"بارسێلۆنا شوێنگره‌وه‌ی ئه‌ندرێس ئینیێستای دۆزییه‌وه‌"

ڤاڵڤێردی له‌ نێوان چه‌ندان ئه‌ستێره‌ ئه‌م یاریزانه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌

مێدیاكانی ئیتاڵیا بڵاویانكردۆته‌وه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا به‌خێرایی به‌دوای شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئینیێستا ده‌گه‌ڕێت و یاریزانێكی لازیۆی كردووه‌ته‌ به‌ربژێری یه‌كه‌م.

رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشكرایكردووه‌ بارسێلۆنا نایه‌وێت كات به‌ فیرۆ بدات و چه‌ند یاریزانێكیان بۆ شوێنگره‌وه‌ی ئینیێستا به‌ربژێر كردووه‌ و له‌سه‌روویانه‌وه‌ لویس ئالبێرتۆی ناوةڕاستكاری لازیۆی ئیتاڵیا و پێشووی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزیه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ ڤالڤێردی راهێنه‌ری بلاوگرانا سه‌رسامه‌ به‌ تواناكانی لویس ئالبێرتۆی هاونیشتمانی و داوای له‌ یانه‌كه‌ی كردووه‌ بیگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ لازیۆ ئاماده‌ نییه‌ به‌ كه‌متر له‌ 40 ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری لویس ئالبێرتۆ ببێت.

لویز ئالبێرتۆ له‌ هاوینی 2016 له‌ یانه‌ی لیڤه‌رپووله‌وه‌ به‌ بڕی 4 ملیۆن پاوه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ لازیۆ كرد، له‌گه‌ڵ یانه‌ ئیتاڵیاییه‌كه‌ به‌شداری 54 یاریكردووه‌ و 11 گۆڵ و 20 ئاسیستی هه‌بووه‌، پێشتریش 38 یاری له‌گه‌ڵ تیپی دووه‌می بارسا كردووه‌ و 11 گۆڵ و 18 ئه‌سیستی كردووه‌.

لویز ئالبێرتۆ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای یانه‌ی لازیۆ
لویز ئالبێرتۆ یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای یانه‌ی لازیۆ