به‌ناوبانگترین یاریزانی ماتادۆری ئیسپانی له‌كاتی یاریكردندا گیانی له‌ده‌ستدا

به‌ ڤیدیۆ.. له‌لایه‌ن گایه‌كی برینداره‌وه‌ له‌كاتی زۆرانبازی لێی ده‌درێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئیڤان فاندینۆ یه‌كێك بوو له‌ به‌ناوبانگترین زۆرانبازه‌كانی گا له‌ ئیسپانیا كه‌ وه‌رزشێكی كولتووری ئه‌و وڵاته‌یه‌ و به‌ ماتادۆر ناسراوه‌، له‌ دوایین نمایشی خۆیدا له‌ باشووری فه‌ره‌نسا، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر قۆچی گایه‌كه‌ و بریندار ده‌بێت.

فاندینۆ له‌ سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن هاورێكانییه‌وه‌ هاوكاری ده‌كرێت و ده‌برێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانی زۆرانبازییه‌كه‌ و ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌، دواتریش به‌ هۆی برینكه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئیڤان فاندینۆی 36 ساڵ، دووه‌م زۆرانبازی ئیسپانییه‌ له‌ یاری ماتادۆر ده‌مرێت له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا، پێشتریش ڤیكتۆر باریۆ هاوشێوه‌ی فاندینۆ كه‌وته‌ به‌ر هێرشی قۆچی گایه‌كی بریندار و گیانی له‌ده‌ستدا.

ماتادۆر وه‌رزشێكی كولتووری ئیسپانییه‌ و ئه‌و زۆرانبازییه‌ بووه‌ته‌ هۆی راكێشانی گه‌شتیارێكی زۆر بۆ ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌كانی دۆستی ئاژه‌ڵان له‌ ئه‌وروپا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو زۆرانبازێكان به‌ مردنی گایه‌ك یان زیاتر كۆتایی دێت.