەموو هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بزانین، لەسەرجەم کیشوەرەکانی جیهان ئەو 32 کورسیانە پڕ دەکرێنەوە کیشوەری ئەوروپاش پشکی شێری بەرکەوتووە.

ئەوەی سەرنجمە مۆندیالی داهاتوو پێدەچێت ڕێژەیەکی باش لەهەڵبژاردە عەرەبەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە لەئێستەدا میسر و سعوودیە بەفەرمی بەشدار ئەبن، ئەگەر زۆرە هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و توونس لە کیشوەری ئەفریقیا سووریا لە کیشوەری ئاسیا 3 کورسی تر قۆرخ بکەن، لەبەرامبەربدا هەڵبژاردەی ئارجێنتینا هەڵگری دوو ناسناوی تانگۆی خاوەن مێژوویەکی گەورە و لانکەی ماڕادۆنا و باتستۆتا و ڕیکێلمی و چه‌ندانی دیكه‌.

 لەڕابردوودا مێسی ئەفسانەی تۆپی پێ و دیماریا و ئه‌گوێرۆ و ئیکاردی و دیبالا و ماسکیڕانۆ لەئێستادا لەسەر لێواری مەرگە بۆ گەشتن بەو پاڵەوانەتیە جیهانیە، جیا لەوەش بێبەشبوونی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کە 3 جار لایەنێکی یاری کۆتایی بووە، هەموو ئەگەرێکیش کراوەیە ڕەنگە کریستیانۆ و بەیڵ و مۆدریچ و چەند ئەستێرەیەکی دیکەی ناسراوی جیهان نەبینین.

 هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش چارەنووسی هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، گومانی تێدا نییە هەوادارانی وەرزشی دەیانەوێت ئەو ئەستێرانە ببینن نەوەک عیسام حەزەری و محەمەد سەڵاح و نەواف عابد و مەهدی بن عەتیە و محەمەد سەهلاوی و ناسڕ ئەلشەمرانی.

 ئاشکرایە دوور و نزیک گەیشتنی عەرەبەکان و نەگەیشتنی گەورەکان هیچ پەیوەندی بەیەکەوە نییە، بەڵام لێرەدا باسی پاڵەوانەتیەکی گەوره دەکەین کە چاوەڕێی چێژی زۆری لێدەکرێت.

گومان لە گەورەیی سعوودیە ناکرێت، به‌وپێیه‌ی سعوودیە تاکە هەڵبژاردەیە لە ئاسیا زۆرترین بەشداری کردنی لە مۆندیال هەبووە، واتە لەپێش ئوسترالیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئەوانە دێت.

گومان لە گەورەیی میسڕ و تونس و ئەوانەش نییە، بەڵام ئەو هەڵبژاردە عەرەبیانە زوو چاوتێر دەبن بەبەراورد لەگەڵ گەورە هەڵبژاردەیەکی وەکو تانگۆ  كه‌دەیەوێت بگاتە مۆندیال و ململانێش له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی سێیه‌م نازناوی جامی جیهانی به‌ سه‌ركردایه‌تی مێسی بكات، لەبەرامبەردا تاکە هیوای هەریەک لەو عەرەبانە تەنها گەیشتن بەمۆندیالە و تابڵێن میسر لە مۆندیالە یان سعوودیە لە مۆندیاله‌، هەر لە ئێستەوەش بۆخۆیان داناوە کە زۆربەیان لە قۆناغی 32 ماڵئاوایی دەکەن و لای خۆیان گەورە وەری ئەگرن تا مێژوو ماوە دەینووسنەوە دەڵێن ساڵی 2018 بەشداری مۆندیالمان کرد.

 بەگوێرەی ئەم بەراوردانە خۆتان دادوەر بن بزانن چێژی پاڵەوانەتیەکە بەکوێ دەگات گەر هاتوو مێسی کە یەکێکە لەئەفسانەکانی تۆپی پێ لەماڵەوە سەیری نەواف عابد بکات نمایشی ئیفلیج بکات ناو یاریگا و هەڵبژاردەکەشی چوار گۆڵ لەدواوە بێت !. وەکو گووتم مافی خۆیانە بەشدار بن بەڵام ئەوەشتان لەبیر بێت چاوەڕێی چێژ مەکەن لەو مۆندیالە ئەگەر هاتوو مێسی و ڕۆناڵدۆ و مۆدریچ و بەیڵ و..... تد یمان نەبینین و لەبری ئەوان سەڵاح و حەزەری و عابد و سەهلاویمان بینی ، دوواتر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو تائێستە هەڵبژاردە عەرەبیەکان هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە شیاوی باسکردن بێت ،نموونەیەکی زەق کڵۆزەی ئەڵمانی بەهۆی سعوودیەوە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە .

 

نوسینی: سه‌ردار جه‌بار